کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی سێدارەی شاکر بێهرووزی هەڵوەشێندرایەوە

15:59 - 9 پووشپەڕ 2722

لەسەر رەزامەندیی بنەماڵەی ئەو کەسەی کە شاکر بێهرووزییان بە تۆمەتی کوشتنی دەسبەسەر کردبوو، حوکمی لە سێدارەدانەکەی ناوبراو هەڵوەشێندرایەوە، بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤی هانا،بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٤ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، بنەماڵەی مامێل محەممەدی کە ئەندامی سپای پاسداران بوو ڕەزامەندیی خۆیان لەسەر داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچە دەربڕی و ڕازیی بوون بە لێخۆشبوونی شاکر بێهرووزی، هەر بۆیە حوکمی سێدارەی ناوبراو هەڵوەشێندرایەوە. ئەو بەندییە سیاسییە کە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە بیانووی چاوپێکەوتنی ئەندامێکی بنەماڵەکەی، لە بەشی بەندییە سیاسییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە، پاشان پێوەندییەکی کورتی کردووە بە دەرەوە و باسی هەڵگرتنی سزاکەی کردووە. جێگای ئاماژەیە کەحوکمی لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی کە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن لقی ٣١ی دادگای شاری قوم دەرچوو، جارێکی دیکە لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە لە بەندیخانەی ورمێ بە فەرمی ئاگادار کرایەوە کە پەروەندەکەی ٢٠ ڕۆژ ماوەی هەیە بۆ پێداچوونەوە. شایانی باسە ناوبراو، ساڵی١٣٩٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەر و دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردیی حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، پاشان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی کوشتنی "مامێل محەممەدی" تۆمەتبار کرا و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.