کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر دانیشتوانی ئاوایی مەلیان لە ناوچەی مەرگەوەڕ

15:11 - 4 پووشپەڕ 2722

ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم پێش بەئاوەدان کردنەوەی "ئاوایی مەلیان" دەگرن و ناهێڵن خەڵکەکەی لەو گوندە بمێننەوە. لە ناوەڕاستی دەیەی ١٣٦٠ی هەتاوی لە نێوان ئاوایەکانی "مەلیان و سوورەدوکەڵ " سەر بە شاری "دزە"ی ، باژێری مەرگەوەر لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کوردستان و بەکرێگیراو و جاشەکانی ڕێژیم شەر و تێکهەڵچوون دێتە ئاراوە و بەکرێگیراوێکی زۆری ڕێژیم دەکوژرێن و چەک و تەقەمەنیەکانیان لە لایان هێزی پێشمەرگەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و ساڵێک دوای شەڕەکە بەفەرمانی تاران هێرش دەکرێتە سەر ئاوایی مەلیان و خەڵکی ئاوایی لە ماڵ دەردەکەن و خانووبەرە، نێو ماڵ، ئاژەڵ و مووچەکانیان دەسووتێنن . ئێستا نزیک بە چوار دەیە لە دەربەدەری، خەڵکی ئاوایی مەلیان دەیانهەوێ بگەرێنەوە سەر ماڵ و ژیانیان کە جارێکی‌تر دەست بە ئاوەدان کردنەوە بکەنەوە، بەڵام ناوەندەکانی ڕێژیم ئیزنیان پێ نادەن . شایانی باسە لە بەدواداچوونی خەڵکی مەلیان بۆ لای بەرپرسان لە تاران پێیان ڕاگەیاندوون کە ئێستا لە "ناوەندی ئاماری دێهاتەکانی ئێران"، مەلیان ئاواییەکە کە خاوەنی ڕێگای قیرتاوکراو، کارەبا، بۆری‌ئاو و قوتابخانەیە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە، کە ئەوە بە پێچەوانەی ئێستای ئاوایی مەلیانە کە دانیشتووانی بە هەڕەشە و فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکان تەنیا وەرزی بەهار تا ناوەڕاستی پاییز بۆیان هەیە لەوێ چادر هەڵدەن و بمێننەوە، ناهێڵن خانووبەرە دروست بکەن و بە بەردەوام لەوێ بمێننەوە و وەرزێڕان و ئاژەڵدارانیش لەو ماویەدا بە هۆی بێ ئیمکاناتی (ڕێگاوبان کارەبا، بێ ماڵی و،،،) لە دۆخی زۆر دژواردا مەجبور بە ژیان و کارکردن لە سەر زەوی و زارەکانیانن.