کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە داوا لە هاوڵاتییانی خۆی دەکا بە هیچ شێوەیەک سەفەر بۆ ئێران نەکەن

15:19 - 14 پووشپەڕ 2722

پاش ئەوەی حوکمی ٨ ساڵ بەندکران بۆ گەشتیارێکی فەرانسەیی لە ئێران دەرچوو، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە داوا لە هاوڵاتییانی دەکا خۆ لە سەفەر کردن بۆ ئێران ببوێرن. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، ئەو وڵاتە داوای لە هاوڵاتییانی خۆی کردووە کە تا ئەو جێگایەی کە بۆیان دەکرێ خۆیان لە سەفەرکردن بۆ ئێران ببوێرن، بەتایبەت ئەوانەی کە هاوڵاتیی ئێرانی ـ فەرانسەیین، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران حوکمی هەشت ساڵ بەندکرانی بە سەر گەشتیارێکی فەرانسەیی بە ناوی "بێنجامین بریێر" لە ئێران داسەپاندووە ئەو داوایەی لە هاوڵاتییانی کردووە. لەئێستادا چوار هاوڵاتیی فەرانسەیی لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و دەوڵەتی فەرانسە خوازیاری ئازادکردنی خێرای هاوڵاتییانی خۆی لە ئێرانە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەو داوایەی فەرانسەیان ڕەتکردووەتەوە و داوای ئالوگۆڕی بەندکراون لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەن. جێی وەبیرهێناەوەیە کە پێشتریش سوئید سەبارەت بە سەفەری شارۆمەندانی خۆی بۆ ئێران هۆشداری دابووو.