کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماوەی دەسبەسەرکردنی چوار چالاکی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرە درێژ کرایەوە

16:01 - 5 پووشپەڕ 2722

بڕیاری دەسبەسەرکردنی مامۆستایان "ئومید شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندرە درێژ کرایەوە. ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی دیواندەرە لەسەر بڕیاری "جەباری" دادستانی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، سەرەڕای دانانی بارمەتە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە. ئەو چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا تەنیا جارێک پەیوەندیی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا هەبووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. ئەو چوار چالاکە پیشەییە پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون. ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئەو چوار مامۆستا کوردە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کرابوون. "ئومید شامحەممەدی" ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ڕێژیمەوە ، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.