کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوازیی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمە هەر هیوا و چاوەڕوانی نەبووە، بەڵکوو خەباتمان لەپێناویدا کردوە

16:43 - 14 پووشپەڕ 2722

پوختەیەک لە قسەکانی کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢٤٧ی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەدا   هاوڕێیانی بەڕێز! مانگێک لەمەبەر فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، یادی چل ساڵەی خۆی کردەوە. ئەو یادکردنەوەیە دوو شتی جوانی نیشانی ئێمە دا. یەکەم، ئاودەانیی سەنگەری پێشمەرگە، دوویەم بەردەوامیی خەبات لەلایەن پێشمەرگەکانی کوردستان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە.  بەڵام لەلایەکی ترەوە ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەیەکی نیشان داین کە لە ماوەی ٤٠ ساڵدا، نەیانهێشت ئەو سەنگەرە لە ئاودەانی بکەوێ. سەنگەرێک کە نیشانەی بوونی ئازایەتیی ئیرادەی گەلێکە بۆ خۆڕاگری لە بەرامبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە هەموو توانایەوە لە ماوەی ئەم چل و چەند ساڵەدا، هەوڵی تواندنەوەی میللەتەکەمان، هەوڵی لەنێوبردنی خەبات و موقاومەتەکەمان و هەوڵە لەبەین‌بردنی هیوا و ئاوات و ئایندەمانی داوە. ئەو سیاسەتانە بەهەموو شێوازێک بەرامبەر بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێـموکراتی کوردستان تاقی کراوەتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی پێشمەرگە بە نوێنگەی خۆڕاگریی ڕاستەقینەی  میللەتێک دەناسی. هەر سەنگەرێکی ئاوەدانی  پێشمەرگە لە هەر شوێنێک بێ هەدەفێکە بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەگەر زۆرجار دەبیستین لەسەر سنوور هێزێکی زۆروزەوەندی کۆماری ئیسلامی کۆدەبێتەوە و پڕوپاگەندەی هێرش کردن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێ، ڕەنگە تەینا بەشێکی بچووکی تەبلیغات بێ، بەڵام بەشی گەورەی و واقعییەت ئەوەیە کە دوژمن هەمیشە ترسی هەیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک پێشمەرگە لە دەوری یەکتر، لە ئاوەدانی بوونی سەنگەری پێشمەرگایەتی. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەر لەنێوخۆ بەدژی میللەتەکەمان بە گرتن و ڕاودوونان و ئەشکەنجە و ئێعدامی ڕۆڵە سەربەرزەکانی میللەتەکەمان لە نێوخۆی وڵات، لە پاڵ ئەم سیاسەتانە درێژی هەیە بەشێکی پێوەندیی بە بوونی ئێوە و بە گرینگیی ئێوەوە هەیە. دوژمن دەزانی بوونی ئێوە لێرە بوونی میللەتێکە لە نێوخۆی وڵات. ئەگەر لەوێ گوشاریان دەخاتە سەر هەر بۆ ڕووخاندنی وەرەی ئەوان و تۆقاندنی لاوەکانە، کە ڕوو لەو سەنگەرە ئاوەدانە نەکەنەوە.  بەڵام بوونی ئێوە بە هەمووان دەڵێ و بە کۆماری ئیسلامیش دەڵێ، کە هیچ سیاسەتێک پێش بەوە ناگرێ ڕۆڵەکانی کورد، چۆک دادەن و ڕوو لە سەنگەری پێشمەرگایەتی نەکەن. هیچ سیاسەتێک ناتوانێ کاریگەریی لەسەر ئەوە هەبێ کە پێشمەرگە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا بکاتەوە.   بەڕێزان! کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا گەیوەتە قۆناغێک کە ئەگەر لە دەیەکانی شەستدا بە گەورەکردنەوەی هێرش بۆ سەر کوردستان و نیشاندانی ئەوەی لە کوردستان دژی شۆڕش هەیە دەیەویست خۆڵ لە چاوی خەڵکی ئێران بکا؛ ئێستا خەڵکی ئێران لە هەموو ناوچەکانی ئێرانن کە بە چاوێکی کراوەوە دەڕواننە کۆماری ئیسلامی. سیاسەتێك کە نەتەنیا نەیتوانی بە دروستکردن و پەرەپێدانی شەڕ و سەرکوت، خەڵکی پێ فریو بدا بەڵکوو ئێستا بۆتە هۆکارێک لە واقیع و کارێک بۆ ڕۆشنگەری بۆ ئاشناکردنی خەڵک، لەسەر هەموو ئەو کێشانە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا بۆ خەڵکی ئێرانی دروست کردوە. ئێستا ئیتر کۆماری ئیسلامییە کە ئەگەر جاران چاوەڕوانی ئەوە بوو بەجۆرێک ئەو مڵۆزمانە کە بە قەوڵی خۆی لە دەوری خۆی بوون لە کۆڵ خۆی کاتەوە، ئێستا ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە دەبێ چاوەڕوان بێ لە کۆڵ تەواوەتیی خەڵکی ئێران بکرێتەوە. ئێستا ئەو خەڵکە و گەڕانەوەی ئەو شەپۆلانەن کە لە چل و سێ ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی بۆ بەگەژ یەکترداکردنی خەڵک و نەیارانیدا دروستی دەکرد، گەڕانەوەی ئەو شەپۆلانەیە بە ڕووی خۆیدا و بێگومان ئەمە چارەنووسی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا ڕوون دەکاتەوە. ڕێژیمێک کە نەتوانێ بایەخ بە کەمترین داخوازییەکانی خەڵکی ئێران دابنێ، ئێستا وەکوو دەیەکانی ڕابردوو ناتوانێ بە هاندانی خەڵک لەدژی یەکتر و بە هاندانی خەڵک لە دژی پێشمەرگە ئامانجەکانی خۆی بپێکی. بێگومان ئەمانە ئەو سیاسەتانە بوون کە چاوەڕوانی بە کۆتا گەیشتن و بە شکست گەیشتنیان دەکرا. ئێستا کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنیدا دەبێ چاوەڕوانی ئەو شکستە بێ کە خەڵکی ئێران بە بەگژداچوون بە سەریدا دەیسەپێنن. ئەمە بۆ ئێمە تەنیا چاوەڕوانی نەبووە، بەڵکوو خەبات و تێکۆشان و ماندووبوون بووە. حیزبی دێموکرات و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تەنیا لە ئومێد و چاوەڕوانیدا نەژیاوین، بەڵکوو بە خەبات و تێکۆشان، هەوڵمان داوە نیزیک بین لەو ڕۆژە کە بتوانین بە ئاواتەکانمان بگەین. بە ئاوات گەیشتنی ئێمە بێ‌گومان کۆتایی هێنان بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی و سەربەستی و سەربەرزی کوردستانە و بە دڵنیایەوە ئەو ڕۆژە دەبینین. لە کۆتاییدا هیوادارم ئەو سەنگەرە ئاوەدانە بتوانێ پاڵپشتێکی بەهێز بێ بۆ خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان و لە دژی کۆمارتی ئیسلامی و هەر دەسەڵاتێک لە ئێران کە بیەوێ مافەکانی خەڵکی کوردستان زەوت بکا و حاشایان لێ بکا.