کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی توندی پارلمان و چالاکانی سیاسیی کانادا لە دەوڵەتی ئەو وڵاتە بە نیسبەت پێشوازیی لە ئێران

19:58 - 1 پووشپەڕ 2722

نوێنەرانی پارلمانی کانادا و چالاکانی سیاسی، لەهەمبەر پێشوازیی دەوڵەتی کانادا لە ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی توندیان گرت و باسیان لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد. ڕۆژی سیشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، گرووپی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی کۆمیتەی پارلمانی کانادا لە کۆبوونەوەیەک‌دا بە ئامادەبوونی چالاکانی سیاسی و مرۆیی، لەگەڵ ئەوەیکە پێداچوونەوەیان بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر مافی مرۆڤ و هەنگاوە جینایەتکارانەکانی کرد، ڕوو بە دەوڵەتی کانادا وتیان؛ بەڵگەکان دەیسەلمێنێ کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی مافەکانی مرۆڤە و بەردەوام کردەوەی جینایەتکارانە دەکا و نابێ دەوڵەتی کانادا پێشوازی لە کۆماری ئیسلامی بکا و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دروست بکا. عەلی ئێحساسی، نوێنەری پارلمانی کانادا، لەو کۆبوونەوەیەدا وتی: سپای تێرۆریستی پاسداران، بەرپرسە لە زۆربەی ئەو جیانەیەتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان داوە و هەروەها دەستی بە خوێنی خەڵکی ئێران سوورە، ئەوەیکە باس دەکرێ بە ئاشکرا کردووەیەتی بەڵام لە بەندیخانەکان‌دا بە دەیان جینایەتی لەوانە قێزەونتریش ئەنجام دەدا، بۆیە نابێ دەوڵەتی کانادا پێشوازیی لە ڕێژیمی جینایەتکار و تێرۆریست‌پەروەر بکا.