کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران: خومەینی هیچ جۆرە لێبوردنێکی بۆ دژبەرانی حکوومەت نەبووە

15:55 - 2 پووشپەڕ 2722

بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: کاتی خۆی خومەینی هیچ جۆرە لێبوردنێکی بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامی نەبووە و ئێستاش دەزگای قەزایی درێژەدەری ئەو ڕێبازەی خومەینییە. غوڵام‌حوسێن موحسێنی ئێژەیی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی له وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا، سەبارەت بە خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکان بەدژی گرانی لەڕادەبەدەر و ناکارامەیی بەرپرسانی ئێران، بەئاماژە بە قسەکانی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئەگەر کەسێک بیویستایە ڕووبەڕووی نیزام ببێتەوە و زەربە لە کۆماری ئیسلامی بدا، خومەینی هیچ جۆرە لێبوردنێکی بۆ ئەو کەس و گرووپانە نەبوو و بە هیچ جۆرێک لێیان خۆش نەدەبوو و ئێستاش دەزگای قەزایی درێژەدەری ئەو ڕێچکە و ڕێبازەیە و لە هیچ کەسێک کە بیهەوێ زەربە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدا خۆش نابین و بە توندترین شێوە سزای دەدەین. جێگەی ئاماژەیە کە، ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشتر نیگەرانییەکانی خۆی لەهەمبەر بارودۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیبوو وهەروەها ڕایگەیاندبوو کە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٠٥ کەسیان لەسێدارە داوە کە زۆرترینیان لە کەمینە ئایینیی و نەتەوەییەکانی ئێران بوون.