کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: لە وتووێژە ناوکییەکاندا دەبێ بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانمان لەبەر چاو بگیردرێ

14:48 - 15 پووشپەڕ 2722

سەرۆککۆماری فەرانسە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، لە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دەبێ بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان لەپێش چاو بگیردرێ. ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ یائێر لاپید، سەرۆکوەزیرانی کاتیی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە دەبێ لە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانمان لە پێش چاو بێ وتی: ئیسرائیل هاوپەیمانێکی گرینگی ئێمەیە و سەرەڕای ئەوەیکە ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی دەدەین، دەبێ گەرەنتی ئەوش هەبێ کە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە وجیهاندا لەلایەن ئیرانەوە نەکەوێتە مەترسییەوە. سەرۆککۆماری فەرانسە، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆی لەهەمبەر دژایەتیی تیمی وتووێژی ئێران لە قەتەر بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: وڵاتانی زلهێزی جیهان هەموو هەوڵێک دەدەن کە ئەو ڕێککەوتنە بگا بە ئامانج و ئەو ڕێژیمی ئێرانە کە پێشی پێگرتووە. هەروەها لەدرێژەی ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا سەرۆکوەزیرانی فەرانسە، سەرەڕای ئاماژە بە هێرشە تێکدەرانەکانی حیزبوڵای لوبنان، وتی: نابێ بەهیچ جۆرێک حیزبوڵا لە وتووێژەکانی نێوا فەلەستین و ئیسرائیلدا دەستێوەردان بکا و ئەو کارەی حیزبوڵا دەبێتە هۆی کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی جیهانی.