کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی ئەسکەندەر لوتفی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران

16:31 - 16 پووشپەڕ 2722

ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی فەرهەنگییانی ئێران و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوان پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ دابڕگەی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگوێزرا. ئەو چالاکە سێنفییە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بە پەیوەندییەکی تەلەفونی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە بڕیارە بۆ بەندی گشتیی بیگوازنەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان بنەماڵەی لوتفی بۆ یەکەم جار توانیان چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو لە ڕێگای "تەلەفونەوە" بکەن. ئەو چاوپێکەوتنە لە کاتێکدا بووە کە مەئموورانی ئەمنییەتی ئەو چالاکە سێنفییە و بنەماڵەکەیان ناچارکردبوو کە لەگەڵ یەکتری به فارسی قسە بکەن. ئەسکەندەر لوتفی لە وتووێژ لەگەڵ بنەماڵە ڕایگەیاندووه کە لێپرسینەوەکەی پەیوەندیی بە دوو مامۆستای فەرانسەویی دەسبەسەرکراو بووە کە هەر لەو پێوەندییەدا بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی ئەمنییەتیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران کرابوو. ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان "ئەسکەندەر لوتفی" لەهەمبەر بەردەوامیی دەسبەسەریی نایاسایی و لەژێر گوشاردابوونی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، دەستی بە مانگرتنی وشک کردبوو. سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، "شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا" لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی مەریوان، دەسبەسەر و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ شەعبان محەممەدی ئازاد کرابوو. ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخاهـ، پاش دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕێژیم لە شاری سنە کرابوون. شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشیـ"ـی مەریوان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.