کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد

16:00 - 4 پووشپەڕ 2722

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی "مارف فەکووری" خەڵکی گوندی "قەڵات"ـی سەربە ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کاک مارف فەکووری، ئەندامی دڵسۆز و بە باوەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی "قەلات"ـی سەربە ناوچەی مەحاڵی شازدەی مەهاباد بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا. کاک مارف لە سەرتای شۆڕشی ساڵی ٥٧ی هەتاوی‌دا پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و چالاکانە وەک ئەندامێکی دڵسوز و بە بیرو باوەڕ کار و ئەرکی حیزبیی بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەجێ دەگەیاند کەسێکی زۆر نهێنی‌پارێز بوو و هەر ئەرکێک کە لەلایەن کۆمیتەی ناوچەی شاوێرانی حیزب پێی دەسپێردرا، بە دڵسوزییەوە جێبەجێی دەکرد و کەسێکی زۆر دڵسۆز و جێی متمانە بوو تا کۆتایی ژیانیشی هەروا وەفادار بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان مایەوە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک مارف، سەرە خۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە، کەسوکار و هەموو خەڵکی ناوچەی مەحاڵی شازدە دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.