کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆمپانیای گازیی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی

15:09 - 4 پووشپەڕ 2722

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای گازی کۆرمۆر لە نزیک چەمچەماڵ دوو جار کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران. ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە سێ کاتیۆشا هێرش کرایە سەر ئەو کۆمپانیایە لە نزیک چەمچەماڵ و زەنگی مەترسی لێدرا و لە ماوەی یەک کاتژمێردا ٦ مووشەک ئاراستەی ئەو شوێنە کرا و بوو بەهۆی راوەستانی کاری کۆمپانیاکە و بە وتەی شایەتحاڵان ئەو هێرشانە هیچ خەسارێکی گیانی نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممەش چەند مووشەکێک ئاراستەى کۆمپانیاکە کرابوو. شایانی باسە کە "کۆرمۆر" یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادرکەرەمی قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی و یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان بەتایبەت نەوت و گاز. کۆمپانیای "دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی" لەوێ وەبەرهێنانی گاز دەکەن و بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی گازی کوردستان دادەنرێت کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دامەزراوە و ئێستا بڕیار وایە کە لە دوای ڕووسیە ببێتە یەکێک لە وەبەرهێنەرانى گازى ئەوروپا، هەر بۆیە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەکوو هەڕەشەیەک لە باشووری کوردستان و هەروەها کۆمپانیا نەوتییەکان ئەمە چەندەمین‌جارە کە بە مووشەک و دڕۆن هێرش دەکرێتە سەر شوێنە هەستیارەکانی باشووری کوردستان.