کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ڕێژیم لە ورمێ

14:17 - 31 جۆزەردان 2722

سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی،لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی ، بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی فیرووز مووسالوو خەڵکی "کۆتۆل" سەر بە پارێزگای ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەی نهێنی سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کرا. فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، دوای وەرگرتنی ئەمان نامە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئێران کرد . ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە و ئەمڕۆ بە تۆمەتی موحاربە سزای سێدارەدانی جێبەجێ کرا.