کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران بە دامەزراندنی سانتریفیوژە پێشکەوتووەکانی لە فۆردۆ ئامادەی پیتاندنی ئۆرانیۆمە

15:37 - 31 جۆزەردان 2722

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران لە "فۆردۆ" بە دامەزراندنی سانتریفوژە پێشکەوتووەکانی خۆی، ئامادەیە بۆ ئەوەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی زۆرتر بەرهەم بهێنێ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕووبە ئەندامەکانی خۆی ڕایگەیاند کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران تاڤگەیەکی نوێ لە سانتریفیوژە پێشکەوتووەکانی "ئای‌ئاڕ٦"ـی تایبەت بە پیتاندنی ئۆرانیۆمی زۆرتر لە دامەزراوە ناوکییەکانی ژێرزەویی "فۆردۆ"ـی دامەزراندووە و ئەوەش هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران ڕووبە کۆمەڵگەی جیهانی جیددیتر دەکاتەوە و پێویستە هەموو لایەک ئاگاداری سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی بن. لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە‌دا هاتووە کە، ڕێژیمی ئێران قۆناغی پێش دەسپێکی پیتاندنی ئۆرانیۆمی دەست پێکردووە کە مادەی "یوو‌ ئێف٦"ـی تێدەکا بۆ ئەوەی زۆرتر و زووتر ئۆرانیۆمی پیتێندراو بەرهەم بێنێ و دیاریی‌شی نەکردووە کە ئەو سانتریفیوژەی کە دایمەزراندووە بڕیارە تا چ ئاستێک پیتاندن ئەنجام بدا و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیش لەو بارەوە چاوەڕێی ڕوونکردنەوەیە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لە دامەزراوە ناوکییەکان. جێی ئاماژەیە کە، هەر تاڤگەیەک ١٦٦ئامێری سانتریفیوژی "ئای ئار٦" لە خۆی‌دا دەگرێ و بەکارهێنانی ئەو سانتریفیوژانە کە بە زووترین کات بە شێوەیەکی ئاسان لە پیتاندنی ئۆرانیۆم ئاڵوگۆڕ دروست دەکا و ئەو کارەش یەکێک لە نیگەرانییانە بووە کە دیپلۆماتکارانی وڵاتانی عەرەبی پێشتر ئاماژەیان پێ کردبوو.