کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دایکبوونی منداڵێکی کورد لە بەندیخانەی ورمێ

15:28 - 1 پووشپەڕ 2722

سۆعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار کە زیاتر لە ٨ مانگە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە، منداڵەکەی لە بەندیخانە لەدایکبوو. ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەندیخانەی ورمێ ژنە بەندکراوێکی کورد بە ناوی سوعدا خەدیرزادە، خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر کرابوو لە بەندیخانەی ورمێ منداڵەکەی لە دایکبوو. ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەهەمبەر بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمارو پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا مرۆییەکانە. پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسیەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و دادوەری دەسبەسەر کردبوو. تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.