کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی دامەزراوی نەشتەرگەریی ئێران، داوا لە ڕەئیسی دەکا کە پێش لە جێبەجێکردنی بڕینەوەی قامکی بەندکراوان بگرێ

15:24 - 30 جۆزەردان 2722

ئیرەج فازڵ، بەرپرسی دامەزراوەی نەشتەرگەریی ئێران، لە نامەیەکدا ڕووبە ئیبراهیم ڕەئیسی، داوای کردووە کە پێش لە جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی قامکی دەستی بەندکراوان بگرێ. ئیرەج فازڵ، بەرپرسی دامەزراوەی نەشتەرگەریی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە نامەیەکدا ڕووبە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران وهەروەها دەزگای قەزایی ڕێژیم نووسی: جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی قامکەکانی دەستی بەندکراوان، کاردانەوەیەکی توندی دەروونی لەسەر بەندکراوان دەبێ و جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەبێتە هۆکارێک بۆ دەربڕینی ڕەق و بێزاریی وڵاتانی جیهان لەسەر ئێران و دەبێ بە خێراترین کات جێبەجێکردنی ئەو سزاگەلە ڕابوەستێ. هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە راپۆرتێکدا وێڕای هوشداری دووبارەی سەبارەت بە بڕینەوەی قامکی دەستی هەشت بەندکراو لە بەندیخانەی تاران، ڕایگەیاند لانیکەم هەشت بەندکراو مەترسیی بڕینەوەی قامکی دەستیان لە سەرە کە لەو هەشت کەسە سێ کەسیان لە ئەنجامی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا و لە دادگاییکردنی ناداداپەروەرانەدا ئەو حوکمەیان بە سەردا سەپێندراوە. لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە "ئارەش سادقی" چالاکی مەدەنی لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو کە حوکمی بڕینەوەی قامکی دەستی ئەو بەندکراوانە ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردان لە زیندانی "ئێڤین"، بەهۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ مەئموورانی زیندان وەدوا کەوتووە.