کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی دەسبەسەرکرانی چوار مامۆستای خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

16:28 - 16 پووشپەڕ 2722

سەرەڕای تەواوبوونی درێژکردنەوەی ماوەی دەسبەسەریی "هیوا قورەیشی، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندرە، هێشتا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە دان. چوار مامۆستای دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە دوای تێپەڕینی ١٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران هێشتا لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەم چوار مامۆستا دەسبەسەر کراوە، لە ماوەی ١٩ ڕۆژی ڕابردوودا ئەو چوار مامۆستایە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و تەنیا دوو جار لەڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندییان بە ماڵەوە گرتووە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ڕابردوو، پێنج کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شامحەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کران. عوسمان ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا و چوار مامۆستای دیکە هێشتا لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.