کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی برای شەهیدێکی حیزب لە ناوچەی مەهاباد

15:27 - 2 پووشپەڕ 2722

کاک عەلی مەحموودی، خەڵکی گوندی کاوەیس و برای شەهید قەنبەر مەحموودی، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لەژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی کاک عەلی مەحموودی، خەڵکی گوندی کاوەیس و برای شەهید قەنبەر مەحموودی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. شەهید قەنبەر مەحموودی لە ڕێکەوتی ٢٠/٢/١٣٥٩ لە سنە لە کاتێکدا کە هاوڕێ لەگەڵ هێزێکی یارمەتیدەر لە مەهابادەوە بۆ بەرگری لە شاری سنە چووبوون شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی مێژوو دەبێ. کاک عەلی لە ڕەوتی شۆڕشی گەلەکەماندا لە کاتی هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەی مەهاباد لە ڕیزەکانی هێزی بەرگریی میللیدا چالاکانە لە بەرەکانی شەڕدا بەشداریی دەکرد و پێوەندیی نیزیکی لەگەڵ فەرماندەران شەهید خدرە سوور و شەهید بازیدی نەبەردی و کاک عومەر باڵەکی و کاک عەلی باڵەکی هەبووە. ناوبراو چەند جارێک لەلایەن هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمەوە درایە بەر ئازار و ئەشکەنجە بەڵام هەرگیز ئیرادەی دانەبەزی و نهێنییەکانی حیزبی وەک گلێنەی چاوی پاراست. کاک عەلی لە شەڕەکانی دەوروبەری هەمزاوا، مۆسکە و ئاڵیگاری و سەر سەنگەرانی بەیتاس شانبەشانی شەهیدان تالی و سیاوەش بەشداری شەڕ بوو. دوای ئەوەیکە پێشمەرگە ناوچەی چۆڵ کرد ئەویش بە ماڵ و منداڵەوە ئاوایی کاوەیس جێدێڵێ و بەرەوە ئاوایی ئافان دەچێ، دواتر کە پێشمەرگە دەستی کرد بە شەڕی پارتیزانی گەڕایەوە گوندی کاوەیس و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدان مایەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک"عەلی مەحموودی" سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیزیان وسەرجەم خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.