کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لەهەمبەر ڕێژیم

16:55 - 9 پووشپەڕ 2722

ڕاپرسییەک دەریدەخات کە زیاتر لە سەتا ٨٠ی خەڵکی ئێران لە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران ناڕازین و بەهۆی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەوە تووشی دۆخی نالەباری ژیان بوونەتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی نوێی کۆمپانیای شڕۆڤەکاری "ئێستاسیس" ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر ناڕازیی بوونی زۆربەی خەڵکی ئێران لەهەمبەر دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە، زیاتر لە سەتا ٨٠ی خەڵکی ئێران بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیمەوە کەتوونەتە دۆخێکی خراپی ژیانەوە و بەهۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران متمانەی لای خەڵک نەماوە ساڵی ڕابردوو کەمتر لە سەتا سی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری‌دا بەشدارییان کرد و ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە خەڵک متمانەی بە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران نەماوە. لە درێژەی ئەو ڕاپرسییەدا هاتووە کە، ئەو ڕاپرسییە بە شێوەی پێوەندیی تەلەفوونی لە ماوەی ڕۆژەکانی ٢٢تا٢٦ی مانگی جۆزەدانی ئەمساڵدا و لەگەڵ رێژەی ١١٩٧کەس دانێشتوانی سەروو تەمەن ١٨ساڵی ناوچەکانی شارستانی و ئاواییەکانی تەواوی ئێران بە ئاکام گەیشتووە. ئەوە ڕاپرسییە لە هەموو دانیشتوانی ئێران بە هەموو ناوچەکانییەوە کراوە و زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران بەهیچ شێوەیەک لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران ڕازیی نین و دەڵێن کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێرانی بە تەواوی خستە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بەو هۆیەوە بنەما کۆمەڵایەتییەکان و دۆخی ژیان بە تەواوەتی تێکچووە. لەو ڕاپرسییەدا هاتووە کە ئەو ڕێژە کەمەشی کە ڕەزایەتییان لە دەسەڵات هەیە هەموو سەربە دام و دەزگاکانی ڕێژیمن و بە ناچاری دەبێ قەبووڵی بکەن.