کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتیژیی یەکڕیزی لە ململانێ لەگەڵ ناوەندگەراکان‌دا

20:17 - 1 پووشپەڕ 2722

قەیرانە یەک لەدوای یەک و کەڵەکەبووە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ناتوانایی بەرپرسانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنیان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان وای کردوە کە گڵۆڵەی ڕێژیم هەر بە یەکجاری بکەوێتە لێژی. لەم نێوەدا هەر کەس و لایەن و هێزێکی سیاسیی ئێرانی بە جۆرێک خەریکی خۆ ئامادەکردن و خستنەڕووی بیروبۆچوون و ڕوانگەی خۆیان بۆ داڕشتنەوە و ئیدارەی داهاتووی وڵاتە. لەم نێوەدا ئەوەی بۆ کورد و بزووتنەوەی کوردستان گرینگە مافەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو شێوەکانیەتی کە هەر ئەم مافانە و باس‌کردن لەم مافانە بەردەوام جێگای ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی کوردستان و ناوەند و هێزە ناوەندگەراکانە. بە واتایەکی تر خاڵی لێک‌ڕاسان و پڕکێشەی کوردستان و ناوەندیش هەر ئەمەیە کە زیاتر لەوەی پێوەندیی بە حکوومەت و ڕێژیمێکی دیاریکراوەوە هەبێ، پێوەندیی بە دوو بیری لێک جیاوازن. لایەنێک کە هەتاکوو ئێستاش حاشا لە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکا و بە درێژایی مێژووی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بە هەموو شێوازێک ڕووبەڕووی بۆتەوە و لایەنێکیش بزووتنەوەی کوردستانە کە ڕۆژبەڕۆژ پێداگرتر لە جاران داکۆکی لە مافە زەوت‌کراوەکانی خۆی دەکا و ڕۆژ بەڕۆژ باڵا دەکا. هەرچەندە هەشە لەنێو هێزە سەرتاسەرییە ئێرانیەکاندا کە باس لە مافە نەتەوەییەکانی کورد وەکوو نەتەوە دەکەن و گەڵاڵە و بەرنامەی دیاریکراویشیان هەیە، نموونە وەکوو ڕوانگەی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران. بەڵام لەم بازنەیەدا قسە لەسەر ئەو هێزانەیە کە بە ڕوانگەیەکی فاشیستی و پان‌ئیرانیستییەوە حاشا لە کورد وەکوو نەتەوە و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن. نموونەی ئەمانە بە درێژایی ئەم ساڵانە دیتراوە کە تەنانەت مافی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک بە کورد ڕەوا نابینن. ئەگەرچی زمانی کوردی لەسەر قسەی ئەم جۆرە فکر و کەسانە پەکی نەکەوتوە و نەک ڕاناوەستێ و ڕانەوەستاوە؛ بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردندا بووە و هەیە، و ئەوەی لە ڕاستیدا نەماوە و چووەتە ژێر ڕکێفی زمانی دیکەوە زمانەکەی ئەوان واتە فارسییە. بەهەر حاڵ ئەوەی کە لەم ماوەیەدا زیاتر لە هەموان بووە جێگای قسە و باس و زیندووکردنەوەی ئەم عەقڵییەتە نەزۆکە، قسەکانی ڕەزا پەهلەوی و بە دوای ئەودا ڕەگەزپەرستیی هاوبیرەکانی ئەو وەک حوسێن شەریعەتمەداری لە سەر نەتەوە نافارسەکان و حاشاکردن لە مافەکانیان لە لایەن ئەوانەوە بوو، کە دژکردەوە و بەرەنگاریی بەرحەقی حیزبی دێموکرات و چالاکانی سیاسیی کورد و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا هەروەک باس کرا، ڕووبەڕووبوونەوەی کورد تەنیا لەگەڵ حکوومەتێکی دیاریکراو نییە بەڵکوو ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ڕوانگە و عەقڵییەتێکە کە زۆر جار  خراپتر و دواکەوتووانەتر لە دەسەڵات هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە کورد و مافەکانی خستووەتە ڕوو. بۆ وێنە زۆر جار پان‌ئیرانیستەکان هەڵوێست و ڕوانگەیان بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان هیچ دەسکەمێکی لە کۆماری ئیسلامی نییە و بگرە زۆر خراپتر لە کۆماری ئیسلامییش جووڵاونەتەوە. هەڵبەت بە خۆشییەوە ئێستا لە هەموو کات زیاتر بزووتنەوەی کوردستان ئامادە و لە سەر خەتە و گەشەی بیری نەتەوەیی خەڵکی کوردستانیش خاڵی بەهێز و جێگای ئومێدی بزووتنەوەکەیە. لە ڕاستیدا نە ڕێژیمی پەهلەوی و نە ڕێژیمی ئێستا و نە پاشماوەی پان‌ئیرانیست و فاشیستە ناوەندگەراکان نەیتوانیوە پێش بە گەشە و پێشوەچوونی بیری نەتەوەیی کورد و بزووتنەوەی کوردستان بگرن، و لە چەندین و چەندین بۆنە و ڕووداوی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەم گەشەی نەتەوەیی و پێداگرییەی خەڵکی کوردستان لە مافە نەتەوەییەکانیان بەئاشکرا و زۆر یەکگرتووانە خۆی نیشان داوە. لەلایەکی دیکەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە بە درێژایی ئەم ساڵانە سەرەڕای هەموو تێچوو و قوربانییەک کە لەپێناو نەتەوەکەیان داویانە، سەربەرزانە لە مەیدانی خەباتدا مانەوە و لە ڕاستیدا خاڵی دیکەی بەهێزی بزووتنەوەی کوردستان هەر ئەم مانەوە و خەبات و تێکۆشانەی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە بەخۆشییەوە کۆماری ئیسلامی و هاودەستەکانی سەرەڕای سەرکوت، تێرۆر، زەبروزەنگ و تاقیکردنەوەی سامناکترین چەکی کۆمەڵکوژ نەیانتوانی مەیدانی خەباتیان پێ چۆڵ بکەن و لە خەڵکی خۆیان داببڕن. ئێستا کە باس لە داهاتووی ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی و هاتنەبەرباسی عەقڵییەت و ڕوانگە جۆربەجۆرەکانی ئێران دەکرێ. بەخۆشییەوە کورد و بزووتنەوەی کوردستان بەڕێکخراوتر لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێرانە و ترسی نەیارانی کوردیش هەر ئەم خاڵە هەستیارەیە. ئەم ئامادەیی و لەسەر ‌پێ‌بوون و لەسەر هەست‌بوونەی بزووتنەوەی کوردستانیش هەر وا ئاسان بە دەست نەهاتوە. بە هەزاران هەزار قوربانیی بۆ دراوە. ڕێبەرانی تیرۆر کراون، شار و دێهاتی لێ وێران کراوە و هەزاران پیر و لاو و ژن و پیاوی سەروماڵی خۆیان لە سەر داناوە. ئەگەر خەڵکی کوردستان بیر لە داهاتووی کوردستان و بزووتنەوە بەرحەقەکەی دەکەنەوە و لە هەڵوێست و ڕوانگەی لایەنی بەرانبەری خۆیان ئاگادار و تووڕەن، پێویستە ئەو دوو خاڵەی کە باس کرا زیاتر لە هەمیشە بەهێز بکەن و بە تایبەتی ئەوەیان لەبیر بێ کە ڕەمزی سەرکەوتنی کورد و کوردستان تەنیا و تەنیا یەک شتە، ئەویش یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کوردستانە. ئەمە قسەیەکی دووپاتە و سواو نییە و لە ڕاستیدا ستراتیژییە. تەجروبەی هاونیشتمانەکانمان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان زیاتر لە هەموو کات ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخا.