کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرێکی کۆماریخواز: ئەمریکا دەبێ گوشاری زیاتر بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران

15:20 - 11 پووشپەڕ 2722

جیم ڕەیش، سێناتۆری کۆماریخواز، بەئاماژە بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەمریکا دەبێ لە ڕێگەی سەپاندنی گەمارۆی زیاترەوە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، گوشاری زیاتر بخاتەسەر ئەو ڕێژیمە. ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، جیم ڕەیش، سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ بەئاماژە بە بێ‌ئاکام مانەوەی وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە قەتەر بۆ بووژانەوەی ڕێکەوتنی ناوکیی وتی: ڕێژیمی ئێران هیچکات جێگەی باوەڕ و متمانە نەبووە و تەنیا دەبێ لە ڕێگەی سەپاندنی گەمارۆی زیاترەوە گوشار بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمە. ئەو سێناتۆرە کۆماریخوازە، هەروەها وتیشی: هەرجۆرە هەوڵێک بۆ درێژەی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمێکی سەرەڕۆ وەکوو ئێران بەمەبەستی بووژانەوەی ڕێکەوتنی بەرجام، کارێکی نەشیاوە و دەبێ تەنیا بە زمانی هێز لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا قسە بکرێ. لەلایەکی دیکەوە هێنری کێسینجێر، سیاسەتمەداری ئەمریکایی، سەبارەت بەدرێژەی وتووێژەکان لەگەڵ ڕیژیمی ئێران، سەرەڕای وتنی ئەوەیکە گەڕانەوە بۆ ڕێکەتنی بەرجام لەگەڵ ریژیمی ئێران زۆر مەترسیدارە وتی: بووژانەوەی رێکەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمێکی تێرۆریستدا کە لەپێشدا ئەو ڕێککەوتنە زۆر کەم‌وکورتیی پێوەدیار بوو و ئێستاش بۆ بووژانەوەی ئەو ڕێکەوتنە ڕێژیمی ئێران داواکاری نابەجێ زۆری هەیە، مەترسیدارتر دەبێ.