کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیس نوێنگەی ئیرادەی خەڵک یان باسکی سەرکوتی ئەوان

20:15 - 1 پووشپەڕ 2722

سەدەیەک لە هەوڵ و تێکۆشانی خەڵکانی ئێران بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی و وەڵامدەربوونی سیسستەمی سیاست و دەسەڵاتی سەرکوتکەرەکان کە لە سەرەتای دەستپێکیەوە بە سەرهەڵدانی مەشرووتە ناودێر کرا، تێ‌دەپەرێ. ئەگەرچی ئەم مەجلیسە فۆرماڵیتەیە هەر لە مەجلیسی "دارەل‌زەفەر"، "عەدەڵول‌زەفەر" و مەجلیسی "شوڕای میللی" تا مەجلیسی "شوڕای ئیسلامی" ئاڵوگۆڕ بەسەر ناوەکەیدا هاتووە، بەڵام لە چەند بڕگەی کورتی مێژووییدا نەبێ هەتا ئێستاش نەیتوانیوە ئەرکەکانی خۆی وەکوو چاوەدێری و یاسادانان و ... بەڕێوە ببا و چاوەدێری بەسەر ناوەند و دەزگاکانی تری ڕاپەڕاندن و جێبەجێکاری دەوڵەتدا بکات. بەشێکی زۆری ئەم کەمتەرخەمی و بێدەسەڵاتییەی مەجلیسی ئێران هەر لە قاجارەوە تاکوو ئێستە دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتیی مرۆڤی ئێرانی. "عەلی ڕەزاقولی"، کۆمەڵناسی سیاسی لە کتێبی "جامعەشناسی خودکامگی"دا ئاماژەی بە زمان‌لووسی و ماستاوچیەتیی تاکی ئێرانی دەکا کە لە کاتی بەرپرسیارەتیدا لەباتی جێبەجێ‌کردن و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی یان لە بری ئەوەی لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕاپەڕاندن و دەزگا جێبەجێ‌کارەکانی دەوڵەت بکۆڵێتەوە و وەڵامی لێیان بوێت، هەر خەریکی پێداهەڵوتن و ماستاوکردنن بۆ ئەوەی پلەیان بەرزتر ببێتەوە و بگەنە ئاستێکی بەرزتر. باسی گرنگتر بەربەست‌گەلێکە کە ناوی یاسای لێ دەنرێ و لەڕاستیدا بەدڵی دەسەڵاتە، وەکوو دانان و دامەزراندنی مەجلیس‌گەلێکی هاوتەریب کە نەک نوێنگەی ئیرادە و هەڵبژێردراوی خەڵک، بەڵکوو دەستنیشان‌کراوی دەسەڵات و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانە. وەک ئەوەی لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا ناوی "مەجلیسی سێنا"ی لەسەر دانرا و لەسەردەمی ڕێژیمی ئیسلامییشدا بە ناوی "شورای نیگابان" کایە سیاسییەکانی خۆی دەکا. مەجلیس‌گەلێک کە حاکمییەت و دەسەڵات تەنیا بۆ چاوەدێری‌کردن بەسەر مەجلیسی هەڵبژێردراوی خەڵکی دروستیان کردوون و ئەگەرچی بە ڕواڵەت یاسایین، بەڵام لە بنەڕەت‌ڕا لەپێناو پاراستن و پارێزگاری لە ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی و شای ڕێژیمی پەهلەویدا، دامەزراون. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی مەجلیس لە ئێراندا تا هەنووکەش کاری دەسەڵات دژایەتی‌کردنی ئەو پرۆسە دەنگدانانە و ئەو یاسا پەسەندکراوانە بووە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتدا نەبوونن و بەرژەوەندیی (شێخ و شا) تێیاندا ڕەچاو نەکرابێ و پاراستنەکەی مسۆگەر نەبووبێت. هەموو مێژووی مەجلیس لەو وڵاتەدا بریتییە لە کۆسپ ‌دروست‌کردنی دەسەڵات -کە پیرۆزییەکی ئاسمانیی بە خۆی بەخشیوە- بۆ هەڵبژێردراوانی خەڵک و مەجلیسێک کە توانای ئەوەی نەبووە دەسەڵاتی سیاسیی ناچار بە وەڵامدەربوون و دەروەستی بکات. لەو کاتەوە کە محەممەدعەلی شای قاجار بە تۆپ مەجلیس دادەگرێ هەتا کرمەڕێزبوونی سیاسیی نوێنەران لە دوو سەردەمی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا کە لە بری داکۆکی لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵک چوونەتە سەنگەری دەسەڵاتەوە و لەوێوە سیلەیان لە خەڵک! گرتوە. لەو نێوەشدا دەنگی کەمە نوێنەرێکی لایەنگری مافەکانی خەڵکیش بەهۆی زاڵبوونی ئەو کەشە لە مەجلیسدا هەر لە گەروودا خنکاوە و بڕی نەکردوە. بارودۆخی نوێنەرانی مەجلیس لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا تایبەتتریشە. ئەو نوێنەرانەی کە دەبێ لە پاڵوێنەکانی چاودێریی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حاکمییەت تێ‌بپەڕن و پێش‌مەرجی پشتڕاست‌کردنەوەی شیاویی ئەوان بۆ بەربژێری ئیلتیزم بە دەسەڵات و سەلماندنی وەفاداریی بەکردەوەیان بۆ نیزامی سیاسیی وڵاتە. ئەو پێش‌مەرجەی پێگەی مەجلیس وەک نوێنگەی ئیرادەی گشتیی خەڵکی لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا تا ئاستی دێکۆرێک بۆ جوانکاریی دێموکراسیی نەبوو لە ئێراندا دابەزاندوە؛ مەجلیسێک کە توانای خستەڕووی هیچ پلان و پڕۆژەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی نییە و دەسەڵاتەکەی لەلایەن ناوەندە چاودێرییەکانی حکوومەت و شوڕای نیگابانەوە قۆرغ کراوە. خوێندنەوە سیاسیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وابووە کە سووچ و تاوانی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی بۆ خەڵک گەڕاندۆتەوە. لەلایەک بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتەکەی پێویستیی بەو شانۆگەرییە هەیە تا کەسانی لەپاڵوێنەدراوی خۆی بە "وەکیلی میللەت" ناو ببا و لەلایەکی دیکە و لە پاشان تاوانی هەموو قەیرانەکانی کۆمەڵگە بخاتە ئەستۆی ئەو ناوەندە بەناو هەڵبژێردراوەی خەڵک و لەژێر ناوی بڕیارە میللییەکانی مەجلیسدا پاکانە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و لە سەرووی هەمووانە ویلایەتی فەقیهـ بکا. وەک چۆن زۆر لەو بڕیارگەلە سیاسییانە کارەساتیان لێ کەوتەوە، بەڵام دەسەڵات خۆی لە بەرپرسایەتی لەهەمبەر ئەواندا پاراست. بڕیارگەلێکی وەک بردنەسەرێی نرخی بێنزین لە ساڵی ١٣٩٨ کە لە ڕێگەی مەجلیسەوە پەسند کرا و دەسەڵات بە بڕیاری هەڵقوڵاو لە ئیرادەی گەل و نەتەوەی ناو برد و ئاکامەکەی خۆپیشاندانی بەربڵاوی خەڵک و کوژرانی لانیکەم ١٥٠٠ کەس و دەسبەرکردن و برینداربوونی چەند ئەوەندەی دیکەش بوو. ئەگەرچی مەجلیس دەبێ ڕوکنی سەرەکیی قانووندانان و چاودێری بەسەر هەموو دەزگا جێبەجێ‌کارەکانی وڵات و دەوڵەت و سەربەخۆ لە هێز و دەسەڵاتەکانی دیکەی وڵات بێ و هیچ ناوەندێکی دەسەڵاتی دیکە نەتوانێ شوێن لەسەر بڕیارەکانی دابنێت؛ بەڵام ئێستا بۆ هەمووان ئاشکرایە کە مەجلیس لە بووکەڵەیەک زیاتر نییە و بەکردەوە باسکی دەسەڵاتە بۆ بەقانوونی‌کردنی هەموو ئەو بڕیارانەی لەدژی خەڵک و لە بەرژەوەندیی دەسەڵات‌دان. مەجلیس لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا نەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و نوێنگەی ئیرادەی خەڵک نییە، بەڵکوو وەک داوەڵێک دەچێ کە جارێک جلوبەرگی هێزە چەکدارەکانی دەبەردەکا بۆوەی بەستراوەیی خۆی بەوان بسەلمێنێ، جار لەدژی نەیارانی دەسەڵات دروشم و دەنگەکانی لە هەمووان بەرزترە و ماوە بە ماوەش بۆ دڵنیاکردنەوەی ڕێبەریی ڕێژیم لە پاشکۆیەتیی خۆیان جەنابی ڕێبەر و دەوروبەری چییان بوێ بۆیان لە چەپڵە دەدەن. ئەوەی لەو نێوەدا دەمێنێتە خۆدزینەوە لەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەیە کە لە ڕواڵەتدا بۆ بەجێهێنانی ئەوان هاتوە و بەکردەوە لەدژی ئەوان دەجووڵێتەوە.