کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری دەسبەسەر کراوان و حوکم‌دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی

15:41 - 1 پووشپەڕ 2722

لە ماوەی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، ٥٨ کەس لە چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ڕێژیم کراون. بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ٥٨کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ ڕێژیم، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەکان کراون کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە کە ٤٤ کەس لەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوانە مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. لەو پێوەندییەدا ٩ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی شنۆ و پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراون. لە مانگی جۆزەردان ٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لەسەر یەک حوکمی ١ساڵ و ٣مانگ و١٠رۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها بەندکراوی سیاسی کورد فیرووز مووسالوو کە پێشتر حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو ڕۆژی دووشەممە٣٠ جۆزەردان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادار بوونی پاڕێزەرەکەی و بنەماڵەکەی سزای لە سێدارەدانەکەی جێبەجێ کرا.