کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاوڵاتیەک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە بۆکان

15:53 - 5 پووشپەڕ 2722

هێمن مام قادر زیندانی سیاسیی پێشوو و خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرا. هێمن مام قادر بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە دەسبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ورمێ گوازرایەوە. هێزەکانی ڕێژیم بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەک، هێمن مام قادریان دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نییە. ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی، دوای تێپەڕاندنی ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بەر لێبوردنی نەورۆزیی کەوت و لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.