کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی چالاکییە ئاشکرا و نهێنییەکانی ئیسرائیل لە نێو خاکی ئێران

14:56 - 1 پووشپەڕ 2722

دوای هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل و گۆڕینی ستراتیژی ئیسرائیل بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە، ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین چالاکیی نهێنی لەنێو خاکی ئێراندا ئەنجامداوە. بەپێی ڕاپۆرتی "سی.ئێن.ئێن،" چەند بەرپرسی دەوڵەتی جەو بایدن و دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە دەزگای زانیاریی ئیسرائیل هێرشە نهێنییەکانی خۆی بۆ سەر ئامانجەکان و پسپۆرە ناوکییەکانی ئێران و چالاکییەکانی دیکەی لە ناوچەکە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاد کردووە و ئیسرائیل زۆربەی ئەو هێرشانەی بەشێوەی فەرمی ڕانەگەیاندووە و ئێران لە دژکردەوە بە پەرەپێدانی چالاکییەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتە، ڕێژەی هێزی پەدافەند و هەوافەزای خۆی زیاد کردووە. لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، "ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرنال" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەجێگای ئەوەیکە دەست و پێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە لە دەرەوەی وڵات و ناوچەکە بکاتە ئامانج، کۆمەڵێک لە زانا و پسپۆرانی ناوکیی، فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لە نێو خاکی ئێراندا دەکاتە ئامانج. پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزی ئێوان ئێران و ئیسرائیل لە کاتێدایە کە وتووێژەکان بۆ بووژانەوەی بەرجام چەند مانگە ڕاگیراوە و بە سەرنجدان بە پێشکەوتنی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیومی پیتێندراو، ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە کە نەهێڵێ ڕیژیمی ئێران دەستی بە بەرهە‌مهیێنانی کڵاوەی ناوکیی و مووشەکێک کە بتوانێ هەڵگری ئەو کڵاوەکە بێ بگات.