کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیس و پڕۆژەیاسای دەست‌ئاوەڵاکردنی حکومەت بۆ کوشتنی خەڵک

02:43 - 2 پووشپەڕ 2722

لە سیستمی سیاسیی هەموو ئەو وڵاتانەی پارلەمانیان هەیە، پارلەمان واتای نوێنگەی ئیرادەی یاسایی و حقووقیی خەڵکی ئەو وڵاتەیە. بە واتایەکی دی نوێنەرانی خەڵک لەوێ هەوڵ دەدەن بۆ وەدیهێنان و پاراستنی ماف، ویست و داخوازییەکانی خەڵک و، هەروەها پەسندکردنی یاساگەلێک کە بە سەرنجدان بە واقعەکانی کۆمەڵ ئاستی ژیان و پێشڤەچوونەکانی کۆمەڵگە بەرەوسەرتر ببا و بە دابەزاندنی چوارچێوەیەکی دروست لە قەوارەی یاسایی وڵاتدا، پێشکەوتوویی، چاکسازی و دادپەروەری بکرێتە بەردی بناغەی بەڕێوەبەریی وڵات. ئەوە خۆی دەبێتە پێکهاتنی هاوسەنگی و هەڵسوکەوتێکی مەنتقی و ئوسولی لەنێوان خەڵک و دەسەڵات لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە جۆراوجۆر و سەلمێنراوەکانی خەڵک و دیاریکردنی هەرچی باشتر و ڕوونتری ڕادەی ئەرک و دەسەڵاتی کاربەدەستان. کاتێک باسی پارلەمان، یاسا و نوێنەرایەتیی خەڵک لە پارلەمان و بازنەی دەسەڵات و ئەرکەکانی لە ئێراندا دەکرێ، پێویستە بەرچاوڕوونییەکمان لە مێژووی پارلەمان لەو وڵاتە و چۆنیەتیی دامەزرانی پارلەمان و ئەو قۆناخ‌گەلە هەبێ کە تاکوو ئێستا بڕیویەتی. چونکی یاسا پەسندکراوەکانی پارلەمان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی تەواو و دیاری هەیە بە سەر ژیان و هەڵسوکەوتی ئەو دوو بەردەنگە لەگەڵ یەکتر (خەڵک و دەسەڵات )؛ بەتایبەت لەو شوێنانەی کە باس لە پێشێلکاریی مافی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێ، یان باسەکە دەچێتە سەر ڕادەی دەست‌ئاوەڵەیی دەسەڵات لەبەرانبەر خەڵک بەنیسبەت ماف و داخوازییەکانیدا. هەر بۆیە لەدەسپێکدا پێویستە ئەوە بگوترێ کە پارلەمان نوێنگەی نوێنەرایەتیی ئیرادەی خەڵکە و هەرکات پارلەمان لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خۆی بە هەر هۆیەک لابدات، تای تەرازوو و هاوکێشەی هێز لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا بە لای دەسەڵاتداردا دەشکێتەوە و لەو سۆنگەیەوە خەڵک وەلا دەنرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێن. لەو وڵاتانەش کە دەسەڵاتی حاکم، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆڕ یان تۆتالیتێرە، یەکێک لە هەوڵەکانی دەسەڵات، قۆرخ‌کردنی پارلەمانە بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاری بێنێ، بەجۆرێک کە لە دوای ماوەیەک ئەو کەسانەی بە ناوی نوێنەرانی خەڵک دەچنە پارلەمان، لەڕاستیدا بەهۆی تێپەڕین لەو پاڵوێنانە ئەگەر بەتەواویش نوێنەری ڕاستەقینەی دەسەڵات (نەک خەڵک) نەبن لانیکەم نیزیک لە دەسەڵاتن کە بەڕواڵەت بە ناوی نوێنەرایەتیی خەڵک لەو پێگەیەدا جێ دەگرن. بەنی سەدر، یەکەم سەرکۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە نامەیەکدا بۆ خومەینی بۆی دەنووسێ: "ئاغای خومەینی! جەنابت ناتەوێ یاسای بنەڕەتیی وڵات جێبەجێ بکرێ. لە پرسە بنەڕەتییەکانی وڵاتدا جۆری هەڵسوکەوتی ئێوە بەجۆرێکە کە وڵاتی لەگەڵ مەترسیی فەنابوون بەرەوڕوو کردۆتەوە. ئێوە سەرۆک‌کۆمارێکی لاواز، دەوڵەتێکی بی‌دەسەڵات، پارلەمانێکی ژێرچەپۆکە و دەزگایەکی دادتان دەوێ کە ئامرازی هەڕەشە و لەنێوبردنی نەیارەکانتان بێت." ئەو نامەیە بەتەواوی بەڵگەیەکە لەسەر تەواوی کردەی پارلەمان و ئەو کەسانەی بەناوی نوێنەری خەڵک لەو شوێنەدا ڕێک خراون. تازە ئەو نامەیە ئی تەنیا سێ ساڵ دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوییە، واتە ئەوکاتە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هێستا بەتەواوی ناوەندەکانی دەسەڵاتیان قۆرغ نەکردبوو. ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا زۆری نەهامەتی لەدەست ئەو ڕێژیمە چاشتوە کە خۆپیشاندانەکانی ساڵەکانی 1401,98,96,88,78 دەراوێشتەیەکی ڕوون بۆ ئەو دۆخەن. لە هەموو ئەو ماوەیەدا پارلەمان لەجیاتی خستنە بەر باسی لایەحە و تەرحێک بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک و ڕێفۆڕم لە پێکهاتەی سیاسیی وڵاتدا، بە پەسندکردنی قانوون‌گەلی جۆراوجۆر خزمەتی بە پاوانخوازیی زیاتری دەسەڵات و ڕێ‌خۆشکردن بۆ سەرکوت و زەبروزەنگی پتر کردوە. تازەترین شاکاری مەجلیس باسی چاکسازیی قانوونی هەڵگرتن و بەکارهێنان چەکە کە ئەمجارەیان جیا لە هێزە نیزامی و ئینتیزامییەکان دەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیشی بۆ تەقەکردن لە خەڵک ئاوەڵا کردوە. ئەو باسە سەرەتا وەک لایەحەی دەوڵەت لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن کابینەی ڕووحانییەوە درا بە پارلەمان؛ واتە لەدوای پەیدابوونی قەیرانی ئابووری و دەرکەوتنی نیشانەکانی، بەڵام لەو ماوەیەدا لە پاڕلەماندا مایەوە و بە هاتنەسەرکاری ڕەئیسی جارێکی دی هاتەوە بەرباس. ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە ئێران لە بازنەی زەمەنیی دوو ساڵ دوو ساڵدا خۆپێشاندانی گەورەی سەرانسەری بە خۆیەوە بینیوە و لەو خۆپێشاندانانەدا، خەڵکی مەدەنیی ناڕازی بە دڕەندانەترین شێوەکان سەرکوت کراون، گیراون، ئەشکەنجە دراون و ژمارەیەکی بەرچاویش لەسەر شەقام و لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان، گاڕدی بەناو دژەشۆڕش و هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانەوە کوژراون و بریندار بوون. پارلەمان لەدوای ئەو ڕووداوانە و لەم ساڵدا لەسەر لایەحەی دەوڵەتی پێشوو، ڕەشنووسی تەرحێکی بە بەشداریی دەزگای داد و ستادی هێزە چەکدارەکان داڕشت. ئەو پڕۆژەیاسایەی کە ئێستا لەسەر بابەتی چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، یاساکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی. بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕانە چین کە قەرارە لەو یاسایەدا پێک بێن؟ دەوڵەت لەو پێوەندییەدا چەند شتی وەک ئاڵوگۆڕ لە یاساکەدا دەوێ: یەکەم، گۆڕینی دەستەواژەی "هێزە چەکدارەکان" بە "مەئموورە چەکدارەکان"ە. واتا هەر کەسێک کە بەپێی یاسا بتوانێ چەک هەڵگرێ و ئیزنی چەکداربوونی درابێتێ. دووهەم، ئەو کەسانەی کە لەلایەن شوێنە پێوەندیدارە یاساییەکانەوە بۆ پارێزگاری لە خۆیان چەکدار کراون، کاتێک تووشی تاوانێک بوون بەپێی هێندێك هەلومەرج و حاڵەت سزا نەدرێن و ئەگەر بەکارهێنانی چەک لەلایەن ئەوانەوە بە بەرگریی مەشرووع و ڕەوا بزاندرێ، پێویست بە دانی خوێنبایی نەکات. سێیەم، بۆ دەسبەسەرکردنی دزەکان، مرۆڤ‌ڕفێنەرەکان، باج‌ئەستێنەکان، لات‌ولووتەکان بە چەکی سارد و گەرم، قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان، بکوژەکان و کەسانێک کە هەوڵ بۆ کاری تێکدەرانە دەدەن، جگە لەوەی یاسای ئێستا ئیزنی بەکارهێنانی چەک لەکاتی هەڵاتنیان بە هێزە چەکدارەکان دەدات، لە هەوڵی ئەوە دان کە "هەوڵ بۆ بەرەنگاریشی " لێ زیاد بکرێ. ئەو ئاڵوگۆڕە لەو یاسایەدا ئیزنی بەکارهێنانی چەک لە کاتی ئاڵۆزی و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەنێو زینداندا بە مەئموورەکان دەدات. چوارەم: لە یاسای ئێستادا ئیزن بە هێزە ئینتزامییەکان دراوە کە لە ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکاندا بۆ سەرکوت و کپکردنی دەنگی خۆپێشاندەران بە دەستووری فەرماندەی عەمەلیات، چەک بەکار بهێنن. لەو ئاڵوگۆڕە نوێیە لەو یاسایەدا، ئەو ئیزنە بۆ مەئموورە ئەمنییەتییەکانیشە. بەکورتی لەو یاسایەدا کار بۆ دوو بابەتی بەرچاو و زەق کراوە کە یەکەمیان بەکارهێنانی مەئمووری چەکدارە لەجیاتی هێزی چەکدار؛ بەو مانایە هەرکەس کە ئەمری پێ کرابێ، حەقی بەکارهێنانی چەکی بەدژی خەڵک هەیە، نەک تەنیا ئەو کەسانەی کە لە یاسادا بەڕوونی دیاری کراون و ڕادە و چۆنیەتیی ئەو ئیزنەشیان بۆ شی کراوەتەوە. دووهەمیان لابردنی باری جینایی کردەوەکەیە، بەو جۆرە کە بەنیسبەت تاوانباری چەکدار ( مەئموور و هێزی چەکدار )زۆر بەزەحمەتتر لە پێشوو دەکرێ سکاڵا لە دژیان تۆمار بکرێ. هاوکات وشەی پارێزگاری‌کردن لەخۆ کە نامۆ و ڵێڵ پێناسە کراوە، دەستی چەکدارانی ڕێژیم ئاوەڵا دەکا کە هەرکات ویستیان یان ئەمریان پێ کرا بەبیانووی پارێزگاری کردن لەخۆیان دەست بۆ چەک بەرن و لەبەرانبەر ئەوەشدا دەسەڵاتی یاسادانەر هەر بۆ ئەو بەشە مافی بەرگریی ڕەوا بەو چەکدارانە دەبەخشێ و نەتەنیا ئەو بەرگرییە بۆ ئەوان بە ڕەوا دەزانێ بەڵکوو لە دانی خوێنباییش پەڕاوەی کردوون. بەمجۆرە دەسەڵات لەلایەک بازنەی دەست‌ئاوەڵایی چەکدارانی خۆی بۆ تەقەکردن لە خەڵک زیاد دەکا و هاوکات متمانە و بەڵێنی یاساییان پێ دەدا کە لەبەرانبەر بەکار‌‌هێنانی چەک لە هەر کاتێکدا کە بەپێویست زانرا، تووشی دادگا و سزا و تەنانەت جەریمە و خوێنباییش نەبنەوە. لەلایەکی دیکەوە بە پەسندکردنی ئەو یاسایە لەو بازنە زەمەنییەدا کە خۆپێشاندانەکان لە ئێران بەهۆی کێشە جۆراوجۆرەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێ و گەشە دەستێنن، هەوڵی سازکردنی نائەمنیی ڕەوانیی پتر و زیاترکردنی کەشی تۆقێنەر دەدا بەدژی خەڵک و خۆپێشاندەران. مەسەلەی دیکەش ئەوەیە کە دەستی خەڵک دەبەستێ بۆ سکاڵا تۆمارکردن لەبەرانبەر ئەو سەرکوتگەرانە لە دەزگای داد و سێبەری ئەمنی یاسایی بۆ ئەوانە بەرینتر کردۆتەوە. واتە دەسەلات ئەگەر تا دوێنێ بە ‌هێزە سەرەڕۆ و نەناسیاو و بەناو "خودجوش" خەڵکی سەرکوت دەکرد و دەیکوشتن، ئەمڕۆکە بەئاشکرا و بە بەقانوونی‌کردنی سەرکوتی خەڵک لەلایەن هەر چەکدارێکی سەر بەدەسەڵات، خۆپێشاندانەکان سەرکوت دەکا و خەڵک دەکوژێ و بکوژەکان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن. ئەوەی جێی ئاماژەیە کە ئەو ئاڵوگۆڕە –بەڕواڵەت چاکسازی لە قانوونەکەی پێشوودا- دژی ئەسڵ و بنەمایەکی زۆر سادەیە کە بە ئەسڵ و بنەمای تەقەنەکردن ناسراوە؛ واتا مەئموور دەبێ بەبێ بەکارهێنانی چەک ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێ. بەڵام بە پەسندکردنی ئەو ئاڵوگۆڕە لەو قۆناغەی ئێستای ئێراندا ئەرکی ڕاستەقینەی هێزە چەکدارەکان یان باشتر بڵێین مەئموورە چەکدارەکان بەتەواوی ڕوون دەکاتەوە و دەردەکەوێ کە ئەوان دەتوانن بکوژن، ببڕن، تاوان بکەن و هیچیشیان لەسەر نەنووسرێت. ئەوەی کە گرینگە و خۆی لەنێو دڵی ئەو لایەحە و تەرحەدا شاردۆتەوە ئەوەیە کە یاسا زۆربەی هەرەزۆری کاتەکان کاتێک دەردەکرێ و پەسند دەکرێ کە بوونی بەپێویست بزانرێ و نەبوونی لە یاسای وڵاتدا بەشێوەی گشتی یان تایبەت کێشەخوڵقێن بێت؛ ئەمە دەکرێ ئەو جۆرەش لێک بدرێتەوە کە ئەگەر هات و زۆرینەی چەکدارانی یاسایی و دیاری ڕێژیم چیی دیکە حازر نەبوون بەرەوڕووی خەڵک ببنەوە، ڕێژیم لە ئێستاوە بە قانوونی ڕێی بۆ ئەوە خۆش کردبێ ئەو ئەرکە بە هێزە فیداییەکانی خۆی و کەسانێکی تر بسپێرێت.