کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی سوید داوا لە هاووڵاتییانی دەکا بە هیچ جۆرێک سەردانی ئێران نەکەن

14:43 - 4 پووشپەڕ 2722

لەبەرەبەری دیاریکردنی حوکمی حەمید نووری، وەزارەتی دەرەوەی سوید لەبەیاننامەیەکدا هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە ئاگادار دەکەتەوە کە سەردانی ئێران نەکەن. هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی پەروەندەی حەمید نووری، تۆمەتبار بە کوشتنی هەزاران بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی گوهەردەشتی کەرەج لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی و نزیک بوونەوە لە کاتی ڕاگەیاندنی حوکمی ناوبراو لەلایەن دادگای سویدەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەکدا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە و داویان لێدەکا، لەبەر ئەوەیکە گیانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە سەردانی ئێران نەکەن،. دادگای وڵاتی سوید ڕایگەیاندووە کە ٢٣ی پووشپەڕ بڕیاری کۆتایی لەسەر حەمید نووری دەدرێ و سزای ناوبراو دیاری دەکرێ. جێگەی ئاماژەیە کە پێوەندییەکانی وڵاتی سوید لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەهۆی دەسبەسەرکران و دادگایی کردنی حەمید نووری،( دادیاری پێشووی بەندیخانەی گوهەردەشتی کەرەج)، لەلایەن دادگایەکی وڵاتی سویدەوە بە تۆمەتی جینایەتی شەڕ و دەورونەخشی ناوبراو لە ئەشکەنجە و لەسێدارەدانە بە کۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی، بە تەواوەتی ئاڵۆز بووە. لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران بەکاردانەوە بە ئەگەری سەپاندنی سزای قورس لەلایەن دادگای سویدەوە بەسەر حەمید نووریدا، هەڕەشەی لەو وڵاتە کردووە کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەحمەدڕەزا جەلالی،هاوڵاتی ئێرانیی- سویدی و پزیشک و لێکۆڵەری دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەی ئێران جێبەجێ دەکا. شایانی باسە کە جەلالی، ساڵی ٩٥ی هەتاوی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی زانکۆی تاران، سەردانی ئێرانی کردووە و بە تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.