کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایک پێنس، داوای لە جەوبایدن کرد کە بە خێراترین کات وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران ڕابوەستێنێ

14:40 - 4 پووشپەڕ 2722

جێگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، بەئاماژە بە تێرۆریست بوونی ڕێژیمی ئێران داوای لە سەرۆککۆماری ئەمریکا کرد کە بەخێراترین کات وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابوەستێنێ. مایک پێنس، جێگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە وڵاتی ئاڵبانی، سەبارەت بە وتووێژەکانی ڤییەن بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی دەوڵەتەکەی، خەریکن هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە دەوڵەتی پێشوو بە سیاسەتە دروستەکانی لە بەرانبەر ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێراندا بەدەستی‌هێنابوو وێران دەکا و لە نێوی دەبا، ڕێژیمی ئێران جێگەی باوەڕ و متمانە نییە و نابێ دەوڵەتی ئەمریکا بەدرێژەی وتووێژەکان باج بە ڕێژیمی ئێران بدا. ناوبراو لەدرێژەدا وتی: یەکێک لە شانازییەکانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا ئەوەیە کە بە سیاسەتی ئەو پەڕی گوشاری خۆی بەدژی ڕێژیمی ئێران و هەروەها هاتنە دەرەوە لە ڕێکەوتنی ناوکیی و سەپاندنی ئەو هەموو گەمارۆ ئابوورییە بەسەر ئەو ڕێژیمە تێرۆریستەدا توانیمان سەرچاوەی داهاتی دەیان میلیارد دۆلاری ئەو ڕێژیمە دابخەین. مایک پێنس لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، پێش لە دەست‌پێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە بە چەکی ناوکیی ناگرێ، بەڵکوو ڕێگای ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی خۆشتر دەکا و دەبێ سەرۆکۆماری ئەمریکا بە خێراترین کات وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابوەستێنێ و بە جۆرێک ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە ببێتەوە کە دووبارە سەروەری بۆ ئەمریکا بگەڕێتەوە.