کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپورتێک لە سەر دوایین بارودۆخی زارا محەممەدی

17:10 - 2 پووشپەڕ 2722

زارا مو‌حەممەدی، چالاکی مەدەنی، مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی کوردی و لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-‌کۆمەلایەتی نۆژین کە ماوەی ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانەکان لە بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنەدا تێپەر دەکات، سەرەڕای کێشە و نەخۆشینەکانی گەدە و ڕێخۆڵە لە پێراگەیشتنی پزیشکی بێ‌بەشە و هەتاکوو ئێستا لە مافی مەرەخەسیی دەرمانی بێبەری کراوە. دوایین ڕاپورتەکان ئاماژە بەرگیری و ڕێگری لە پیدانی ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانی بە زارا موحەممەدی دەکەن و بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بەرپرسانی بەندی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەن ڕێیان لە پێدانی مەرەخەسی بەم مامۆستا زیندانییە گرتوە. هەروەها ئەمە یەکەم جار نییە کە بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دادوەریی شاری سنە کۆسپ دەخەنە بەردەم ئەم کەسایەتییە. پێشتریش لە بەفرانباری ساڵی رابردوو داوای زارا محەممەدی بۆ پێداچوونەوە بە پەروەندەکەی و جێبەجێ‌کردنی ماددەی ٤٧٧ لەسەر پەروەندەی ناوبراو ڕەت کرایەوە. کانی محەممەدی خۆشکی زارا پێشتر لەم بارەوە گوتبووی هیچ هۆکارێک بۆ ئەم ڕەتکردنەوەیە نەخرایە ڕوو، تەنیا دوای تێپەربوونی چەند مانگ لە ڕێگەی پەیامەکی تەلەفۆنییەوە "زارا"یان ئاگادار کردەوە کە پەروەندەکەت پێداچوونەوەی بۆ نەکراوە. زارا محەممەدی، ڕۆژی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی نۆژین بە ناوەکانی ئیدریس منبەری و ڕێبوار منبەری لە ماڵی بابیدا لە کاتی خواردنی نەهار لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژێمەوە هێرشی کرایە سەر و دەسبەسەر کرا. ناوبراو تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گرووپە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و هەوڵدان دژ بە ئەمنییەتی وڵاتی دراوەتە پاڵ. بەپێی ڕاپورتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لێکۆڵەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەوڵی زۆریان دا زارا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. زارا دواتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەوە بە سەرۆکایەتیی قازی سزای ١٠ ساڵ زیندانی تعزیریی بەسەردا سەپا. ناوبراو بە تۆمەتی پێکهێنانی کۆڕ و گرووپ بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی میللی ئەم حوکمەی بۆ دەرچووە. ئەم حوکمە لە ڕێبەندانی ٩٩ لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە بەرپرسیارەتیی قازی موستەفا تەیاری بۆ ٥ ساڵ حەپسی تەعزیری داشکا. زارا محەممەدی ٢٩ ساڵ تەمەنیەتی و دانشتووی شاری سنەیە و لە زانکۆی بیرجەند بڕوانامەی کارناسیی باڵای ژئۆپۆلیتیکی تەواو کردوە. ئەو لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠ بۆ کێشانی حوکمی ٥ ساڵەکەی ڕەوانەی بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە کرا. چالاکییەکانی ئەنجومەنی نۆژین بە مۆڵەتنامەی فەرمی لە وەزارەتی نێوخۆ کار بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و چالاکییەکانی ژینگەپارێزی دەکا و پۆلەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی لە گرووپە تەمەنییە جۆراوجۆرەکان لە منداڵانەوە تا گەورەساڵان بەڕێوە دەبات. ئەم ئەنجومەنە هەروەها لە بواری پاراستنی ژینگەی کوردستانەوە چالاک بووە، بۆ وێنە لە کۆنتڕۆڵ وکووژاندنەوەی ئاگرکەوتنەکان لە دارستان و لێڕەوارەکان و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی سەر ژینگەی کوردستان.