کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرگای دیجیتاڵی خەریکە بەسەر ڕووسیەدا دابخرێ؟

20:08 - 1 پووشپەڕ 2722

لە مەنتسەلەی فینلەند هەر ئێستا دەیتا سەنتەرێکی گەلێک پێشکەوتوو بە یارمەتی مەکینەی گازۆڵی درێژە بە کاری خۆی دەدا، چونکە هێچ کۆمپانیایەکی دابینکەری کارەبای ئەو وڵاتە ئامادە نییە چیدیکە کارەبا بە کۆمپانیای ڕووسیەیی یاندەکس بفرۆشێ کە بە سەر هۆڵی سەرڤەرەکان ڕادەگا. یاندەکس، هێندێک جار پێی دەڵێن "گوگڵی ڕووسیە"، دەگەڵ تەلەگرام و ڤی کەی نموونەی ناسراوی کۆمپانیای تەکنەلۆژیکی ڕووسیەن کە لە سەرانسەری دنیا بە میلیۆنان بەکارهێنەریان هەن. بەڵام ئیستا داهاتووی دەوری یاندەکس وەک کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیکی جیهانیی لە هەموو کات زیاتر گومانی لەسەرە، هاوکات کۆمپانیا تەکنەلۆژیکییە زەبەلاحەکانی وەک گوگڵ، مەتا (فەیسبوک)، ئەپڵ و مایکرۆسافت لە بازاڕی ڕووسیە دەکشێنەوە، یان هەبوونی خۆیان لەو وڵاتە کەم دەکەنەوە. ئەوەی ئێستا خەریکە لە ڕووسیە بقەومێ بە شەوێک نەقەوماوە. بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکان لەمەڕ مەترسییەکانی ئینتەرنێتێکی جیای ڕووسیە، "نی تەکنیک" دەگەڵ ئەو کەسانە وتووێژی کردووە: - ئولاف کۆلکمەن، ڕاوێژکاری پلەبەرزی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی ئینتەرنێت. - مارسین دێ کامێنسکی، سەرۆکی ئاسایش و دا‌هێنان لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ - دەنیس شەدۆڤ، پارێزەری ڕووسیەیی مافەکانی مرۆڤ کە کاتێک سانسۆڕ و سەرکوت پەرەی ئەستاند، ناچار کرا وڵات جێ بهێڵێ.   چۆن بوو ئاوای لێ هات؟ دوای داگیرکاریی بەربڵاوی ڕووسیە لە ئوکراین لە کۆتایی فیبریواری، ڕێژیمی ڕووسیە زەختی پەرەئەستێنی خستۆتە سەر ئینتەرنێتی ئاواڵا و کۆمپانیا تەکنەلۆژیکییە نێونەتەوەییەکانی چالاک لە وڵاتە. سانسۆری کرێملین و چاودێریکردنی بەربڵاو بەسەر ئینتەرنێتەوە بەدناو و بەربەرێنە. ئێستا باس لەوە دەکرێ کە دەوڵەتی ڕووسیە پلانی دامەزراندنی "سپلینتەرنێت"ی هەیە، ناوێک بۆ ئینتەرنێتێک کە بە سەر چەند بەشدا دابەش دەکرێ. "دیواری مەزنی ئاگرینی چین" بەناوبانگترین نموونەی سپلینەرنێتە. بەڵام لە دووهەزارەکانەوە ئێمە گەشەکردنی ئەوتۆمان بۆ وێنە لە وڵاتانی وەک ئێران، سووریە و عەرەبستانی سعودی دیتوە. لە هەر جێیەکی دنیا ئەوە بقەومێ هۆی بنەڕەتییەکەی لە پرەنسیپدا یەکە و ئەویش کۆنتڕۆڵ‌کردنی ئاڵووێری ئازادی زانیاریی لە ئینتەرنێتە، بۆ نموونە لە سۆسیال مێدیا و فیلتەرکردنی نێوەرۆکی ئینتەرنێت. لە ڕووسیە لە ماوەی چەند ساڵدا ئەو کارە چەند جار لە دە خاڵی ئینتەرنێتی وڵاتدا بەڕێوە چووە و ئەوان لە باقی هێڵی جیهانیی ئینتەرنێت جیا کراونەوە. مەبەست لە "ڕوونێتی سەربەخۆ" (ئەینتەرنێتێکی تایبەتی ڕووسیە کە لە دنیای دەرەوە جیا کراوەتەوە) ئەوەیە کە کۆنترۆڵێکی کۆکراوە لە شوێنێک بەسەر هەموو ئینتەرنێتی ڕووسیەدا و دەسەڵاتی داخستنی ئینتەرنێت لە چەند ناوچەی وڵات، لە کاتی پێویست، بداتە دەست دەوڵەت. کرێملین هەروەها دەیەوێ سیستەمێکی دی ئێن ئێسی ،  نیشتمانی دروست بکا کە لەناویاندا دەتوانی کۆپیەی سەرجەم ئینتەرنێتی جیهانیی تێدابێ. دوایین جار لە جون و جولای ٢٠٢١ تاقیکاریی دیکە بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەچوون. ڕوون نییە ئەو هەوڵانە چەندە دڕێژەیان کێشا، یان گەلۆ ئەوانە بوونە هۆی هێندێک دۆخی نائاسایی لە ترافیکی ئینتەرنێتی وڵات. بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتەرز، گوایە تاقیکارییەکان سەرکەوتوو بوون. لایەنێکی دیکەی خەونی ئینتەرنێتی سەربەخۆی ڕووسیە، کە لە دنیا جیا کرابێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سانسۆڕی پەرەئەستێن و کۆنتڕۆڵی چڕتر بەسەر کۆمپانیا تەکنەلۆژیکییە نێوەنەتەوەییەکانەوە کە لەو وڵاتەن وەک گوگڵ، ئەپڵ، مەتا (فەیسبوک) و مایکرۆسۆفت. هاوکات پسپۆڕان، وەک ڕێکخراوی ناونەتەوەیی ئینتەرنێت سۆسایەتی هۆشداریی دەدەن، کە مانەوە یان نەمانەوەی ڕووسیە لە ئینتەرنێتدا دەتوانێ پێوەندی بە بەشێک لە گەمەیەکی جوگرافیای سیاسی مەزنترەوە هەبێ کە لە ئەگەری ئابلۆقەی نێونەتەوەیی لەلایەن خۆراواوە دژی ڕووسیە لە داهاتوودا، بتوانێ سەرجەم بنەما بنەڕەتییەکانی ئینتەرنێت بخاتە مەترسییەوە. ئینتەرنێت سۆسایەتی: لەبەر ئەو هۆیە دەبێ سپلینتەرنێت پێشی پێ بگیرێت گەشەی ڕونێتی جیاکراوە بەوردی لەژێر چاودێریی ئینتەرنێت سۆسایەتی‌دایە کە ڕێکخراوێکی ناحوکوومییە و وەک ئۆرگانی ڕێکخستنی ئینتەرنێت کار دەکات. ئینتەرنێت سۆسایەتی، زۆر جار بەکورتی بە ئایسۆک ناو دەبرێت، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبەر سەرهەڵدانی ئینتەرنێتێکی ڕووسیەیی دەربڕیوە کە هەر دێت و زۆرتر سانسۆر دکرێ، یان لە داهاتوودا دەتوانێ بە تەواوی لە دنیا داببڕێ. ئولاف کۆلکمەن، وتەبێژ و ڕاوێژکاری پلەبەرزی ئایسۆک دەڵێ: "بایەخی ڕایەڵەیەکی ئەوتۆ بە ڕێژەی بەشدارانی مەزەندە دەکرێ. ئینتەرنێت نموونەیەکی ئاشکرای ئەو پرینسیپەیە. ئینتەرنێت بێ گیروگرفت نییە، بەڵام ئێمە دەبینین کە ڕایەڵەکە یارمەتی گەلێک بەرچاوی بە دنیا کردوە لە پێوەندی لەگەڵ داهێنان، ئابووری و گۆڕینەوەی زانیاریی. ئەو جۆرە پەراوێزکەوتنەوە، لێک‌جیاکردنەوە و فیلتەرکردنە دژی پرینسیپە بنەڕەتیەکانی ئینتەرنێتن و دەتوانن ببنە هۆی ئاسەواری گەلێک نەرێنی نە تەنیا بۆ شارۆمەندانی ڕووسیە بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤی دنیا." ئەو لەسەرخۆ و بەڕاوتەگبیر دێتە بەرچاو. لەکاتی وتووێژەکە لە ڕێگای ڤیدیۆوە، ئولاف کۆلکمەن لە ژووری کارەکەی لە ژنێڤ دانیشتوە، شوێنی نووسینگیەی سەرەکی ئایسۆک. کاتێک باسی ڕونێت، سانسۆری ئینتەرنێت لە ڕووسیە و خراپتر بوونی دۆخی ئینتەرنێت پاش داگیر کردنی ئوکراین دەکەین، دەنگی تیژ دەبێ. ئەو دەڵێ: "خەڵک لەو جەنگەی ئێستادا دەکوژرێن. دۆخەکە سامناکە. کاتێک بۆ جەنگێکی بەربڵاو بەرنامەڕێژیی دەکەی، وەک چۆن ڕووسیە وێدەچی ئەو کارەی کردبێ، ئەقڵانییە مرۆڤ بیهەوێ سەربەخۆیی خۆی بەرانبەر بە وڵاتانی دیکە بپارێزێ، بە ئینتەرنێتیشەوە. گەشەی ئینتەرنێت بە چەند ئاراستەدا تێپەڕ دەبێ. یەکێک لەو ئاراستانەی ئایسۆک لێی نیگەرانە ئابلۆقەی ئینتەرنێتی لە لایەن وڵاتانی جیاوازەوەیە، کە بە نۆرەی خۆی دەتوانێ کاریگەریی لەسەر ژێرخانی تەکنیکی ڕایەڵەکە هەبێ. بێتوو ئەوە بقەومێ مەترسی ئەوە هەیە کە خەڵک دەستیان بە ئینتەرنێت ڕاناگا و لە ئاکامدا لە زانیاریی گرینگ بێبەش دەبن.   ئێمە دەزانین تاقیکاریی ڕونێتی سەربەخۆ بەڕێوە چوون. بە بۆچوونی ئێوە ئامانجی دەوڵەتی ڕووسیە لەو کارە چیە؟ - من پێم‌وایە تاقیکارییەکان لە پێش هەموو شتێکدا بۆ دوو شتن. یەکەمیان ئەوەی کە دەیانەوێ بە جۆرێک بە سەربەخۆیی دیجیتاڵی بگەن. هێندێک لایەنی ژێرخانی ئینتەرنێت هەن کە وا دەکات بەشێک لە کەرەستەکان لە دەروەی وڵاتن. دی ئێن ئێس یەکێک لەو شتانەیە کە بەشێکی کەڵک لە دەیتابەیسی ناوەندی وەردەگرێ کە لەلایەن ئایکان و ئایانا، ڕێکخراوێک کە لە ئەمریکایە، بەڕیوە دەچن. بە گوتەی ئولاف کۆلکمەن، دەوڵەتی ڕووسیە ڕەنگبێ لەوە نیگەران بێ کە وڵاتە یەکگرتووەکان ڕۆژێک بڕیار بدا ئەو کۆمپانیایانەی لەو وڵاتە چالاکن هان بدات دۆمێنەکانی کە بە .ru کۆتاییان دێ لە سیستەمی دی ئێن ئێس بسڕنەوە. هەروەها بەڵگەی فەرمی ستراتێژیی نەتەوەیی ڕووسیە لە ٢٠١٥ هەن کە نیشانی دەدەن کرێملین بۆ وێنە دەیەوێ کەرستەی ئایتی کە لەدەروە دروست کراون  بە کەرستەی ناوخۆ بگۆڕێتەوە. - بە تاقیکارییەکانی ڕونێت، ڕووسیە هەوڵ دەدا فێر بێ بێتوو تووشی کێشەیەک بێ کە بەو هۆیەوە وڵاتانی دیکە یان لایەنی دیکە بڕیار بدەن ئەو وڵاتە لە ئینتەرنێت جیا بکەنەوە، چۆن بتوانێ ئینتەرنێت لە سەر پێ ڕاگرێ.   ڕووسیە دەتوانێ ئینتەرنێتێکی تەواو سەربەخۆ دروست بکا؟ ئولاف کالکمەن دەڵێ: "گەلێک دژوار دەبێ. لە پرەنسیپدا بەتەواوی نامومکینە بتوانی ئەو زنجیرانە دروست بکەی بێ ئەوەی تووشی بەستراوەیی بە نەرمامێری ئاواڵا وەک ئەوانەی لە ڕایەڵەی گیتهابدا هەن، نەبی. بێتوو سەرجەم پێوەندییەکان لە ڕووسیەوە بە باقی دنیا بپسێنی بۆ وێنە ئەوە دەبێتە هۆی گیروگرفتی مەزن بۆ بەڕۆژکردنەوەی نەرمامێری ئاواڵا کە کۆمپانیا ئینتەرنێتییە ڕووسیەییەکان کەڵکی لێ وەردەگرن. چۆن ئەوە بە شێوەیەکی کرداری جێبەجێ دەکەی؟ کەسێک بنێرە بۆ ئەو دیوی سنووری ڕووسیە بە یو ئێس بییەک و داوای لێ بکە بەڕۆژکردنەکان لە وڵاتێکی دیکە دابەزێنێ؟ ئەوە کەتوارگەرانە نییە."   سۆرم، سیستەمی چاودێریی بەربڵاوی ڕووسیە، کە نۆکیا بەستیەوە بەو شێوەیە کار دەکا چاودێریی دیجیتاڵی بۆ ڕووسیە شتێکی نوێ نییە، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا ئەو تەکنیکەی کرێملین بەکاری دێنێ مودێڕن کراوە. دۆخی شارۆمەندانی ڕووسیە، بە تایبەتی چالاکانی بواری دێموکراسی و ئاشتی و هەروەها جیابیرانی سیاسی زۆر دەمێکە دژوارە، بەڵام دوای داگیرکردنی ئوکراین، خراپتر بووە. سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵیی سۆرم (سیستەمی کارای چالاکیان) لە نێوەڕاستەکانی نەوەدەکانی زایینیەوە کەڵکی لێ وەرگیرا. سیستەمەکە چەند جار پلەی بەرز کراوەتەوە و دوایین جار نزیکەی ٥ ساڵ لەوەپێش بوو. ئەو وا دەکا کە کرێملین و دامودەزگای هەواڵگریی بەتەواوی دەستیان بە زانیاریی بەڕێکراو لە کاناڵە دیجیتاڵییەکانەوە ڕابگا. دەنگ، پۆستی ئەلەکترۆنیک، پەیامی نووسراو و ژمارەی ئاشکراکەری تەلەفۆنی موبایل لە لایەن ئێف ئێس بی کونتڕۆڵ دەکرێن. مارسین دێ کامێنسکی، سەرۆکی ئاسایش و دا‌هێنان لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤەوە دەڵێ: "ئێف ئێس بی هەموو شتێک قوت دەدا و ئێمە نازانین چ لەو هەموو زانیارییەی لە بارەی شارۆمەندانەوە کۆکراوەتەوە دەکەن. بەڵام شتێکی نامۆ نییە کە چالاکانی بواری دێموکراسی بۆ "قسەکردن" بانگهێشت دەکرێن و پاشان بەڵگەی دیجیتاڵییان پێ نیشان دەدەن کە لە ڕوانگەی ئێف ئێس بی چالاکیی نایاساییە. شتێکی ناماقوڵ نییە ئەگەر پێمان وابێ ئەو زانیارییە لەلایەن سۆرمەوە کۆ کراوەتەوە. تەکنیکەکەی دەمێکە هەیە، بەڵام لە سەرەتای ٢٠٢١ یاسایەکی نوێ لە ڕووسیە پەسەند کرا کە هەر کۆمپانیایەکی پێوەندی ڕێگای دوور و دابینکاری ئینتەرنێت کە لە ڕایەڵەکەیاندا سۆرم دانەمەزرێنێ، سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێ. هیچکام لەو کۆمپانیایانە دەستیان بەو زانیارییە ڕاناگا کە سۆرم لە ڕایەڵەی ئەوانی کۆ دەکاتەوە، بەڵام ئێف ئێس بی دەستی ئاواڵایە. ماویەکە تەنانەت پێویست بە بڕیاری دادگاش ناکات تا زانیاریی کۆ بکرێتەوە. سۆرم لە سندوقی ڕەش پێک‌هاتوە کە لەلای کۆمپانیای پێوەندی دوور و دابینکارانی ئینتەرنێت دادەمەزرێنرێ. دوای دامەزراندن سیستەمەکە کەڵک لە شێوازێک بە ناوی تی ئێس یو پی (چارەسەری تەکنیکی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە) وەردەگیرێ کە تەکنیکەکەی لەلایەن کۆمپانیای ڕووسیەیی بەرهەمهێنانی کەرەستە، ئار دی پی دابین دەکرێ. لە بنەڕەتدا تی ئێس یو پی کەڵک لە پشکنینی قووڵی پاکەت وەردەگرێ (DPI= Deep Packet Inspection). دەکرێ بڵێین دیوارێکی ئاگرین لە لای ئۆپەراتۆرەکانە کە هەموو نێوەرۆک و هەروەها زانیاریی ئادرەسی سەرجەم پەیامی بەڕێکراو بەو ڕایەڵانەدا دەخوێنێتەوە. دی پی ئای دەکرێ بۆ فیلتەرکردنی ڤایرۆسی کامپیوتەر یان سپام کەڵکی لێ وەرگیرێ بەڵام کرێملین لە جیاتان لەو تەکنیکە بۆ فیلتەر کردن و سانسۆرکردنی نێوەرۆکی ئینتەرنێت و هەروەها بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی و وتووێژەکانی سەر ئەو ڕایەڵانە،  کەڵک وەردەگرێ. بێجگە لە فیلتەرکردنی نێوەرۆک لە لایەن سۆرم، پێش بە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و ماڵپەڕە نەخوازراوەکانیش دەگرێ، ئۆپەراتۆرە ڕووسیەییەکان کەڵک لە تەکنیکی دیکەش بۆ ڕێگرتن لە بەشێک لە ئینتەرنێت وەردەگرن. شێوەکارێکی باو ئەوەیە کە کاتێک سەردانی ماڵپەڕێکی قەدەغە بکەی، پێوەندی ئینتەرنێت دەگەڕێندرێتەوە بە شێوەیەک کە بەکارهێنەر لەبەر ئەوەی قەت ناگاتە ماڵپەڕی مەبەست جاڕز دەبێ. شێوازێکی دیکەی بلۆک‌کردن بەو جۆرەیە کە ئۆپەراتۆرە ڕووسیەییەکان پێش بە پرۆتۆکۆلی توێخی ئاسایی (TLS) دەگرن و ناهێڵن کار بکا. تی ئێل ئێس، ستانداردێکی کۆد کردنی زانیاریی سەر ئینتەرنێتە و بێتوو پێشی پێ بگیرێ ژمارەیەکی زۆر لە ماڵپەڕەکان ناخوێندرێنەوە. نموونەی ئەوتۆش هەن کە ڕووسیە سیستەمی دی ئێن ئێس دەستکاری دەکا و لە ئاکامدا بەکارهێنەرانی ڕووسیەیی ناتوانن سەردانی هێندێک ماڵپەڕ بکەن. ئولاف کۆلکمەن دەڵێ: ئەوانە تەکنیکی کەڵک‌لێوەرگیراو لەلایەن دیواری مەزنی ئاگرینی چینیشن. ئەوانە هەنووکە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕووسیە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. بەڵام بێتوو سەرنج بدەینە ئەو ڕایەڵانە پێکەوە بەستراونەوە ئینتەرنێت لە ڕووسیە فرەچەشنییەکی تاڕادەیەک بەربڵاوی هەیە. ئەوە کۆنتڕۆڵ و سنووردارکردنی نێوەرۆکی ڕایەڵەکە دژوار دەکات، بەڵام ڕێژیمی ڕووسیە لاسارانە هەوڵ دەدا.   داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ: کۆنتڕۆلی دیجیتاڵی هەر دێتوو توندتر دەبێ بە وتەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، کەمایەسییە دێموکڕاتیکەکان زۆر دەمێکە هەن، بەڵام دەگەڵ داگیرکردنی ئۆکراین ئازادیی ڕادەبڕین هێندەی دیکەش کپ دەکرێ.   دۆخی ئەو کەسانەی لەوبەری سۆرم و کەرستەکانی دیکەی چاودێریی دیجیتاڵی کە دەوڵەتی ڕووسیە کەڵکیان لێ وەردەگرێ چۆنە؟ مارسین دێ کامینسکی لە ڕێکخراوی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێ، "بەڕاستی ئێستا بۆ زۆر کەس لەوانەی بۆ دێموکراسی یان مافەکانی مرۆڤ لەو  وڵاتەدا کار دەکەن زۆر دژوارە. ئێمە هەستمان پێ کردوە کە چالاکان و ڕۆژنامەوانان زۆر بە دژواری دەتوانن هێندێک زانیاریی لەو وڵاتەوە بەڕێ بکەن. ئەوەی ئێستا ڕێژیم هەوڵ دەدا بیکا، کە چاودێریی ئینتەرنێت بەشێکی گرینگیەتی، ئەوەیە کە هەوڵ دەدا کۆمەڵگەی مەدەنی ڕووسیە لەناو بەرێ تا نەهێڵێ پارسەنگێک دژی هەلومەرجی ئێستا دروست بێ. ئەوە مەزنترین مەترسییە.   "ڕووسی"یە تاراوگەنشینەکە: بۆ ئاگاداربوون لە ڕاستی vpn پێویستە لە حەوشەیەکی ساماڵ لە ئاڵمان دەنیس شەدۆڤ پاڵی لێداوەتەوە. ئەو پارێزەرەکی ڕووسیەیی و شیکارکەرێکی ئۆ‌ڤی‌دی-ئینفۆ، کە ڕێکخراوێکی چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤە کار دەکا. پاییزی ڕابردوو ئەو ڕووسیەی بەرەو ئاڵمان بەجێ هێشت، لێرە ئەو لەلای کۆمەڵەی ماکس پلانک توێژەری میوانە. شەدۆڤ دەڵێ دۆخی نیشتمانەکەی لە کۆتاییدا وای لێ هات کە تەحەممول نەدەکرا. ئەو بە دەنگێکی نزم و لە کاتێکدا کە چاویلکە گەورەکانی میزان دەکا دەڵێ، "هەنووکە سانسۆڕ لە ڕووسیە لە خراپترین دۆخی خۆی لە مێژووی سەردەمی مودێڕنی ئەو وڵاتەدایە. بەکورتی هەموو مێدیا سەربەخۆکان داخران. کاتێک من و هاوکارەکەم باسی داخرانی ژمارەیەکی زۆر ماڵپەڕمان دەکرد وەک گاڵتەیەکی بەژان دەچوو، زۆری پێ نەچوو دیتمان تەنانەت ماڵپەڕی ڕێکخراوەکەی خۆشمان داخرا. دەوڵەتی ڕووسیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بۆ بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندای خۆی پشتی بە بەرنامەی تەلەفزیۆنی ئاسایی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بەستبوو. بەڵام دەگەڵ پەرەگرتنی خوازیاریی بۆ ئینتەرنێت وەک گۆڕەپانێک، لە دەیەی یەکەمی ئەو سەدەیە، کرێملین لە گرینگیی بەڕۆژ کردنەوەی خۆی بۆ کەڵ وەرگرتن لە تەکنیکی نوێ تێگەیشت. سیستەمی چاودێریی سۆرم نموونەیەکی ئەو بۆچوونەیە. لەو دواییانەدا دەوڵەتی ڕووسیە هەروەها دەستی بە کەڵک‌وەرگرتن لە ناسینەوەی ڕوخسار بۆ دەستنیشان‌کردنی بەشدارانی خۆپیشاندا بۆ وێنە دژی جەنگی ئوکراین کردوە. دەنیس شەدۆڤ دەڵێ، "لە دەستپێکی جەنگەوە زیاتر لە ١٥٠٠٠ کەس لە ڕووسیە دەستبەسەر کراون، ١٤٩ کەس دوای خۆپیشاندانەکان دادگایی کراون و هەزاران کەس گیراون و جەریمە کراون. هەموو ڕۆژێک گوێمان لە گیرانی خەڵکی دیکە دەبێ و ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین تا یارمەتیی یاسایی ئەو کەسانە بکەین کە تووشی مەترسیی بەندکران دەبن. ئەو دەڵێ هەموو ڕۆژێ بە یاساکاندا دەچنەوە و پۆلیس دەسەڵاتێکی بەربڵاوی پێدراوە. بۆ وێنە پۆلیس دەتوانێ داوا لە هەر کەسێک بکا تەلەفۆنەکەی نیشان بدا، تا بزانێ کام ئاپ لەسەری دامەزرێنراون. چەند ساڵ لەوەپێش هەڵمەتێکی بەربڵاوی بوختان هەڵبەستن دژی تەلەگرام لە وڵاتدا بەڕێوە چوو و پرۆگرامەکە بەوە تاوانبار کرا کە لەلایەن تاوانکارانەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. خەڵکێکی زۆر لە کەڵک‌وەرگرتن لەو بەرنامەیە یان ئەگەری هەڵمەتی پۆلیس بۆ داخستنی نیگەران بوون. ئێستا زۆر لە خەڵکی ڕووسیە پێیان‌وایە دەوڵەت هەموو شتێک بە تاوانکاری دەبینێ. بۆیە ئەوە بۆتە خۆسانسۆرکردنێکی بەربڵاو. لە لایەکەوە دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی بێلایەنانە دژوارە و لە لایەکی دیکەوە وەدەستهێنانی دەتوانێ ببێتە هۆی مەترسی مەزن. ئەو هەروەها دەبینێ زۆر لە کۆمپانیا تەکنەلۆژیکە خۆراواییەکان دوای دەستپێکی جەنگ وازیان لە هاوکاریی دەگەڵ کڕیاری ڕووسیەیی، تەنانەت ڕۆژنامەوان و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ هێناوە. بۆ وێنە دتوانی پێش گرتن بە دەستڕاگەیشتنی کڕیاری ڕووسیەیی بە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیەکان بێ یان چیدیکە ناهێڵن لە ئەژماری گوگڵەوە شتی بکڕن. شەدۆڤ دەڵێ، "من پێموایە کۆمپانیاکانی خۆراوا کە دەمێکە تەکنیکی سانسۆرکردنیان بە دەوڵت فرۆشتووە بەرپرسیارن. لە لایەکەوە دەبینین ئەو کۆمپانیایانە پشت لە چالاکانی ڕووسیەیی کە دەیانهەوی کەڵک لە خزمەتگوزارییەکانیان وەرگرن دەکەن و لە لایەکی دیکەوە هەر ئەو کۆمپانیایانە چەندین ساڵە دەگەڵ دەڵەتی ڕووسیە بازرگانییان کردووە.   بۆچوونت لەسەر داهاتووی ئینتەرنێتی ڕووسیە و خودی ڕووسیە چییە؟ شەدۆڤ دەڵێ، "دۆخەکە ناڕوونە. من پێموایە ئەگەر بیروڕای ئازاد لە ڕووسیە هەبا، داگیرکردنی ئوکراین نەدەقەوما. من هەوەها پێم‌وایە ئەگەر پێوەندییەکان دەگەڵ خۆراوا کەمتر ببنەوە، بۆ وێنە بێتوو کۆمپانیا تەکنەلۆژیکە ناونەتەوەییەکان وڵات جێهێڵن، گەلێک مەترسیدار دەبێ. بۆیە درێژەدان بە خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی ئاواڵا گەلێک گرینگە. پێچەوانەکەی، دۆخێک کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوکی بە ١٤٤ میلیۆن حەشیمەتەوە کە پەراوێزخراوە و تەنیا پرۆپاگاندای دەرخوارد دەدرێ، مەترسی ژینەکی هەیە.   ***