کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزە کردنی شاری سەقز لە ترسی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی خەڵک

15:35 - 1 پووشپەڕ 2722

ڕێژیم لە ترسی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایان، شاری سەقز و بەردەم فەرمانداریی ئەو شارەی پڕ کردووە لە هێزەی سەرکوتکەر. ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، چالاکانی مەدەنی شاری سەقز لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە خەڵکی ئەم شارە کرد کە بۆ پاڵپشتیی لە مامۆستایان لە بەردەم فەرمانداریی ئەم شارەدا کۆببنەوە. لەو بەیاننامەیەدا داوا لە خەڵک کرابوو کە ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە پێش فەرمانداریی سەقز لە شەقامی ئینقلاب کۆببینەوە و داوای ئازاد کردنی بێ مەرجی مامۆستاکانی شارەکەیان بکەن. هەروەها لەو ڕۆژەدا داوایان لە خەڵک و بازاریانی سەقز کردبوو کە بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایانی شارەکەیان دووکان و بازار داخەن و بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بەم کارە ناڕەوایە دەربڕن بەڵام ڕێژیم هەموو ڕێکارێکی سەرکوتی گرتۆتە بەر و هەڕەشەی لە خەڵک و بەتایبەت بازاڕییەکانی ئەو شارە کردووە.