کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی فەرماندەیەکی پلەبەرزی سپای پاسداران بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل لە تاران

16:12 - 9 پووشپەڕ 2722

سەرتیپی پاسدار، عەلی نەسیری، بەرپرسی پێشووی پاراستنی زانیارییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بەتۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کرا. ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، لەزاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئێران و ئیسرائیل، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێ ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، عەلی نەسیری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کراوە و ئەو دەسبەسەر کردنە کەشێکی بێ متمانەیی لە نێوان خامنەیی و بەرپرسانی سپای پاسداراندا دروست کردووە و بەرپرسانی پلە بەرزی ڕێژیمی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر دەکرێن. ئەو ڕۆژنامەیە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا لەسەر "نەسیری" نووسیویە کە، "نەسیری" پێش لە لەسەرکارلابردنی حوسێن تائێب، بەرپرسی زانیارییەکان و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دەسبەسەر کراوە. هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە کە، لابردنی حوسێن تائێب لەسەر کارەکەی نیشانەی هەوڵەکانی ئیسرائیلە بۆ لاواز نیشاندانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دزە کردنی ئیسرائیل بۆ نێو دامودەزگا هەستیارەکانی ڕێژیمی ئێران.