کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٨٤ کۆڵبەر و کاسبکار لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا

02:31 - 2 پووشپەڕ 2722

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا ٨٤ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز لەو ٨٤ کۆڵبەرە ١٠ کەسیان کوژراون و ٧٤ کۆڵبەریش بریندار بوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ٥٣ کۆڵبەر و کاسبکار ناوچە سنوورییەکانیان کوژرابوون و بریندار بوون، ئەو ئامارە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵکشانێکی زیاتر لە سەتا ٥٠ی بە خۆیەوە بینیوە. "چاونیوز" رایگەیاندوە کە هەر لەو ماوەیەدا دوو کەسی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی عوسمان وەیسی، تەمەن ٣٣ ساڵ و کەیوان کەڵەوێنجەیی شەوی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللە و بەتوندی بریندار کران. کوژران و برینداربوونی ٨٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٤٠٠)یشدا ٢١٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار ببوون. لەو ٢١٧ قوربانییەی ساڵی ڕابردوو ٥٥ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٦٢ کەسیش بریندار ببوون.