کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چرۆ ئەردەڵان: داخوازیی مامۆستایانی کورد جیاوازیی بنەڕەتی لەگەڵ ناڕەزایەتیی مامۆستایانی ئێران هەیە

21:23 - 16 پووشپەڕ 2722

    بەرایی: ساڵانێکی زۆرە لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستانی داگیرکراو لە ئێرانی سیاسیی هەنووکەدا مامۆستایانی قوتابخانەکان لەسەر پرسە جیاوازەکان و بەتایبەت لەسەر ناداپەروەریی خوێندن بە شیوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەم ناڕەزایەتییانەش لە کوردستاندا زۆرتر و بەرچاوتر بووە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆی لەجیاتی گوێدان بە مامۆستایان و هەوڵی چارەسەریی کێشەکانیان، لە هیچ جۆرە سەرکوت و هێرشکردنە سەر مامۆستا ناڕازییەکان دەست‌پارێزیی نەکردوە. لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا کە ناڕەزایەتیی مامۆستایان جارێکی تر دەستی پێ کردۆتەوە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە ٢٤٠ مامۆستا لە ئێراندا دەستبەسەر کراون کە ڕێژەیەکی زۆریان کورد بوون. هەروەها بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانیش تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا (لە ٢٢ی جۆزەردان تاکوو ٢ی پووشپەڕ) ٤٨ مامۆستا لە شارەکانی سنە، سەقز، دیواندەرە و مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کران. "کوردستان" بۆ باسی زیاتر لەسەر ئەم پرسە وتووێژێکی لەگەڵ خاتوو "چرۆ ئەڕدەڵان"، مامۆستایەکی قوتابخانەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە:   خاتوو چرۆ باسەکەمان بەو پرسیارە دەست پێ دەکەین؛ داخوازیی سەرەکیی مامۆستایان چییە و ئامانج لەم مانگرتن و ناڕەزاییەتییانە چین؟ سەبارەت بە داخوازیی مامۆستایان ئەبێ ئاماژە بە مێژووی ئەم خۆپیشاندانانە بکرێت. لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویدا، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری تاران لەسەر خراپیی بارودۆخی ژیان، کەمیی مووچە و بێ‌بایەخ‌کردنی جێگەوپێگەی مامۆستایان لە حکوومەتدا کانوونی سینفیی مامۆستایانیان دامەزراند کە لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٧٨ی هەتاوی، توانییان لە وزارەتی پەروەردە بەفەرمی مۆڵەت بۆ ئەو دامەزراوەیە وەربگرن. بەپێی ئەم مۆڵەت و ڕێپێدانە فەرمییە و هەروەها بەپێی بەندەکانی ٢٦ و٢٧ یاسای بنەڕەتیی ئێران، چالاکی و مافخوازیی مامۆستایان لەژێر چاودێریی شوڕای هاوئاهەنگیی کانوونی سینفیی مامۆستایانی ئێران دەستی پێ کرد. لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان کە لە بڕگەی شەشی بەڵگەنامەی ئاڵوگۆڕی بونیادیی دەزگای پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمدا ئاماژەی پێ کراوە و لە پاییزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ڕادەستی مەجلیسی ڕێژیم کرا کە هەر لەو ساڵەدا پەسەند بکرێت، بەڵام مەجیلسی ڕێژیم ڕەتی کردەوە. بەم هۆکارەوە بزووتنەوەی سینفیی مامۆستایان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و لە هەموو ئیراندا بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە ئەنجومەنە سینفییەکانی مامۆستایان بە مانگرتنەکان ناڕازەیەتیی خۆیان لەسەر ئەم پرسە دەربڕی. ئەنجومەنە سینفییەکانی مامۆستایانی کوردستان لە چالاکترین دامەزراوەکانی مامۆستایانن و بەتایبەت ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی پارێزگای سنە لەو کاتەوە تاکوو ئێستە یەکێک لەو ئەنجومەنە چالاکانەیە کە هەموو کات لە بەڕێوەبردنی مانگرتن و ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی مامۆستایان بەردەوام بووە و پاشەکشێی نەکردوە. ئێستا بێینە سەر ئامانجەکان. مامۆستایان لە ڕێکخستنی ئەم مانگرتن و ناڕەزاییەتییانە ئامانجیان زۆرە، بەڵام دەتوانین بڵێین گرینگترینی ئەوانە لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوییەوە هەتاکوو ئێستا لەسەری پێداگرن، بریتین لە: یەکەم؛ جێبەجێ‌کردنی بەندی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم کە ئاماژە بەوە دەکا کە خوێندن و پەروەردەکردن لەسەر بوودجەی دەوڵەت مافی هەموو منداڵانە لە ئێراندا. دووهەم؛ جێبەجێ‌کردنی گەڵاڵەی پلەبەندی و زیادکردنی مووچەی مامۆستایان کە دەیان ساڵە لە مەجلیسدا ماوەتەوە و و نەتەنیا پەسەند نەبووە، بەڵکوو بایەخیشی پێ نادرێ. سێهەم؛ پەروەردە بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکاندا بۆ هەموو منداڵان بەبێ جیاوازی، کە ئەم داخوازییە لە کوردستاندا بەرچاوترە. بەڵام دوای ئەوەی کە لەم ساڵانەدا زۆربەی چالاکانی سینفیی مامۆستایان بەردەوام دەستبەسەر ئەکرێن، یەکێک لە گرینگترین داخوازییەکانی ئەم ڕۆژانەی مامۆستایان، ئازادکردنی مامۆستا دەستبەسەرکراوەکانە؛ ئەویش بەبێ هیج مەرجێک.   لەسەر سروشتی مانگرتن، ناڕەزایەتی و ڕێکخستنەکانی مامۆستایان بفەرموون. پێتان وایە چ هۆکارگەلێک ئەم ڕێکخستنانەی مامۆستایان لە ڕێکخستنە سینفییەکانی دیکەی کۆمەڵگە جیا دەکاتەوە؟ مانگرتن، خۆپیشاندان و ڕێکخستنەکانی مامۆستایان، لە سەرەتای سەرهەڵدان و دەست‌پێکردنیەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێکخستنە سینفییەکانی دیکەدا نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەک بە هۆی زانیاریی مامۆستایان سەبارەت بە یاسای پەروردە و لە هەمان‌کاتدا دروست‌بوونی شوڕای هاوئاهەنگیی سینفیی مامۆستایان و پێوەندی لەنێوان مامۆستایانی سەرانسەری ئێراندا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ناڕەزایەتی تر هێناوەتە ئاراوە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەم ناڕەزایەتییانەی مامۆستایان جیاواز نیشان دەدات، بایەخ‌نەدان بە مامۆستایانە لەلایەن ڕێژیمەوە و بەدڵنیایییەوە تاکوو گەیشتن بە ئاکام ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەش هەر بەردەوام دەبن، بەڵام ناڕەزایەتیی سینفەکانی تر لەم ئاستەدا کەمتر بەڕێوە دەچن. دەکرێت بێژم چالاکییەکانی مامۆستایان لە سێ ڕوانگەوە جیاواز و تایبەتە کە بریتین لە: یەکەم؛ مامۆستا نەتەنیا باری قورسی ژیانی خۆی لەسەر شانیەتی، بەڵکوو خەم و پەژارە و هەژاریی کومەڵگەش لە ڕێگەی قوتابییەکانییەوە بەباشی هەست پێ دەکات و ئازاری دەدات، بەتایبەت نەبوونی دادپەروەری و لاوازبوون و خراپیی سیستەمی پەروەردە، زۆرتر هانی مامۆستایان دەدات بۆ مانگرتن و مافخوازی. دووهەم؛ مامۆستایانی ئێستا هەموویان لە ئاستێکی باشدا خوێندەواری زانستگە و زانکۆکانن و زانیاریی باشیان لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە و زۆر بەباشی ئاگاداری بارودۆخی کۆمەڵگەن و هەست بە نادادپەروەرییەکان دەکەن، بۆیە ناڕەزایەتییەکانمان زۆر ئامانج و داخوازیی لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا. سێهەم؛ لەلایەن قوتابییان و بنەماڵەکانییانەوە پاڵپشتییەکی زۆر باش لە مامۆستایان دەکرێت کە ئەمە بۆ مامۆستایان هەم دڵخۆشییەکی یەکجار گرنگە و هەم هێز و وزەمان پێ دەبەخشێت بۆ بەردەوام‌بوونمان لەسەر داوا ڕەواکانمان. دەبێ ئەوەش ببینین کە بزاڤ و داخوازیی مامۆستایانی کوردستان جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ ناڕەزایەتیی مامۆستایانی ئێران هەیە.   وەک ئاماژەتان پێ کرد، داخوازیی مامۆستایانی کوردستان لە داخوازیی مامۆستایانی ئێران جیاوازترە، ئەم جیاوازییە لە چیدایە؟ مامۆستایانی کوردستان داڵغەی چییان هەیە کە ئەو جیاوازییەی دروست کردوە؟ مافخوازیی مامۆستایانی کوردستان زۆر پتەوتر لە مامۆستایانی ئێرانە کە خوێندن و پەرەوەردەکردنی منداڵانی کوردستان بە زمانی کوردی هەر لە دەسپێکی خوێندنەوە تاکوو بەرزترین ئاستەکانی خوێندن، گرنگرین و بنەڕەتیرین جیاوازیی هێناوەتە ئاراوە، ئەمەش بەڕاستی شتێکی قورس نییە و لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا خوێندن بە زمانی دایکی وەک ماف بۆ هەموو دانیشتووانی ئێران گونجێندراوە، بەڵام بە هۆی زاڵبوونی ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و تۆتالیتێر بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستان، ئەو ماددەیە تاکوو ئێستەش دوای زیاتر لە ٤٣ ساڵ جێبەجێ نەکراوە و ئێمەش وەکوو مامۆستایانی کوردستان لەسەر ئەم مافە بنەڕەتییەی منداڵان و قوتابییەکانمان پێداگرین و ئیتر بێدەنگ نابین. جیا لەوەش، بە هۆکاری ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران کوردستانی کۆلۆنیالیزە و هەموو مافە نەتەوەیییەکانمانی پێشێل کردوە و بە بیانووگەلی جۆراوجۆری بێ‌بنەما دەیان ساڵە سەدان کێشەشی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندوە، مامۆستایانیش چونکە زۆربەی ژیانمان لەگەڵ قوتابییەکانمان تێپەڕ دەکەین، خۆمان بە بەشێک لەوان دەزانین و هەموو هەوڵێکیشمان بۆ گۆڕانی ئەو بارودۆخەیە. کەواتە ئێمەی مامۆستایانی کورد بە هەستکردنی بە بەرپرسیارەتی، بۆ گۆڕانی ئەم بارودۆخە و بەتایبەت بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی ڕێژیم بە مەبەستی لانی‌کەم جێبەجێ‌کردنی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی، هەوڵی خۆمان دەدەین. جیاوازیی دیکە ئەوەیە کە لە پێکهاتنی ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستاندا، مامۆستایانی شارەزا بەشدارن کە بەباشی توانیمان ئامانجەکانی خۆمان ڕوون بکەینەوە و بەخۆشییەوە زۆربەی مامۆستایان لە مانگرتنەکاندا بەشدار بوون. من پێم وایە گرینگترین جیاوازی، بارودۆخ و کەشی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی داگیرکەرە لە کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای سنە، ڕێژیم پێی خۆشە نییە هیچ کۆبوونەوەیەک لە کوردستان بەڕێوە بچێت. کاتێک بە پەروەندەسازی بەرانبەر بە مامۆستایانی کوردستان ڕادەوەستن، ئێمەش بۆ بەرگری‌کردن لە ئامانجەکانی خۆمان، قوتابییەکانمان و منداڵانی کوردستان زۆرتر کۆبوونەی ناڕەزایەتی ڕێک دەخەین و ئەمەش بە مافی خۆمان دەزانین.   لەم ماوەیەدا کە ناڕەزایەتیی مامۆستایان سەری هەڵ داوەتەوە، وەک باسیشتان کرد ڕێژیم وەک نەریتی هەمیشەیی خۆی بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتییانەی داوە، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ڕێژیم بۆچی لە ناڕەزایەتیی مامۆستایان ئەترسێت؟ ئەگەر مێژووی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە هەموو وڵاتاندا بخوێنینەوە، ئەو ترسە شتێکی تازە نییە، بەتایبەت لە ئێراندا کە ڕێژیمێکی سەرکوتکەر و دیکتاتۆر بەسەر خەڵکدا زاڵە. ناڕەزایەتیی مامۆستایان بە واتای ناڕەزایەتیی بەشێکی گەورە لە کۆمەڵگەیە،  پێشتر باسم کرد کە ژیانی مامۆستایان لەژێر هێڵی هەژاری‌دایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە، (هەژاری عەیب نییە، بەڵام  ئەم هەژارییە بۆ ئێمە لەم ئێرانەدا بەو گشتە سامانەوە، بەڕاستی کارەساتە) ئەمە یانی چی؟ یانی ئەوەی کە یەک شەمچە بۆ هەڵکردنی ئاگر بەسە. لەم سەردمە سیاسییەی ئێراندا کە گەمارۆی لەسەرە و دەورانێکی دژوار تێپەڕ دەکات، پاڵپشتیی خەڵک زۆر بۆی گرینگە، بەڵام کاتێک دەبینێت بەشێکی زۆری ئەم خەڵکە کە مامۆستایانن و پەروەردەکردنی مێشک و بڕوای دوو - سێ نەوەی کۆمەڵگە بەدەستیانە و ناڕازین و مانگرتن و کۆبوونەوەکانیان زۆرتر بۆتەوە، هەست بە مەترسی دەکات و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتی مامۆستایان دەدات و ئەم سەرکوتانەش لەسەر مامۆستایانی کوردستان زیاتر، توندڕەوانەتر و بەرچاوترە.   وەک باستان کرد سەرکوتی مامۆستایانی کوردستان زیاتر و توندڕەوانەترە و لە ڕەوتی دەستبەرکردنی مامۆستایان، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ؛ زیاتر لە ٢٤٠ مامۆستا لە ئێراندا گیراون کە ڕێژەیەکی زۆریان کوردن و لە کوردستان بوون، هۆکاری ئەوەی کە ڕەشبگیریی مامۆستایانی کوردستان لە ئێران زیاترە، چییە؟ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ کوژاندنەوەی چرای ئەنجومەنە سینفییەکان و داخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان، مێژووی سیاسیی ڕەوای کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەییی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت و ئەمەش پێکەوە گرێ ئەدەن، لە کاتێکدا مامۆستا سیاسەتمەدار نییە و تەنیا ئەوە کە لە بواری کاری خۆیدا شارەزایە. ئێمەش داوای مافی ڕەوای خۆمان و قوتابییەکانمان دەکەین، ڕێژیم بۆ سەرکوتکردن و لەنێوبردنی بزاڤی مامۆستایانی کوردستان، سیناریۆسازی و پەروەندەسازیی بێ‌بنەما دەکات و بەم هۆکارەشەوە ڕەشبگیریی مامۆستایانی کوردستان زۆرتر و دڕندانەترە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان و بەتایبەت لە شارەکانی سنە، مەریوان، دیواندەرە و سەقز چالاکترین ئەنجومەنەکانی مامۆستایان لە ئێستای ئێرانن و ناڕەزایەتییەکانیان زۆرترە، هەرچەند لەم دوو مانگەدا زیاتر لە ٢٤٠ مامۆستا لە ئێراندا دەستبەسەر کراون، بەڵام مامۆستا دەستبەسەرکراوەکانی ئێمە لە کوردستان زۆرتر لە سەرجەم شوێنەکانی تری ئێرانە و گوشاری ڕەوانی و دەروونیی زۆریان خستووەتە سەر خۆمان و بنەماڵەکانمان، ئەمەش بۆ ترسی ڕیژیم لە خەڵکی کوردستان دەگەڕیتەوە.   لە بەیاننامەی ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستاندا ئاماژە بە سیناریۆسازی، پەروەندەسازی و سیاسەتی دۆڕاوی ڕێژیم کراوە. پێتان وایە ئەم هەوڵانە ڕێژیم توانیویەتی کاریگەریی لەسەر بێدەنگ‌کردنی مامۆستایان هەبێت؟ وەک لە پرسیاری پێشتر باسم کرد؛ بۆ بێدەنگ‌کردنی مامۆستایانی کوردستان سناریۆی زۆریان دروست کردوە، یەکێک لەو سیناریۆگەلە دیداری سینفیی مامۆستایانی مەریوان و فەرانسە بوو کە دیدارێکی یاسایی بووە و لە هەموو سینفەکاندا ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانە هەیە، بەڵام ڕێژیم چونکە لە کوردستاندا لە سێبەری خۆشی ئەترسێت، ڕەنگی سیاسی و تۆمەتی جاسووسییان لەم دیدارە داوە. سیناریۆیەکی دیکە فیلمێکی بەڵگەنامەیی بوو کە کاناڵی ڕێژیم لە نێوخۆی پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە و لەو فیلمەدا وەکوو نەریتی هەمیشەیی ڕێژیم مامۆستایانی ناڕازی بە مۆرەی بێگانە لەقەڵەم دراوە و پێوەندی دەدەن بە تێکدانی ئاسایشی بەناو نەتەوەیی ڕێژیمەوە کە لە بنەڕەتدا ئەمە تەنیا بیانوویەکە بۆ سەرکوت و بێدەنگ‌کردنی مامۆستایانی مافخواز و ناڕازی. لەکاتێکدا پێش لە سەرهەڵدانی بزاڤی مامۆستایان و وتار و  دروشمەکان، ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان ڕایانگەیاندووە کە داخوازیی ئێمە بەتەواوەتی سینفییە و تەنیا داوای مافە سەرەتایییەکانی خۆمان دەکەین، بەڵام بەداخەوە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە مامۆستا دەستبەسەرکراوەکان لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەر، داوای دانپێدانانی زۆرەملێ دەکەن کە ئەنجومەنەکانی مامۆستایان گرێ بدەن بەو شتانەی کە لە مێشکی ڕزیوی خۆیان‌دایە، بەڵام بەختەوەرانە تاکوو ئێستە نەیانتوانیوە بە ئامانجی گڵاوی خۆیان بگەن و ناتوانن مامۆستایانی کوردستان بێدەنگ بکەن.   بۆچی تاکوو ئێستە بەرپرسانی ڕێژیم لە هەر ئاست و بەرپرسیارەتییەکدا نەهاتوونەتە سەرهێڵ بۆ گوێگرتن لە داخوازیی مامۆستایان، واتە بۆچی بایەخیان بەو ناڕەزایەتییانە نەداوە؟ پرسیارەکەتان جێگەی تێڕامانە، ئەوە کە بۆچی تاکوو ئێستا بایەخ بە ناڕەزایەتیی مامۆستایان نەدراوە؟ لەم ساڵانەدا هاواری مامۆستایان زیاتر بەرز بووەتەوە، بەڵام هیچ بەرپرسێک گوێی لێ نەگرتوە، ئەمەش بە چەند هۆکار: یەکەم؛ بەداخەوە لەنێوان مامۆستایاندا چەند دەستەیی هەیە، ئەوانەی کە هێشتا لە وەزارەتی پەروەردە بە شیوەی فەرمی دانەمەزراون و نەبوونەتە مامۆستای فەرمی، لە ترسی ئەوەی کە دایاننەمەزێنن بەشدار نابن. دووهەم؛ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و جێگرەکانیان بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان کەمتر بەشدار دەبن. سێهەم؛ شارە چووکەکان چونکە کەشی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم بەسەریاندا زاڵترە، بەشدار نەبوون. چوارەم؛ لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران جگە لە شیراز و ئەلبۆرز و لە پارێزگاکانی کوردستانیش جگە لە سنە، مامۆستایان یەکگرتوو نین و کۆبوونەوەکانیان زۆر کەمە. پێنجەم؛ لە هەمووی گرینگتر، پاڵپشتی‌نەکردنی هاوکارانی بەڕیوەبەرایەتییەکانی پەروەردە و بەتایبەت وەزارەتی پەروەردەیە لە داخوازیی مامۆستایان. جگە لەمانەش تاکوو ئێستەش بۆمان ڕوون نەبووەتەوە کە بۆچی هیچ وڵاتێک و کۆمەڵگەی نێوەنەتەوەییش پاڵپشتیی مامۆستایان ناکەن! بەڵام ئێمەی مامۆستایانی کوردستان تاکوو گەیشتن بە ئامانجەکانمان بەردەوامین.   وەک ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستان چ چاوەڕوانییەکتان لە توێژ، ڕێکخراو و ناوەندە مەدەنییەکانی تری کۆمەڵگە، هەروەها حیزبە سیاسییەکان و میدیاکان هەیە؟ هەر وڵاتێک وەکوو پازڵە و هەر کەس و گرووپێک لە جێگەی خۆیدا بێت، بە دڵنیاییەوە ئەو وڵاتە زۆر بەهێزتر و پێشکەوتووترە. مامۆستا لە هەموو کاتێکدا مامۆستایە، سەرەکیترین ئەرکی مامۆستاش ئەوەیە کە قوتابیی شارەزاو و بلیمەت بۆ کۆمەڵگە و داهاتووی گەل و نیشتمان بار بهێنێت و ئەمەش کاتێک ڕوو ئەدات کە خۆی کەمترین کێشەی هەبێت و هەموو بیر و هزری بۆ کارەکەی واتە پێگەیاندنی قوتابیی وریا دابنێت. مامۆستایانی کوردستان بە هۆی نادادپەروەری و سیستەمی نەخۆشی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە، ساڵانێکە گوشارگەلێکی زۆر و بەتایبەت گوشاری ئابووری لەسەرمانە و هێزی لە ئەژنۆی زانستیی خۆمان و قوتابییەکانمانی گرتوە، بۆیە ناڕەزایەتیی خۆمانمان دەربڕیوە و لەم ڕێگەیەشدا زۆر بووینەتە قوربانی. دڵنیا بن قەت دەست لەم ئامانجە پیرۆزە بەر نادەین و نابێت جیاوازی لەنێوان وزارەتی پەروەرە و فڵان وزارەتدا هەبێت. ئێمەش کە لە ئێستادا دانیشتووی ئەم جوغرافیا سیاسییەین و بە قەوڵی فارسەکان و بەتایبەت دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەموومان ئێرانین، نابێت لەنێوان قوتابییەکی تاران و قوتابییەکی کوردستان یان بەلووچستاندا جیاوازی هەبێت و دەبێت هەموویان وەکوو یەک مافی یەکسانیان هەبێت، بەلام لە کردەوەدا جیاوازیی زۆر هەیە. نابێت کەرامەتی مامۆستا بە هۆی نەدارییەوە خەوشدار بکرێ و ڕێژیم نابێت یاری بە کەرامەتی مامۆستا بکات. بۆیە لە ڕێکخراو، ناوەند و دامەزراوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگەی خۆمان، حیزبە سیاسییەکانمان، میدیاکان و سەرجەم کۆمەڵگەی کوردستان داخوازین لەم بارودۆخە ناجێگیرەی ئێمەی مامۆستایاندا بە هەر شێواز و هەرجۆرێک کە دەتوانن پاڵپشتمان بن و ئامانجەکانی ئێمە بە ڕوونی بگەیەننە ناوەند و شوێنە پێوەدنیدارە نێونەتەوەییەکان تاکوو بتوانین ئەرکی خۆمان بە باشترین شێوە بەڕیوە ببەین و ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لەمە زیاتر کێشەمان بۆ دروست نەکات، چۆن مامۆستای کورد باشتر و دڵسۆزانەتر منداڵی کورد پەروەردە دەکات و هەموو هەوڵی خۆمان ئەخەینە گەڕ تاکوو مندالانی کوردستانمان زیرەک، وریا، هۆشیار، چاوکراوە و نەتەوەیی بار بهێنین.   مامۆستا چرۆ سەرەڕای سەرجەم کێشە و گرفتەکانتان زۆر سپاس کە کاتتان بۆ ئەم هەڤپەیڤینە دانا، لە کۆتاییدا ئەگەر شتێک ماوە بۆ گوتن یان شتێک لەبیرمان چووە باسی بکەین، بفەرموون! لە کۆتاییدا سپاستان دەکەین کە کێشە و گرفتی مامۆستایان بۆتان گرینگە و ئەم کاتەتان دانا کە باشتر ئامانجمەکانمان ڕوون بکەینەوە. دیسان جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە ئەرکی ئێمە ئەوەیە قوتابیی شارەزا، بلیمەت و نەتەوەیی پێشکەش بە داهاتووی گەل و نیشتمانەکەمان بکەین، نەوەیەک پێ بگەیەنین کە هزری هەتاو بێت و خۆی، گەل و نیشتمانەکەی بەباشی بناسێت و لە دەوروبەرەکەشی تێ بگات، دڵنیاش بن هەموو هەوڵی خۆمان بۆ ئەم ئەرکە پیرۆزە دەخەینە گەڕ و هەمووانیش دەبێ پشتیوانمان بن.