کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی میسر و عەرەبستان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران

19:57 - 1 پووشپەڕ 2722

وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و میسر، لە کۆبوونەوەیەک‌دا داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە زووترین کات کۆتایی بە هەنگاوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا بێنێ. ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، محەممەد بن سەلمان، پاشای عەرەبستانی سعوودی و عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆک‌کۆماری میسر، لە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی‌دا لە شاری "قاهیرە"ـی پێتەختی وڵاتی میسر، جەختیان لە سەر گرینگیی پێشگرتن بە ڕێژیمی ئێران لە بارەی چەکی ناوکییەوە کردەوە و داوایان کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زووترین کات لە ناوچەکە‌دا کۆتایی بە هەنگاوە تێکدەرانەکانی خۆی بهێنێ کە هەموو ناوچەکە بە هۆی بوونی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە ناسەقامگیرە و پڕ بووە لە کردەوەی تێرۆریستیی. بن سەلمان و ئەلسیسی، دوای کۆبوونەوەکەیان لە قاهیرە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانی خۆیان لە هەوڵەکانی نێونەتەوەیی بۆ پێشگرتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستپێڕاگەیشتنی چەکی ناوکیی ڕاگەیاند و داوای ئەوەشیان کرد کە نابێ لە ڕۆژهەڵاتی ناڕەڕاست‌دا چەکی کۆمەڵکوژ بوونی هەبێ و ئەو ناسەقامگیرییەش کە میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە هێناویانەتە ئاراوە دەبێ بە زووترین کات کۆتایی پێ بهێندرێ.