کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری خەزێنەداریی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا: بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێراندا هەڵەیەکی گەورەیە

15:48 - 2 پووشپەڕ 2722

ئیستیڤێن مێنۆشێن دەڵێ: بە باوەڕی من هەوڵەکانی دەوڵەتی جەوبایدن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵەیە و ئەمریکا نابێ متمانە بە ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێران بکا. ئێستیڤێن مێنۆشێن، وەزیری پێشووی خەزینەداریی لە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئابووریی قەتەر، بەئاماژە بە وتووێژەناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ بووژانەوەی ئەو ڕێککەوتنە وتی: ڕێژیمی ئێران جێگەی متمانە وباوەڕ نییە و بەردەوام پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستەکان دەکا و لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە ئاسایش وسەقامگیری ناوچەکەی تێکداوە و بۆیە هەوڵەکانی دەوڵەتی جەوبایدن بۆ گەیشتن بە ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێران زۆر هەڵەیە. ناوبراو لەدرێژەدا بە پشتیوانیکردن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ بەدژی ڕێژیمی ئێران وتی: ترامپ لەسەر ئەو باوەڕەبوو کە بەپێی پێویست ڕێککەوتنی بەرجام بەهێز و درێژماوە نییە، لەبەرئەوەیکە بەرنامەگەلێکی هەستیار وەکوو بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لەو ڕێکەوتنەدا نەگونجاوە و نابێ ئیزن بە ڕێژیمی ئێران بدرێ کە لەڕێگەی میلیشیاکانیەوە پەرە بە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا بدا. مێنوشێن لەدرێژەی قسەکانیدا وتیشی: من لەسەر ئەو باوەڕەم کە نابێ ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی و نابێ لە ڕێگەی گەیشتن بە چەکی ناوکییەوە پەرە بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا بدا.