کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فستیڤالی گێلاسی شنۆ لەلایەن خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنییەوە بایکۆت کرا

16:35 - 2 پووشپەڕ 2722

فستیڤالی گێلاسی شنۆ لەلایەن خەڵک و کۆمەڵگای مەدەنییەوە بایکۆت کرا فستیڤالی گێلاس لە شاری شنۆ هەموو ساڵێک لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە بەڕێوەدەچوو و خەڵک پێشوازییەکی گەرمی لێدەکرد، ئەمساڵ بەهۆی تێکەڵبوونی ناوەندەکانی ڕێژیم لەو فستیڤاڵەدا خەڵک بایکوتیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا فەرمانداریی و سپای پاسداران هەوڵی ئەوەیان دا فستیڤاڵی گێڵاسی ئەمساڵی شاری شنۆ بەلارێدا بەرن و بەتەنیا بۆخۆیان بەبێ بەشداری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەم بۆنەیە بەڕێوەبەرن بەڵام لەلایەن خەڵکەوە بایکۆت کرا. سەرچاوەیەک لە شنۆ ڕاگەیاند: نەک هەر خەڵک بەشداری نەکردووە بەڵکوو کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی خەڵکییش کارو چالاکییەکانی ئەم فستیڤاڵەیان بڵاو نەکردووەتەوە و هێزە حکومەتییەکان لەوانە فەرماندار و سپا لە کەشێکی ساردوسڕدا ئامادەی ئەو بۆنەیە بوون. ئەو سەرچاوەیە وتی: ئەمە نیشانەی ئاستی بەرزی تێگەیشتنی خەڵکی شاری شنۆیە و هەروەها پەیامێکە بە بەرپرسانی ڕێژیم کە، ئێوە ناتوانن سەرەڕای دەسەڵاتی نیزامی و سیاسی بە زۆر خەڵک ڕاکێشن و کەڵکاژۆ لەم بۆنانە وەرگرن و پاوانکاریی بکەن. ساڵانی رابردوو کە بەڕێوەبەری ئەم چالاکییە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بوون بە هەزاران کەس بەشداری تێدا دەکرد و بە گڕوتینەوە بەڕێوەدەچوو و قازانجی ئابووریشی بۆ خەڵک هەبوو بەڵام بە هاتنی هێزە نیزامییەکان و لایەنە ئەمنییەتییەکان بۆ ئەو بۆنە کلتووری و ئابوورییە زەرەرێکی زۆریان لە ئەو شارە داوە.