کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ئەمریکا بۆ ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی عەرەبستان و ئیسرائیل

15:15 - 2 پووشپەڕ 2722

ئەمریکا دەیهەوێ بە هەر شێوەیەک لە هەر ڕێگەیەکەوە ببێ، پێوەندیی نێوان عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵدەریی "ئاکسیۆس" لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاند کە، کۆشکی سپی پێش ئەوەیکە "جەو بایدن" سەفەر بکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دوای ڕیگەیەکدا دەگەڕێ کە بە هەر شێوەیەک بگونجێ پێوەندی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی ئاسایی ببێتەوە، لە بەر ئەوەی دەبنە گوشارێکی بەهێز بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و ناتوانی بە ئاسانی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا و درێژە بە سەرەڕۆییەکانی لە ناوچەکەدا بدا. هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، حەوتووی رابردوو کۆشکی سپی لە کۆبوونەوەیەک‌دا لەگەڵ کارناسانی سیاسیی ئەمریکایی ڕایگەیاندبوو کە، پیش سەفەرەکەی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا هیچ گەڵاڵەیەک لەو بارەیەوە ئامادە نەکرابوو بەڵام بەرپرسانی ئەمریکایی خەریکی کارکردن لەسەر ئەو پرۆژەیەن بۆ ئەوەیکە بایدن لەو بارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی ئیسرائیلی و عەرەبستانی وتووێژ بکا و ئامانجی ئەمریکایی‌یەکان ئەوەیە کە ئەو دوو وڵاتە ئەگەر پێوەندییەکانیان ئاساییتر ببێتەوە دەتوانن لە هەموو ڕوویەکەوە بەرپەرچی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەنەوە.