کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی نەتەوەکان و هاوکارییان لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا

02:42 - 2 پووشپەڕ 2722

بۆ ئەوەی بچینە نێو باسی پرسی نەتەوەکان و چەندی‌وچۆنیی هاوکاریی نێوانیان لە ئاستی سەرانسەریی وڵاتدا پێویستە ئاوڕ لە دوو مەسەلەی گرنگ بدەینەوە. یەکەم ڕاستییەکانی پێکهاتەی نەتەوەیی ئێران و دووەم هێزەکانی دژبەر و یا هاوتەریب لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا. لە کەس شاراوە نییە کە سەرەڕای ئەوەی نیزیک بە سەدەیەکە لەلایەن نوخبە و دەسەڵاتدارانی نەتەوەی فەرمانڕەواوە کار بۆ تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان دەکرێ و ئێران بە دەوڵەت-نەتەوە دادەنرێ، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو ئامانجە دەستەبەر بکەن. نەتەوە ژێردەستەکان نەک تەنیا نەتواونەوە، بگرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆیبوون و شوناسخوازی پتر لە نێویاندا پەرەی گرتوە. ئەوەندەی پەیوەندیی بە نەتەوەی کوردەوە هەیە، لەوەش زیاتر چووەتە پێش و ئەم شوناسخوازییەی کورد هەم گەشەی سیاسیی کردوە و هەم ئەو نەتەوەیە خۆی ڕیک‌خستوە، چ لە شیوەی تێکۆشانی حیزبیدا، چ لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. لەلایەکی دیکەوە هێزی نەتەوەی فەرمانڕەوا کەلێنی زۆری تێ‌کەوتوە و بە سەر چەند نیمچە بەرەدا دابەش بووە. تا ئێستاشی لەگەڵ بێ گەورەترین هێزیان کە بە هەموو جۆرە چەکێک چەکدارە، نیمچەبەرەی "نیزام"ی کۆماری ئیسلامییە، بە هەموو دەستە و گرووپەکانی نێو ئەو نیزامەوە، بە توندئاژۆ و ئیسلاح‌تەڵەبەوە، بە لایەنگر و موماشات‌خوازەوە. ئەو بەرەیە ئێستا لە تەنگانەیەکی زۆر و چارەسەرنەکراودایە. قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنییەتییەکان بەرۆکی گرتوون و زۆر ئاستەمە بتوانێ لیی دەرچن. ئەو قەیرانانە کە بەرهەمی سیاسەتی هەڵە، کارلێنەهاتوویی بەرپرسان و ئیدئۆلۆژیی چەقبەستووی نیزامن، بە هیچ جۆرێک ناتوانن لەلایەن خودی ئەو نیزامەوە چارەسەر بکرێن. هۆیەکەشی ئەوەیە کە هەموو ئەو قەیرانانە بەهۆی شوناس و سروشتی تایبەتی ئەو نیزامەوە خوڵقاون بۆ چارەسەرکردنیان پێویستە ئەو سروشت و شوناسەی نیزام بگۆڕدرێ، کە لەو حاڵەتەشدا ئەو نیزامە دەڕووخێ. بۆیە ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێو جەغزێکدا گیری خواردوە کە بۆ دەربازبوون ڕوو لە هەر لایەک بکا دەبێ بەسەر بەشێک لە بوونی خۆیدا باز بدا و لایەک لە ڕێژیمەکەی بکاتەوە. خۆ ئەگەریش هەر لەنێو ئەو جەغزەدا بخولێتەوە، بێگومان ڕۆژێک لە ڕۆژان تووشی داڕمان دەبێ. کەواتە بەوە دەکرێ ئەو ئەنجامە وەربگرین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەقامگیری و داهاتوویەکی دوورودرێژی نییە. ئەوەش کە لەوبەری جادە ڕاوەستاوە، بە ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە، لە ڕاستیدا بە سەر چەند نیمچە بەرەدا دابەش بوون. بەشی سەرەکی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازیی نێوخۆی وڵاتن کە هیچ هیوایەکیان نە بە ڕێژیم و نە بە گۆڕانکاریی دێموکراتیک لە ڕێژیمدا نەماوە تا گیروگرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکا. لەنێو خەڵکی نێوخۆشدا بۆچوونی جیاواز هەیە و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە بۆ ئاڵتەرناتیڤی ڕژیم دەڕوانن. ئەوان هێزی سەرەکی و ئەسڵی بابەتەکەن، بەڵام ڕێبەری و پلاتفۆڕمی هاوبەشیان نییە و بەباشی خۆیان ڕێک‌نەخستوە. ئەو بەشە دەستی لە ڕێژیم هەڵگرتوە و دروشمەکانیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕادیکاڵتر دەبن. بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ئەو خەڵکە هەرچەندە تا دێ بەرفرەوانتر و گەورەتر دەبێ، بەڵام لەبەر ئەوەی نەخشەڕێگا و ڕێبەرایەتیی تۆکمە و دیاریکراوی نییە، لە نێوخۆیدا پرش‌وبڵاو و خاوەنی فرە گوتارییە. وەک چۆن بەشێکی لە بێ‌هیواییان پەنا دەباتەوە بەر ڕابردوو و لە جیاتی پلان بۆ داهاتوو، بە شانازیی نەبوو و شان و باهۆی دیکتاتۆری پێشوو هەڵدەڵێ. واتە لە کۆتەرەدار ڕەوینەوە و بە سەر بەرازدا کەوتن و خولانەوە بە دەوری جەغزێکی باتڵدا. لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەشدا ئەوەیان وەک دەرفەتێک قۆستوەتەوە تا وەک ساڵی ١٣٥٧ چەترێک بۆخۆیان بدۆزنەوە تا لەژێر سایەیدا بە نان و نەوایەک بگەن و دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. بەڵام بەشی هەرەزۆری ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ کە دەتوانم بڵێم زیاتر لە سەتا٧٠٪ ی کۆمەڵگەی ئێران دەگرێتەوە، ئەگەرچی لە ڕێژیم بێزراون، بەڵام تا ئێستاش ئاڵتەرناتیڤی جێگای باوەڕی خۆیان نەدۆزیوەتەوە. هەربۆیەش جارێ وزە و پوتاسیەلی خەباتگێریی خۆیان بەتەواوی بەکار ناهێنن و پاشکەوتی دەکەن. لە نێوخۆ دا وەک ئاماژەم پێ کرد نەکراوە و نەتوانراوە پلاتفۆڕمێک وڕ ێبەریەکی هاوبەش پێک‌بێ و، لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیشدا ئاڵتەرناتیڤێکی جیددییان پێ شک‌نایە. ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش کە هەمووان هەوڵیان ئەوەیە خۆیان لەو هێزەی نێوخۆ بە خاوەن بکەن و بە هۆیەوە جڵەوی دەسەڵات لە تاران بەدەستەوە بگرن، چوار نیمچە بەرەی جیاوازن: نیمچە بەرەی سەڵتەنەت‌خوازەکان بە مەشڕووتەخواز و پاشایەتی‌خوازەوە. ئەوانە دەیانهەوێ لە نەبوونی ئاڵتەرناتیڤدا لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن و بە خەرجکردنی ئەو سامان و دراوەی کاتی خۆی لە خەزێنەی گەلانی ئێرانیان وەدرەنا و دۆڵاری ٧ تمەنییان پێ کڕی و لە لۆس‌ئەنجلس و سانفڕانسیسکۆ و ناوەندە گرنگەکانی دیکەی ئابووریی دنیای ڕۆژئاوا وەبەرهێنانیان پێ کرد و هەروەها بە ئیمکاناتی وڵاتانێک کە دوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش گەرەکیانە بە قازانجی خۆیان چەرخی دەسەڵاتداریی لە ئێراندا هەڵسووڕێنن؛ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بن و جارێکی دیکە سیستمێکی شکستخواردووی چەندین دەیە لەمەوبەر زیندوو بکەنەوە. نیمچە بەرەیەکی دیکە بریتییە لە کۆماریخوازەکان بە هەموو تەیفە جۆراوجۆرەکانیانەوە. هەر لە جەبهەی میللی و ڕێکخراوی کۆماریخوازانەوە بگرە، تا شوڕای گوزار و کەسایەتییەکان و مێدیا فارسی زمانەکان. ئەوانیش دوو خەم و داڵغەی سەرەکییان هەیە. گرتنەدەستی دەسەڵات و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران. ئەوانەش لە فۆبیای پەرەگرتنی خەباتی نەتەوە ژێردەستەکان و دابەشبوونی ئێران، ئامادەن لەگەڵ شەیتانیش یەک بگرن، هەربۆیە هەرچەند بە قسەی خۆیان کۆماریخوازن، کەچی ئامادەی هاوکاری و تەنانەت یەکگرتن لەگەڵ سەڵتەنەت‌خوازەکانیشن. نیمچە بەرەیەکی دیکە حیزب و ڕێکخراوە چەپەکانن بە هەموو شەبەنگ و جۆرەکانیانەوە. داڵغە و دڵەڕاوکێی ئەوانیش بەدەستهێنانی مۆڵەتی چالاکیی سیاسی لە نێوخۆ و یارمەتیدان بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە. بەشێک لەو لایەنانە وەک حیزبی توودە و چریکە فیداییەکانی ئەکسەرییەت ئێستاش ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێگایان پێ بدا بە ئازادی بچنەوە نێوخۆ، بە سەرەوە دەچنەوە و دەست بە دانی دروشمی دژی ئیمپڕیالیستی دەکەنەوە. خۆ ئەگەر فشاریشیان بۆ هات دیسان وەک پەنابەر ڕوو لە وڵاتانی بە قەولی خۆیان ئیمپڕیالیست دەکەنەوە. بەشێکی دیکە لە ڕێکخراوە چەپەکان ئەگەرچی بەپرەنسیپن، بەڵام زۆر لاواز و پرش‌وبڵاون. هێزێکی چالاکی دیکە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانە. کە هەر بە مێتۆد و دروشمی نیزیکەی پێنج دەیە لەمەوبەری خۆی کار دەکا، بەڵام زۆر بەباشی لە میکانیزم و کەرەستەکانی سەردەم، بەتایبەتی دیپڵۆماسی کەڵک وەردەگرێ. ئەو ڕێکخراوەیە لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژی و هێژمۆنیی خۆیدا دەیهەوێ تا ڕادەیەک ئاوڕ لە مەسەلەی نەتەوەکانی ئێرانیش بداتەوە و تەنانەت ڕایگەیاندوە ئامادەیە کە ئەو گەڵاڵەی خودموختارییەی کاتی خۆی لە ساڵی ١٣٦٢ (١٩٨٣)دا لەگەڵ حیزبی دێموکرات ئیمزای کردوە، بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشی بەڕەسمی بناسێ. بەڵام ڕێکخراوی موجاهیدینیش دوو گرفتی گەورەیان هەیە. یەکەمیان هێژمۆنی‌خوازییە کە لەگەڵ دێموکراسی (کە ویستی بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئێرانە) یەک ناگرێتەوە. دووەمیشیان دەسەڵاتی دینی "واتە ئیسلامی سیاسی"یە کە دوای ئەو نموونە ڕەشەی ڕێژیمی خومەینی لە ئیسلامی نیشان دا، گومان لەوەدا نییە کە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا لایەنگری زۆر کەمە. هەڵبەت ڕێکخراوی موجاهیدین لەم دواییانەدا باسی حکوومەتی سێکولار دەکەن و دێموکڕاسییش هەر لە کۆنەوە ویردی سەر زمانیانە. ئەوان ئەگەر واز لەو هێژمۆنی‌خوازییە بێنن و بە ڕاستی بیانهەوێ پشتیوانی لە دەوڵەتی سێکولار، دێموکراسی و مافی نەتەوە ژێردەستەکان بکەن، دەکرێ لەگەڵ حیزب و ڕیکخراوە نەتەوەییەکان بۆ ڕووخانی ڕێژیم هاوکاریی مەیدانییان هەبێت. لەبەرامبەر ئەو بۆچوون و ڕێکخراوە جۆراوجۆر و جیاوازانەی سەرانسەری لە ئێرانیدا، هێزەکانی سەر بە نەتەوە ژێردەستەکان هەن کە هێزە کوردییەکان لەنێویاندا ڕێکخراوترین و بەهێزترینیانن. ئەو هێز و لایەنە نەتەوەییانە ئەگەر بیانەوێ لە ئێرانی داهاتوودا جێگە و پێگەی شیاوی خۆیانیان هەبێ، پێویستە لە نێوخۆیاندا یەک بگرن و لەسەر سیستمی فیدڕاڵی لە سەر بنچینەی پێکهاتەی نەتەوەی پێ دابگرن. ئەوان نابێ، هاوکاری هیچ هێزێکی سەراسەری بکەن، یان لەگەڵیان بچنە بەرەیەکەوە کە باوەڕیان بە فرەنەتەوەبوونی ئێران نەبێ و هیچ بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەکان نەبێ. ئەگەر ئەوان بۆخۆیان یەک بگرن، گومان لەوەدا نییە کە دەبنە گەورەترین هێزی گۆڕەپانی ئێران و هەر دەسەڵاتێک لە تاران بێتە سەر کار، ناچار دەبێ حیسابیان بۆ بکا و گوێ لە داواکانیان بگرێ. بەڵام داینامۆی وەڕێخستن و تەوەری لێک‌کۆکردنەوەی ئەو هێزە نەتەوەییانەش دەکرێ بەرەی کوردستانی بێ. واتە حیزبە کارلێهاتوو و بە نفوزەکانی کورد پێویستە لە پێشدا نێوماڵی خۆیان ڕێک بخەن، پاشان لەگەڵ یەکتر بەرەیەکی کوردستانی پێک بێنن و ئەو بەرەیەش دەتوانێ ببێتە میحوەر بۆ پێکهێنانی بەرەی نەتەوە ژێردەستەکان. گەورەترین ڕۆلیش بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دەتوانێ حیزبە گەورەکەی دێموکڕات وەعۆدەی بگرێ. بەڵام پێویستی سەرەکی بۆ ئەو ڕۆڵە گەورەیە وەسەریەک خستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و ڕێکخستنەوەی حیزبە خۆشەویست و بەنفوزەکەی دێموکراتە.