کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم بۆ سەر جۆری پۆشین و شێوەی ژیانی خەڵک لە ئێران

14:08 - 14 پووشپەڕ 2722

لەگەڵ درێژەی دەستێوردانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە شێوەی ژیانی خەڵکی ئێران، بەرپرسان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لایڤی ئینستاگرام دادەنێن و لەجۆری پۆشینی جلوبەرگدا حیجاب ڕەچاو ناکەن ڕووبەڕوو دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریەکانی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی یەكشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرپرسێکی پلەبەرزی هێزی ئینتزامی ڕیژیم باسی لە توندکردنی چالاکیی " ناساندن و بەرەنگاربوونەوە" لەگەڵ لایڤی ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد. ڕامین پاشایی جێگری فەرهەنگی کۆمەڵایەتی پۆلیسی "فەتا" ئەو کەسانەی بە بێ‌ئەخلاق ناوبرد و وتی: لەگەڵ ئەو کەسانە بە توندترین شێوە بەرەوڕوو دەبنەوە کە لە شوێنە وەرزشی و گشتییەکان‌دا لایڤ دەکەنەوە. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەشهەد بەپێی گەڵاڵەیەک لەژێرناوی "قەرارگای ٢١ی پووشپەڕ" کە بۆ چاوەدێرکردنی"عفاف" (داوێن‌پاکی)، دانراوە بۆ ئەو ژنانەی کە پۆشینی جۆری جلوبەرگ، حیجاب ڕەچاو ناکەن وەک جۆری چارشێو، باڵاپۆش، گۆرەوی، کەوش و ڕەنگی جلوبەرگ، پیاوانیش کراوات، پاپیۆن، جلوبەرگی ڕۆژئاوایی، کراسی تەسک و کورت و زێڕ و... نابێ کەڵک وەرگرن و نابێ ئەو جۆرە وێنانە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن و هەر وەها نابێ پیاوان لەشوێنی کارەکەیان دەفتەرداری ژنان و بەپێچەوانەش ژنان دەفتەرداری پیاویان هەبێ. بەوتەی مەهدی ڕەزایی، بەڕێوەبەری ستادی "هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە"ی، خوراسانی ڕەزەوی "١٠٨ تیمی سێ کەسی" ڕۆژانە لە قالبی "گەڕان بە شێوەی نهێنی" لە ماوەی سەعاتی ئیداری لە شوێنە گشتییەکانی وەک دەرمانخانە، بنکە تەندرووستییەکان، ئیدارەکان، ڕێکخراو و بانکەکان، دەگەڕێن و ئەو کەسانەی کە ئەو بڕیارانەیان ڕەچاو نەکردووە شناسایی دەکەن و ڕادەستی ناوەندە پێوەندیدارەکانیان دەدەن. جێی ئاماژەیە کە سنووردارکردن و دەستێوەردانی لە جۆری پۆشین و شێوەی ژیان خەڵک لە هەموو شارەکانی ئێران خەریکە بەڕێوە دەچێ و بەرپرسانی گەندەڵی ئەو ڕێژیمە بەجێی ئەوەی کە بیرێک لە دۆخی ژیانی نالەباری خەڵک و ئابووریی داڕماوی ئەو وڵاتە بکەنەوە دەستیان خستۆتە نێو ژیانی کەسییەتی خەڵکیشەوە.