کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: ئێران زۆر نزیک بۆتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی

14:06 - 15 پووشپەڕ 2722

پاش ڕاگەیاندنی شکستی وتوێژە ناوکییەکانی قەتەر، ڕابێرت مالی وتی: ئەو دەورەیە لە وتووێژەکان تەنیا کات بەفیڕۆدانی ئێران بوو و ئەو ڕێژیمە زۆر نزیک بۆتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی. ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی" ئێن.‌پێ.ئا‌ڕ"ی ئەمریکا، بەئاماژە بە وتووێژە بێ ئاکامەکانی قەتەر وتی: نوێنەرانی یەکیەتیی ئورووپا لە دانوستانە ناوکییەکاندا، هەوڵێکی زۆریان دا کە بە بانگهێشت کردنی ئێران وئەمریکا بۆ قەتەر دەرگای وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە ئاواڵەیی بهێڵنەوە، بەو هیوایەی کە ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنی ناوکیی لە نێوان ئەمریکا ووڵاتانی زلهێزدا واژۆ بکا، بەڵام هیوای یەکیەتیی ئورووپا، بێ هیوا مایەوە و ڕێژیمی ئێران بە پێداگری لەسەر زێدەخوازییەکانی و کات بە فیڕۆدان بەمەبەستی پەرەپێدانی بەرنامە ناوکییەکەی و گوشار خستنەسەر ڕۆژاوا، وتووێژەکانی بە بێ ئاکام بە جێهێشت. ڕابێرت مالی، هەروەها وتیشی، ڕێژیمی ئێران حەوتووی ڕابردوو لەگەڵ نێوەڕۆکی، ڕێککەوتننامەکە کە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا پەسەندیان کردبوو بۆ بووژانەوەی ڕێککەتنی ناوکیی، دژایەتیی توندی کرد. هەرلەم پێوەندییەدا چاوەدێرانی سیاسیی و شارەزایانی بواری وزەی ناوکیی، دژایەتیی کردنی ڕێژیمی ئێرانیان لەگەڵ بووژانەوەی ئەو ڕێککەوتنە بە کات بەفیرۆدان ناو برد.