کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران

15:22 - 11 پووشپەڕ 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێ: لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاماری لە سێدارەکان لە ئێران دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، بەئاماژە بە هەڵکشانی دوو هێندەیی ئاماری لە سێدارەدان لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئێران وتی: بە بێ دوو دڵی ئامانجی بەرپرسانی ڕێژیم لە ئێعدامە بەربڵاوەکان، پێشگرتن لە خەڵکە بۆ ئەوەیکە ناڕەزایەتیی بەدژی حکوومەت دەرنەبڕن کە تەنیا لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٥١ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون. ناوبراو هەروەها وتیشی: لەسێدارەدانی خەڵکی کورد و بەلووچ بە تۆمەتگەلی جۆراجۆر لە بەندیخانەکانی ئێران لە هەڵکشاندایە و خەڵکی کورد و بەلووچ و هەموو نەتەوەکانی دیکە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە ڕێبەرانی ٧ وڵاتی زلهێزی ئابووریی جیهان سەبارەت بە سەرکوت و لەسێدارەدانە هەڕەمەکییەکانی ڕێژیمی ئێران، هۆشدارییان بە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە داوە و داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردووە کە، کۆتایی بە سەرکوت، ئەشکەنجە، دەسبەسەرکران و لەسێدارەدانی خەڵکی بێ تاوانی ئێران بهێنن.