کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە: ڕێگە بە ڕێژیمی ئیران نادەین لە تورکیە کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام بدا

15:57 - 4 پووشپەڕ 2722

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورکیە ڕایگەیاند کە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین کە ڕێژیمی ئێران لە تورکیە کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام بدا. ڕۆژی هەینی ٣ی پوشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، مەولوود چاوش ئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی تورکیە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی‌دا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی (یائیر لاپید)، لە ئانکارا، وتی: بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نادەین لە خاکی تورکیە کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام بدا هیچکات ڕێگە نادەین کارێکی لەو شێوەیە لە وڵاتی ئێمە ڕوو بدا و ڕێژیمی ئێرانیش دەبێ ئەوە باش بزانێ کە نابێ سەروەریی وڵاتێکی دیکە پێشێل بکا و ناسەقامگیری بێنێتە ئاراوە. لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە‌دا، یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هەوڵی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە تورکیە بە دژی ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتەی بە پیشێلکرنی سەروەریی نەتەوەیی تورکیە زانی و وتی: ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەوڵی تێرۆرکردنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل دەدا و وڵاتی ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی و کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستیی بەکار دێنێ و هیچ بەرژەوەندییەکیشی بۆ ئەو وڵاتانە نییە.