کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەسبەسەرکرانی شارۆمەندانی بەهایی لە ئێران

16:14 - 15 پووشپەڕ 2722

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠ شارۆمەندی بەهایی، لە ئێران لەلایەن ناوەندەکانی سەر بەو ڕێژیمە بانگ کراون، دەسبەسەر و بەند کراون. کۆمەڵەی جیهانیی بەهایی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پێشێلکردنی مافی بەهاییەکان لە ئێران، باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٤ بەهایی بانگهێشت، دەسبەسەر و زیندانی کراون و گوشارە ئەمنییەتییەکان بە شێوەی جیاواز لە سەراسەری ئێران هەڕەشە لە گیان و ژیانی بەهاییەکان دەکا. بەپێی ئەم ڕاپۆرته، لەگەڵ دەسبەسەری، دادگایی و زیندانیکردنی لانیکەم ١٨ هاووڵاتیی بەهایی له سەرتاسەری ئێران له ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، هەڵمەتی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی کەمینەی ئایینی بەهایی جارێکی تر خێراتر بووەتەوه. هاوکات، سەدان کەسی دیکەش چاوەڕێی دادگاییکردن و زیندانیکردن دەکەن، کۆمه‌ڵە‌ی جیهانیی به‌هایی پێی وایه‌ که‌ زیادبوونی ده‌سبەسەری و زیندانیکردن له‌ چه‌ند حەوتووی ڕابردوودا بەشیوەیەکی سیستماتیک بەڕیوە دەچێ و لاپه‌ڕه‌یه‌کی پڕ لە نیگه‌رانی له‌ سه‌رکوتی به‌هاییه‌کانی ئێران نیشان دەدا. ''لەو پێوەندییەدا "بانی دوگال''، نوێنەری باڵای کۆمەڵەی جیهانیی بەهایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێوەندی لەگەڵ زیادبوونی گوشاری ئەمنی بۆ سەر بەهاییەکان لە ئێران وتی: "ڕۆژێک نییە کە بەهاییەکانی ئێران لە دەسبەسەرکردنی نوێ و بانگهێشتکردن بۆ زیندان و جۆرەکانی تری ئازاردان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە پارێزراو بن، ئێمە ئەو مەترسییە ڕادەگەیەنین کە لە ئێستادا بەنیسبەت ساڵانی ڕابردوو بەهاییەکان تووشی خراپترین هێرشە سیستماتیکەکانی ڕێژیم دەبنەوە".