کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی یاخی لێکەوتەی ئیدئۆلۆژیی ڕەها و سەرەڕۆیە

20:19 - 1 پووشپەڕ 2722

بنەڕەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هەر سووچێکەوە سەیر بکرێ، نەک هیچ وێکچووییەکی لەگەڵ دەسەڵاتە دێموکراتیکەکانی دنیا نییە، بەڵکوو پێک‌دژیی ڕەها و بنچینەییشی لەگەڵ ئێلێمانەکانی هەرجۆرە دەسەڵاتێکی سیاسیی سەردەم هەیە. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی سەرلەبەری یان بەتەواوی دژی بایەخە مرۆیی و دێموکراتیکەکانە، یان ئەگەر خۆ لە خاڵێکیشدا باسێک لە ماف و بەرژەوەندییەکانی "خەڵک" هاتبێتە گۆرێ، ئەوا "کاربەدەستان" لە مەیدانی کردەوەدا بە هیچ جۆر خۆیان دەروەست بە جێبەجێ‌کردنی نەزانیوە. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژەیەک بە ئەسڵی سێهەمی یاسای بنەڕەتیی ئەو ڕێژیمە بکەین کە ١٦ بەند لە خۆی دەگرێ و لە بەندی ١٤دا باس لە مافی ‌وەک‌یەک، یەکسانی و دابینکردنی ئەمنییەتی داد بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەکا کە بێگومان ئەگەر کاربەدەستانی ڕێژیم باوەڕیان بەو دەق و نێوەرۆکە هەبا، ئێستا کۆمەڵگەی ئێران تووشی وەها دۆخێکی تڕاژیدیک نەدەبوو. ئاشکرایە کاتێک کە باس لە وەک‌یەکی و یەکسانیی دادپەروەرانە لە دابەشکردنی داهات و سامانی وڵات دێتە گۆڕێ و دابینکردن و جێبەجی‌کردنەکەی بە پێشمەرجی ڕەوایی دەسەڵات لەلایەن حکوومەتەوە وەک مەرجی نەگۆڕ دادەنرێت؛ ئەمە واتە دەراوێشتەی چەمکی دادپەروەرییە لە نیزامی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەر وڵاتێکدا. بەڵام ئەوەی لە ئێران ڕوو دەدا ناتەبا لەگەڵ هەموو ئەو بایەخە جیهانداگرانەیە و دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران خۆی دەربڕی جیاوازیی ڕوانگەی سیستمی سیاسیی وڵات بۆ مافی خەڵک لە چاو سیستمە سیاسییەکانی دیکەی دنیایە، جیاوازییەک کە دوورکەوتنەوە لە دادپەروەری و یاخی‌بوون لە بایەخە دێموکراتیکەکان و خۆدزینەوە لە دابینکردن و پاراستنی مافە گشتییەکان، تایبەتمەندییەکی دیاری ئەم ڕێژیمەیە. "جان ڕاولز" بنەماکانی دادپەروەری لەسەر بنەڕەتی دوو جۆر ئازادی بۆ هەموو هاووڵاتییان دادەڕێژێ: ئازادیی باوەڕ و ئازادیی ڕادەربڕین. ئەو دەرفەتەکانی گەیشتن بە دادپەروەری وەک بەهایەکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکا و لە بۆچوونەکانیدا باسی "نەتەوە باش پەروەردەکراوەکان" و "مافەکانی خەڵکانی باش" دێنێتە گۆڕێ و بنەماکانی لە چوارچێوەی "گرێبەست و بەرپرسایەتییەکان"دا دادەڕێژێ. داننانی ئەو خواستەش لەلایەن خەڵکەوە بەپێی ئەوە کە ڕێککەوتنەکان" مافی وەک‌یەک بۆ هەمووان لە بەرچاو دەگرن، بنەڕەتی دادپەروەری لەسەر بناغەی یەکسانیی گشتگیر پێناسە دەکا. بەڵام لە بەرانبەر ئەو خەڵکە باشەدا زۆرجار حکوومەتی یاخی و پێشێلکەری یاساش قوت دەبنەوە کە بە نواندنی هێز و دەکارکردنی زەبروزەنگ دەخوازن بە زەوتکردنی مافی خەڵک و پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتننانە، خەڵک و هەمووان ناچار بە مل‌ڕاکێشان بۆ داخوازە ناڕەواکانیان بکەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەی دیار و زەقی ئەوجۆرە سیستمە سیاسییانە لە پێشێلکردنی مافی خەڵکە، هۆکارەکەشی بۆ داننەنان بە ماف و ئازادییە تاکایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵك و خۆفەرزکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم وەک ڕێبەرانی خۆهەڵبژاردە! و وەلانانی هەموو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرهێنان و پەروەردەی سەردەمیانەی کۆمەڵ دەگەڕێتەوە. چەمکی دادپەروەری خۆی ڕەگی لە بارهێنان لە ناخی تاکەکاندا داکوتاوە و باوەڕهەبوون بە دادپەروەری و ملکەچ‌بوون بۆ ئەو بایەخە کۆمەڵایەتییە، بۆ بارهێنانی گشتی لەسەر تەوەری دادپەروەری دەگەڕێتەوە و ئەو پەروەردە و بارهێنانەش لە ڕێگەی سیستمی فێرکاریی ئەو نیزامە سیاسییەوە جێ دەخرێت کە دەسەڵاتی وڵاتی بەدەستە. ئاست و بڕ و چۆنیەتیی مێتۆدە فێرکاری و جێ‌کەوتنەکانیشی لە کۆمەڵگەدا بەتەواوی گرێدراویی ڕاستەوخۆی بە جۆری بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی سیاسی و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگەوە هەیە. خۆ ئەگەر بەڕێوەبەریی سیاسی و چەقی دەسەڵات لە هەر کۆمەڵگەیەکدا هەڵگری توخمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و عەداڵەت‌تەوەر بن، ئەو کۆمەڵگەیە تووشی دابڕان، هەڵاواردن و نادادپەروەری نایەت. تیوریی دادپەروەریی ڕاولز لەمەڕ یاسای نەتەوەکان بۆ بناخەدانانی سیستمێکی لیبڕال دێموکراتیک لەسەر بنەمای پەرەدان بە مافەکانی تاک لە هەمبەر سیستمی سیاسی دەوەستێ. ئەو تیۆرییە لەبارەی "دادپەروەریی دابەشکاری" و "پەرەدانی دادپەروەری وەک بنەڕەت" بەدوای دابینبوونی مافەکانی تاک لە قەوارەی سیستمی دێموکراتیکدا دەگەڕێ و یاخیگەری و هەوسارپچڕاویی دەسەڵات‌گەلی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆرەی باکوور لە هەمبەر خەڵکی وڵاتەکەیاندا باشترین دەرکەوتەی باوەڕنەبوونی ئەو سیستمە سیاسییانە بە بنەماکانی دادپەوەریی کۆمەڵایەتیی ڕاولزن. فاکت و بەڵگە بۆ سەرەڕۆیی و یاخیبوونی سیستمی دەسەڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرن. ئەو یاخیبوونە هەم لە نێوخۆی وڵات سەرکوت و زەبروزەنگی خەڵکی لێ دەکەوێتەوە، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێشێلکردنی ڕێوشوێنە جیهانییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەی بەدوودا دێت. بۆ نموونە خاوەندارێتیی کۆماری ئیسلامی لە میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە لە بەرژەوەندیی خۆی و تێکدانی نەزمی نێودەوڵەتی خۆی وێنای لاساری و یاخیبوونی ڕێژیم لە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو یاخیبوونەدا ئەوەندە چۆتە پێشێ کە تەنانەت پێناسەکانی تیۆریی نوام چامسکی لەبارەی دەوڵەتی یاخییشی تێ‌پەڕاندوە. باسەکەی جان ڕاولز لەپێوەندی لەگەڵ تیوریی دادپەروەریدا کە بەشێکی ئەو لەبارەی دادپەوەریی دابەشکردنە، پتر لایەنی ڕەچاوکرانی ماف و بەرژەوەندییەکانی تاک ئەویش لە سیستمی لیبڕاڵ دێموکراتی مەبەستە. ڕوونە کە بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی لە سیستمەکانی لیبڕال دێموکراتدا لەچاو ئێران هیندەی ئاسمان و زەوییان مەودایە. بەڵام باسی گشتگیریی دادپەروەری و بڵاوکردنەوە و پەرەدانی لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەدا پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە دابەشینی دادپەروەرانەی داهات و مافی هاووڵاتیبوون هەیە. جان ڕاوڵز لە تیوریی دادپەروەریدا تەوەرەکانی پێوەری تاک لە گشتاندنی دادپەروەری لە کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە داخوازەکانی دەستنیشا دەکا و مەسەلەی دابینبوونی بژیو و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە دەرەوەی مافەکانی تاک دادەنێ و پێی وایە کە دەستەبەرکردنی بژیوی ڕۆژانە و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان کەمترینی ئەو خزمەتگوزارییانەن کە هەر سیستمێکی سیاسی دەبێ بۆ خەڵک خۆی دابین بکات. بەڵام لە بەیەکگرتنی ئەو تیۆرییە لەگەڵ دۆخی ئێراندا دەبینین کە دەسەڵات لەم وڵاتەدا چۆن لە خەڵکەکەی یاخی بووە و چەندە نادادپەروەری لە سۆنگەی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەوە لە کۆمەڵگە بنجی داکوتاوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەر لەگەڵ هاتنەسەرکاری سەرەڕای زۆری و زەوەندیی سەرچاوەکانی دابینکردنی خۆراک بەڵام وەک کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە ئازوقە و بژیوی ژیانی سنووردار کرد. ئەم ڕەوتە لە باسی "کۆپێن"ەوە بگرە هەتا "یارانە" لەلایەک پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی تاکەکانی کۆمەڵگە و لەلایەکی دیکە شکاندنی کەسایەتی و بێ‌ڕێزی بە کەرامەتی خەڵک بووە. یاخیبوونی یەک بە یەکی کاربەدەستان لەو سیستمەدا بەنیسبەت بەرپرسایەتییەک کە لە کۆمەڵگەدا هەیانە، لە سنووری سەرەڕۆیی تێپەڕیوە و بۆ ئەوەش هەر ئەوەندە بەسە سەیری قسەکردن و زارهەڵپچڕانی بەرپرسانی ڕێژیم بکەین کە بێ هیچ پارێز و ڕەچاوکردنێک سووکایەتییان لێ دەبارێت. ناشکرێ پێناسەیەکی تایبەت و گشتییش لە جۆری ڕوانین و هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە چوارچێوەی ئەخلاق و بەها ئایینیەکان بەدەستەوە بدەین، چونکی جۆر و ڕەگەزی تێهزرینی چەقبەستووی ڕێبەرانی ڕێژیم ڕەنگبێ بە بایەخە ئایینیەکان ڕەنگڕێژ کرابێ؛ بەڵام بە سەرنجدان بە زۆر فێرکاری و پەروەردەی ئایینی دەبینین کە ڕەفتاری کاربەدەستانی ڕێژیم بێ‌نێوەرۆک و لە دەرەوەی بازنەی هەرچەشنە ئەخلاقێکی ئایینیشە. ئەوەی لە ئێران ڕوو دەکا کەڵکاژۆیی لە ئایین و سەنگەرگرتن لە پشتی ئایینیشە تا ئەو جێگەیەی هەژاری و بێ‌ئەنوایی لە سۆنگەی سیاسەتی ڕێبەرانی ڕێژیم ئەوەندە ڕەگ دابکوتێ و پەل باوێ کە ئاسەوارێکیش لە توێژی نێونجیی کۆمەڵگە نەمێنێتەوە. یاخیبوون، سەرەڕۆیی و سنووربەزاندنی رەهای سیستم بە نیسبەت کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی سەرەڕای هەموو خەسارەکان گەندڵیی سیستماتیکی لێ کەوتۆتەوە، گەندەڵی تا ئەو ڕادەیە کە سەرلەبەری ئەو ڕێژیمە دابگرێت. سیستمی سیاسیی ئێران بەهۆی بێ‌باوەڕبوونی بە جێگەی و پێگەی مرۆڤایەتی و ستاندارد و مەنشووری مافی مرۆڤ وەک تۆمۆرێکی شێرپەنجە ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەی ئێرانی بەبارمتە گرتوە. سروشتی و ڕوون و ئاشکرایە کاتێک بەشی هەرەزۆری داهات و سامانی گشتیی وڵات بۆ تەیارکردنی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان بە مەبەستی نانەوەی کێشە و ناسەقامگیری لە ناوچەدا خەرج دەکرێ، ڕێژیم دەست دەباتە نێو سفرەی خەڵک و خوانی خەڵک هەتا دێ چووک و چووکەتر دەبێتەوە. ئەوەی بۆ ئەو ڕێژیمە گرینگە تەنیا و تەنیا مانەوەی لە دەسەڵات‌دایە و لەو پێناوەشدا هیچ سنوورێکی ئەخلاقی ناناسێت، لە پێشێلکردنی ماف و کەرامەتی مرۆڤەکانەوە هەتا سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خواردن و بژیوی سەرەکیی ژیان. ئەم ڕێژیمە بژیوی خۆی لە بێ‌هێزکردنی خەڵک و قوتدانی هەموو پێداویستییەکانی خەڵک وەردەگرێ و یاخیگەری و تەماحەکەشی هیچ سنوورێک ناناسێت.