کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندار بوون و دەسبەسەرکرانی چوار کۆڵبەر لە سنووری بانە

15:19 - 30 جۆزەردان 2722

کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم پێکرا و سێ کۆڵبەری دیکە لە هەمان سنوور درانە بەر لێدان و دەسبەسەر کران. شەوی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆڵبەرێک بە ناوی "کیانووش لوتفی" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی فیرووز خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری ئەو شارە پێکرا. هەروەها سێ کۆڵبەری لاوی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی "پارسا ئیبراهیمی" ١٦ ساڵە، "عەبدوڵڵا حەقانی" و "عەتا محەممەدی" ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری لە سنووری "هەنگەژاڵی" بانە لەلایەن هێزەکانی هەنگی سنووری دراونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەدان و پاشان دەسبەسەر کراون. هێزەکانی ڕێژیم لەو سنوورە ئەم سێ کۆڵبەرەیان بە سەختی ئەشکەنجە کردووە و دوای لێدان و سووکایەتی پێکردنێکی زۆر، دەسبەسەریان کردوون. جێگای ئاماژەیە کە ئەم سێ کۆڵبەرە دوای دەسبەسەرکران بۆ یەکێک لە دەسبەسەرگەکانی شاری بانە گوازراونەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە.