کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی چەندین کەس لە زاهێدان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

15:21 - 1 پووشپەڕ 2722

پاش ئەوەیکە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین کارناس و ئەندامی باڵای سپای پاسداران پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمەوە لە نێوخۆی ئێراندا کوژراون، ڕێژیمی ئێران دەیان کەسی لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەرکردووە کە بەشێکیان بەرپرسانی سپای پاسدارانن. مەهدی شەمس‌ئابادی، دادستانی گشتیی زاهیدان، ڕۆژی سیشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژەێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم، بە بێ ئەوەیکە ئاماژە بەناوی ئەو کەسانە بکا وتی: لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی بیرمەندان وکارناسانی بەرنامەی ناوکیی ئێران سێ کەسی سەر بەدەزگای زانیارییەکانی ئیسرائیل" مووساد"مان دەسبەسەر کردووە و لە ئێستادا لەژێر لێکۆلێنەوەدان. کاناڵی تێلێگرامیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە، یەکێ لەو کەسانە لە ڕێگەی خۆ نزیک‌کردنەوە لە بەرپرسانی ئیداریی ئێران هەوڵی داوە کە زانیارییە نهێنییە ناوکییەکان وەدەست بێنێ. جێگەی ئاماژەیە کە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای سپای پاسداران وپێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران لە نێوخۆی ئێران کوژراون و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەو کوشتنانەیان خستوەتە ئەستۆی ئیسرائیل و بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکەن و هەروەها لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل توانیویەتیی پیلانێکی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە تورکیە پووچەڵ بکاتەوە.