کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٢١١ کەس لە کوردستان بەتۆمەتی چالاکی دژی ڕێژیم

02:32 - 2 پووشپەڕ 2722

لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا ٢١١ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگایی‌کرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٤٨ کەس لەوان حوکمی ٣ مانگ تا ٥ ساڵ زیندان سەرجەم 1111 مانگ ( ٩٢ ساڵ و ٧ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە لە سێ مانگی هاوشێوەی سالی ڕابردوودا ١٢٦ کەس گیرابوون، ئاماری دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە نیزیک بە سەتا ٦٠ زیادی کردوە. هەروەها لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا سێ بەندکراوی کورد (میلاد جەعفەری و موحسین عەباسی خەڵکی کرماشان و سەواد ئەلیاسی خەڵکی کامیاران) لە زیندانەکاندا بەهۆی ئەشکەنجە و هەروەها پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەست داوە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردووش (١٤٠٠)یش لانیکەم ٥٨١ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٥٨١ کەسە لانیکەم ١٣١ کەسیان دادگایی و سزای لە مانگێک تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدام و سەرجەم ٦٦٨٩ مانگ (٥٥٧ ساڵ و ٥ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپابوو.