کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری ئیبراهیم ڕەئیسی سەبارەت بە جێ‌بەجێکردنی گەڵاڵەی حیجابی زۆرە ملێ

16:09 - 15 پووشپەڕ 2722

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم دەڵێ: دەبێ لەگەل ئەو کەسانەی کە حیجاب ڕەچاو ناکەن بە توندترین شێوە ڕووبەڕوو ببینەوە. ڕۆژی سێ‌شەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیم لە دانیشتنی شۆرای باڵای فەرهەنگیی ڕێژیم، سەبارەت بە بابەتی حیجابی زۆرە ملێ، ئەو ناوەندەی ئەرکدار کرد کە بە هاوکاری هەموو دام و دەزگا و ناوەندەکان، ئەو بڕیارە جێ بەجێ بکەن. رەئیسی وتی: پەرەپێدانی کردەوەی دژەئەخلاقی لە کۆمەڵگەی ئیسلامی و ئینقلابی"دا، کە هەنگاوێکە لەلایەن دوژمنانی ڕیژیمەوە بەرنامەی بۆ دانراوە بە مەبەستی سست و لاوازکردنی ئەرزش و بەها دینیەکان، دەبێ بنبڕ بکرێ و لەگەڵ ئەو کەسانەی کە حیجاب ڕەچاو نەکەن بە توندترین شێوە ڕووبەڕوو ببینەوە. لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو فەرمانداری بووشەهریش وتی: دەبێ لە ئیدارە و شوێنە گشتییەکان ژن و پیاو لەیەک جودا بکرێنەوە وهیچ ژنێک نابێ بەبێ چارشێو لە شوێنی کارەکەی بێ. شایانی باسە کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی خەڵک، لە شارە گەورەکانی ئێران، گەشتی ئیرشاد بەشێوەی نهێنی لە شەقامەکان و کاربەرانی سەر بە ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە بیانووی "امر بە معروف و نهی از منکر" ئازاری خەڵک دەدەن و هەڕەشە و بێڕێزییان پێدەکەن.