کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێواری هەڵدێر و بەرجامی بێ‌ئەنجام

20:13 - 1 پووشپەڕ 2722

  لێواری هەڵدێر و بەرجامی بێ‌ئەنجام (ئابووریی تێک‌تەپیو، گەندەڵی سیستماتیک، داڕمان لە نێوخۆ، کەلێنی چینایەتی، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان)     دەروازە لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا کاتێک عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی بەبۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی زەوت‌کراوی خەڵکی ئێران، باسی لە قۆناغێکی نوێی ژیانەوەی سیاسی ڕێژێمەکەی لەژێر ناوی ''هەنگاوی دووهەمی شۆڕش'' دەکرد و ناردنی بیر و ئامانج و ڕێبازی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی دەرەوەی وەک ئەرکی نوێ بۆ بەڕێوبەرانی ڕێژێمەکەی دادەنا، هەرگیز چاوەڕوانیی ئەوەی نەدەکرد، دەیەی پێنجەمی کۆماری ئیسلامی ئاوەها تووشی ئاڵۆزی و شپڕوشپێوی ببێتەوە. ئەوکاتەی ڕێبەری ڕێژێم خەونی بە پەرەسەندنی دەسەڵاتدارێتی وڵایەتی فەقێهەوە دەبینی؛ بوومەلەرزەیەکی ماڵوێرانکەر بە ڕێگەوە بوو، بوومەلەرزەیەک هەژان و ڕاتڵەکانی زۆرەوە. لەپاش نەرمی‌نواندنە قارەمانانەکە! و ئەو کارەساتەی بەهۆی چوونەدەرەوەی دوناڵد ترامپ لە بەرجام هاتە ئارا و بەوەش بەرجام بەبێ ئەنجام مایەوە، ئەوانەی لە ڕێبەرییەوە نزیکتر بوون هیچیان باوەڕیان نەدەکرد جارێکی دیکە خامنەیی بیر لە خواردنەوەی پیاڵەی ژەهر و وتووێژ لەگەڵ ڕۆژاوا و بووژانەوەی بەرجام بکاتەوە. بەڵام بەڕاستی چی قەوما؟ چی ڕووی دا کە لەپاش سەرنەگرتنی بەرجام و ئەو هەموو گەمارۆ گورچک‌بڕانەی خرانە سەر ئێران، خامنەیی سەرەڕای چەندپاتەی ئەو قسەیە کە ''ئەمن هەر لە سەرەتاشەوە هیچ متمانەیەکم بە ئامریکا و ڕۆژاوا نەبوو و تەنیا لەبەر پێداگرییەکانی دەوڵەت ئیزنی وتووێژم پێدان''، دیسانەوە ئامادە بۆوە وتووێژ لەگەڵ شەیتانی گەورەدا بکات؟ بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی ئێستا کە هەڵبژاردە و دەسنیشانکراوی خۆیەتی و بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی پێشوو کەمترین دەسەڵاتی پێدراوە و هیچ دەستێخستنێکی لە بڕیارەکەی ڕێبەریدا نییە، یان باشتر وایە بڵێین وەکوو خۆیشی حەزی لە وتووێژ و بووژانەوەی بەرجام نییە. ئێ ئەگەر وایە مەبەست لە بووژانەوەی بەرجام، جیا لە بەئەنجام گەیشتن یان نەگەیشتنی دەتوانێ چی بێت؟ بۆ دۆزینەوەی چۆن‌وچییەتی ئەم بابەتە و وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە باشترە هەڵسەنگاندێکمان هەبێت لە بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕەوشی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی پێنجەمی تەمەنی خۆیدا.   ئابووریی تێک‌تەپیو و گەندەڵیی سیستەماتیک کۆماری ئیسلامی بە وادە و بەڵێنی ئاو و کارەبای بەخۆڕایی و دابینکردنی خانوو بۆ هەمووان هاتە پێش، بەڵام لەسایەی تیۆریی '' ئابووری هی کەرانە '' زۆر زوو خەونی خەڵکی دڵنەرم و گەشبین بە ئاکارەکانی کۆماری ئیسلامیی شڵەژاند و سەلماندی کە ئابووری لە سەردەستی کۆماری ئیسلامی بە هیچ کوێ ناگات. هەرچەند لە دەسپێکدا بەرپرسانی ڕێژێم هەوڵیان دا هەموو کەموکۆڕی و قەیرانەکانی وەکوو گرانیی لەڕادەبەدەر، کەمیی کاڵا و شمەکە سەرەکییەکان لەسۆنگەی بوونی شەڕەوە پاساو بداتەوە، بەڵام ئەو دۆخە لە کاتی ئاشتی و ئارامییشدا هەر نەگۆڕا و بگرە کێشەکان زیاتر بوون. ڕێژێم بە هۆی ناکارامەیی لە چارەسەرکردنی گرفتە ئابوورییەکان هەر جارە و بە بیانوویەک هەوڵی دامرکاندنی بیروڕای گشتیی داوە بۆ ئەوەی بڵێ ئەم بارودۆخە کاتییە و لە پاش ماوەیەک سەرپێ دەکەوین. لە سەردەمی بەڕواڵەت چاکسازییەوە بگرە تا قۆناغی سزا و گەمارۆ جیهانییەکان بەردەوام باس لە داهاتوو بووە، داهاتوویەک کە هیچ‌کات وەدی نەهات و نایەت. ئەگەر چاوێک لە پێنوێنییە ئابوورییەکان بکەین بە ئاشکرا قووڵایی کارەساتەکەمان بۆ دردەکەوێ: بایی پارەی نیشتمانی بە پێوەرێکی گرنگ و کاریگەر لە ئابووریدا دادەنرێ. بایی پارەی نیشتمانی پێوەری بەراوەردەکردنی پارەی نیشتمانییە لە هەمبەر ئاڵتوون یان دراوی بیانی و دابەزینی بایی پارەی نیشتمانی دەبێتە هۆی دابەزینی توانایی کڕین و پەرەسەندنی هەژاری. کۆماری ئیسلامی کاتێک دەستی بەسەر شۆڕشی ٥٧دا گرت کە بایی هەر دۆلارێک ٧ تمەن بوو، بەڵام ئێستا بایی هەر دۆلارێک ٣ هەزار و ٣٠٠ تمەنە کە ئەوە دەربڕی داتەپینێکی بێ‌وێنەیە لە ئابووری وڵاتدا. هەڵاوسان فاکتەرێکی گرنگی دیکەیە لە هەڵسەنگاندنی ئابووریی هەر وڵاتێکدا. هەڵاوسان بریتییە لە هەڵکشانی بەردەوام و لەڕادەبەدەری نرخی گشتیی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان کە دواجار دەبێتە هۆی دابەزینی توانایی کڕین و بێ‌سەروبەرەیی لە ئابووریی وڵاتدا. لە ڕیزبەندییەکانی هەڵاوساندا، بۆ هەڵاوسانی سووک بەرزبوونەوەی نێوان سەتا ١ هەتا ٦ و بۆ هەڵاوسانی زۆر سەتا ١٥ هەتا ٢٥ و ئاستی هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەریش سەتا ٥٠ لە مانگێکدا یان بەرزبوونەوەی دوو هیندەی نرخەکان لە ماوەی ٦ مانگدا لەبەرچاو گیراوە. بە سەرنجدان بە دۆخی ئابووریی ئێستای وڵات کۆماری ئیسلامی ڕێکۆردێکی بێ‌وێنەی لە هەڵاوسانی ئابووریدا تۆمار کردوە. بە پێی ئاماری ڕاگەیەندراو لە لایەن ڕێژێمەوە هەڵاوسانی لەسەتا ٥٠ی ساڵی ١٣٧٤ زۆرترین ئاستی هەڵاوسان بووە و بەپێی ئامارێکی دیکە لە ساڵی ٩٩ ئاستی هەڵاوسان سنووری سەتا ٤ی بڕیوە. ئەگەرچی لە ئێستادا ڕادەی هەڵاوسان سەرتر لەوەیە و هیچ‌کات ناتوانین متمانە بە زانیارییە بڵاوکراوەکانی کۆماری ئیسلامی بکەین، بەڵام بەپێی بەراوردی خەزێنەی نێونەتەوەیی پارە، وڵاتی ئێران لە پاش وڵاتانی ڤێنیزۆیلا، زیمبابوە، سوودان، سورینام و لوبنان زۆرترین نرخی هەڵاوسانی هەبووە لە جیهاندا. بابەتێکی دیکە کە هەموو کاتێک لە تەنیشت ئابوورییە شپڕێوەکەی کۆماری ئیسلامیدا باس دەکرێ، گەندەڵییە. کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا جۆرێک لە گەندەڵی تاقی دەکاتەوە کە ''گەندەڵیی سیستماتیک''ی پێ دەگوترێ و مەبەست ئەوەیە بە هۆی جۆری دەسەڵاتدارێتی و سیستەمی حکوومەتدارییەوە تەواوەتیی سیستەمەکە نغرۆی گەندەڵی بووە. ئەگەر سەردەمانێک لە باسی گەندەڵیدا ناوی کوڕەکانی هاشمی ڕەفسەنجانی دەهات، ئێستاکە ب بەڕێوەبەرانی پلە دوو و پلە سێی وڵات و تەنانەت کارمەند و مووچەخۆرەکانیش لە گەندەڵی وەردراون و بە هەڵکەوت بەرپرسێک دەبینی لەم خوانە ڕاخراوە خۆی بێبەش بکات. ئیدی ئیختلاسەکان و ئەو دزیانەی کەمتر لە چەند هەزار میلیارد تمەن بن ناویان دزی نییە! و ئەگەر سەردەمانێک باس لە تاڵانی ژێرخاکی و ئاسەوارە مێژووییەکان یان بانک بڕین دەکرا، ئێستاکە باس لە ونبوونی دەکەلی نەوت! یان دزی لە نیوخۆی سپای پاسداران دەکرێت. بەپێی ڕاپورتی دویچەولە (DW فارسی) و بەپێی تازەترین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی لە بابەت گەندەڵی لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئێران لە ڕیزی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندا جێی گرتوە و هاوڕیزە لەگەڵ وڵاتانی گینە و گواتمالا و خراپترە لە وڵاتانێکی وەکوو ئوگاندا، موزامبیک و ئانگولا!   شەڕی دەسەڵات و داڕووخان لە نێوخۆ چەند ساڵێک لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و وەلانانی هەموو بیروڕا دژبەرەکانی لە ڕێگەی سەرکوت، تیرۆر، لەسێدارەدان، زیندان و دوورخستنەوە؛ ویلایەتی فەقێهـ دەستی‌گرت بە سەر هەموو باڵەکانی دەسەڵاتدارەتیدا و لە کردەوەدا شتێکی ئەوتۆ لەو کۆمارە خەیاڵییە نەمایەوە بەڵێنییەکەی بە خەڵکی درابوو. کەشی زەبروزەنگ لە سەردەمی ڕێبەرایەتیی خامنەییدا بە خێراییەکی زۆرترەوە پەرەی سەند و گەیشتە ئەو ڕادەیە کە ویلایەتی فەقیهـ تەنانەت بەرگەی بیروڕای هەندێ کەسی هاوبیری ڕێبەریی پێشووشی نەگرت و وەلای نان. خامنەیی بە یارمەتیی هێزە ئەمنییەتییەکان و سپای پاسداران هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە ڕەگەڵ خومەینی کەوتبوون، لە هاشمیی ڕەفسەنجانییەوە بگرە تا دەگاتە کەڕووبی و مووسەوی لە مەیدانی سیاسەت وەدەری نا، بەڵام قەیرانێکی نوێ سەری هەڵدا کە جەنابیان بە خەونیش بۆی نەدەچوو. ئیدی چیدی فەرماندەکانی سپای پاسداران ئەو هێزە کەم تەمەنە بیست و چەند ساڵ تەمەنەی ڕابردوو نین بەئاسانی لەنێو دەسەڵاتدا بتوێنەوە، ئیدی ململانێ لەنێو "سەردار"ە پایەبەرزەکانی سپادا دزەی کردۆتە هەموو کون و قوژبنێکی دەسەڵاتەوە. ماوەیەک لەمەوبەر نەواری دەنگیی چەند فەرماندەیەکی سپا لەسەر گەندەڵییەکانی هەندێ لە سەردارانی سپا بڵاو کرایەوە. ئەم فایلە دەنگییە لە کۆبۆنەوەی محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی پێشووی گشتیی سپای پاسداران و سادق زولقەدرنیا، جێگری ئابوورییەکەی لە ساڵی ٩٧، کێشە و ململانێیەکانی نێوان فەرماندە پایەبەرزەکانی سپا و زۆر لایەنی پێوەندیدار بە دۆسییەی گەندەڵیی ماڵیی لەقاو دا. کاتی هاتنەبەرباسی کاندیداتۆریی سەعید محەممەد بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، گوشارەکانی تاقمی دەسەڵاتدار لەنێو سپا گەیشتە ئەو ڕادەیە کە جەنابی سەردار بە لادان و ئیختلاس تاوانبار کرا، هەر بۆیە شورای نیگابان شیاویی ئەوی ڕەت کردەوە. هۆکاریش ئەمە بوو کە ئاڵقەکانی سەرەوەی دەسەڵات تاقەتی دیتنی سیمایەکی لاویان لەنێو دەسەڵاتدا نەبوو، ئەمەش بەشێکە لە شەڕی دەسەڵات لەنێو سپادا و ئەگینا ئیختلاس و دزی لە سپای پاسداران کە بابەتێکی ئاسایی و هەمیشەییە.   کەلێنی چینایەتی و ناڕەزایەتییە سێنفی و کرێکارییەکان کۆماری ئیسلامی بە وادە و بەڵێنی دادپەروەریی ئیسلامی و کەمکردنەوەی کەلینی چینایەتی هاتە سەر کار و باسی لە یۆتۆپیایەک دەکرد کە هەژار و داماوی تێدا نییە، بەڵام ئێرانی کرد بە کاولستانێک کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تێیایدا کەلێنی نێوان دارا و نەدار گەورە و گەورەتر دەبێتەوە. یەکێ لە نیشانە بەرچاوەکانی بابەتی کەلینی چینایەتی ''هێڵی هەژارییە'' کە دەتوانێ بە باشترین شێوە ڕاستییەکانی ئەم بابەتەمان بۆ بخاتە ڕوو. ''مارتین ڕاوالیوون'' لێکۆڵەوەری ئابووری پێناسەی بۆ هێڵی هەژاری بریتییە لەو تێچووییانە کە تاک لە کات و شوێنی دیاریکراودا بۆ دەست‌پێڕاگەیشتنی ئاستێک لە خۆش‌بژیوی دەیدات. ئەوانەکە دەستیان بەو ئاستە لە ژیان و گوزەران نەگات هەژار و ئەوانەی دەستیان بەم ئاستە لە بژیو بگات داران. بەپێی ڕاپۆرتە مێدییاکانی خودی ڕێژێم، هێڵی هەژاری لە ساڵی ٩٩ بە نیسبەت ساڵی ٩٨ی هەتاوی گەشەکردنێکی سەتا ٣٨ ی هەبووە. ئەمەش یانێ ڕێژەی هەژارەکان سەتا ٣٨ زیادی کردوە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدان گەیشتووەتە ٣٦ میلیون کەس. بەم جۆرە یەک لە سێی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاری‌دان، سەرەڕای ئەوەی کە هاوکات لە ساڵەکانی دەیەی ٩٠، ئاستی گوزەران و خۆش‌بژیویی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران بەردەوام لە دابەزیندا بووە. هەر ئەم کەلێنی چینایەتییەی ئێستا هۆکاری پێکهاتنی ناڕەزایەتییە سینفی و کرێکارییە بەرفراوانەکانی ئێرانە. ئەم ڕەوتە هاوتەمەنی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییە و لە ماوەی٤٠ ساڵی رابردوودا بە شێوەی دەورەیی و ناوبەناو درێژەی هەبووە تاکوو لە دواساڵەکانی دەیەی ٩٠ ئیدی خێراییەکی بەرچاوی گرتە خۆی. وای لێ‌هات لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی هەموو حەوتوویەک ناڕەزایەتییەکانی خەڵک سەرهەڵبدەن و ڕێکۆردی چەند ناڕەزایەتی‌دربڕین لە ڕۆژدا لە تایبەتمەندییەکانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵیی ١٤٠٠ی هەتاوی بوو. ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و هەمەلایەنەی مامۆستایان لە شارەکانی ئێران لە چەند قۆناغی جۆراوجۆردا، ناڕەزایەتیی ماڵدۆڕاوەکانی بوورس و بانکەکان و دامەزراوە ماڵییەکان، ناڕەزایەتی دەربڕینی وەرزێرانی ئیسفەهانی بۆ ماوەی چەند حەوتوو، ناڕەزایەتییە زنجیرەییەکانی کرێکارانی نەیشەکەری ‌حەفت‌تەپە، هیپکۆی ئەراک و... ناڕەزایەتییە سینفییەکانی پەرستاران، ئەندازیاران، دەرمانسازان، فەرمانبەرانی دادگاکان! بەهۆی کەمیی مووچە و هەقدەستەکانیان، ناڕەزایەتی خانەنشینانی ئورگانە ئیداری و نیزامییەکانی وەکوو ئەرتش، دابینکاری کۆمەڵایەتی و... هەروەها ناڕەزایەتییەکانی کەم‌ئەندامانی شەڕی ئێران و عێراق. سەرەڕای زێدەبوونی بێ‌وێنەی قەوارەی ناڕەزایەتییەکان، دەبێ ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بکەین: یەکەم، بەربڵاوی جوگرافییای ئەم ناڕەزایەتییانە کە سەرانسەری ئێرانی گرتۆتەوە، بۆ وێنە لە ناڕەزایەتی سینفی مامۆستایاندا کەم‌وزۆر هەموو شارە چکۆلەکانیش بەشدارییان کردوە و بەشدارن. خاڵی دووهەم بەربڵاوی سینفیی ناڕەزایەتییەکانە. بەشداریی هەموو سینفەکان و گرووپەکان لە مامۆستا و کرێکارانەوە بگرە تا ئەرتەشی و کەم‌ئەندامان و فەرمانبەرانی دادگاکان نیشان لە بەشداری هەمەلایەنەی کۆمەڵگای ئێرانە لەم ناڕەزایەتییانەدا.