کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرنجێک لەسەر خزمەت و خەیانەتی مامۆستا و پەروەردەکاران

21:30 - 16 پووشپەڕ 2722

مامۆستا لە وشەی "مام" بۆ ڕێز و حورمەت و "وەستا" بۆ کەسی شارەزا لە پیشەی خۆیدا دەگوترێ. ئەم وشە لێکدراوەیە لەنێو کوردەکاندا بۆ کەسێکی خاوەن بڕوانامەی فەرمی لە بواری فێرکاری زانستەکانەوە بەکار دبرێت و لە زمانی فارسیدا لە هەمبەر وشەی ئاموزگار یان موعەلیم دادەنرێت، بەڵام بەرە بەرە بۆ هەر خاوەن قەڵەمێکی داهێنەر، وشەی مامۆستا گونجاوترین وشەی ڕێزلێنان و ناساندنییە لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا. فێربوون وەکوو ''فیودر داستایوفسکی'' گەورە نووسەری ڕووس دەڵێت "لە مرۆڤدا دژ بە یاسای زانستی و گشتگیری گەردوونە چونکوو مێشکی مرۆڤ کە خاڵیە دەبا مەیلی لە پڕبوون بێت بەڵام بە پێچەوانەیە"، بۆیە مامۆستا لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ لە کوێرە دێهاتێکی وڵاتێکی دواکەوتوو یان گەورەشارانی (megacity) پێشکەوتووی جیهاندا خۆی وەکوو خاوەن کارگەیەک دەزانێت کە تێیدا مرۆڤی نەزان کەرەستەی خاویەتی و ئەرکی ئەمیش بەرهەمهێنانی مرۆڤی زانایە. بەڵام فاکتەرێکی بنەڕەتی و بەرچاو تایبەتمەندییەکانی کارگەی پەروەردەی پێشکەوتوو لە کارگەی ڕاهێنانی دواکەوتوو جیا دەکاتەوە کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی دەوڵەت و مامۆستایانەوە هەیە. مامۆستایان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا لە هەڵبژاردنی کتێبی وانەی قوتابییان و شێوەی وانەوتنەوەکاندا سەربەخۆترن و دەوڵەت زۆرتر لە خەمی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی سیستەمی پەروەردەدایە، نەک ئەوەی هەوڵ بۆ دەستێوەردان لە نێوەڕۆکیاندا بدات و شێوە داڕشتنی پێکهاتەی پەروەردە، سیستەمی پەروەردەی هەر وڵاتێک پێوەر و مەرجی بنەڕەتی پێشکەوتن یان دواکەوتنی ئەو وڵاتەیە. لە ئێران سیستەمی پەروەردەی نوێ لە دامەزراندنی دارولفنون بەدەستی ئەمیرکەبیرەوە ڕێگەی فەراژ و کامڵ‌بوونی خۆی وەکوو زۆربەی دامەزراوە سیاسی و فەرهەنگییەکانی دیکەی ئێران دەست پێ کرد و سەرەڕای بەلاڕێداچوونێکی بێ‌ئەژمار هاتۆتە پێش و خاوەن مێژووی تایبەت بە خۆیەتی. هۆکاری ئەم بەلاڕێداچوونانەی کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش دەستەویەخەی سیستەمی پەروەردەیە لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانە ئامانجدارەکانی دەوڵەت و ئەمەش بۆتە هۆی ناتەبایی و بارگرژییەکی هەتاهەتایی لە هەڵسوکەوتی مامۆستایانی ئێرانی لەگەڵ سیستەمی پەروەردە و بارهێناندا. دەستێوەردانی دەسەڵاتی حاکم بە مەبەستی بارهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکدەست و گوێڕایەڵ بە کەمکردنەوەی بەستێنی خوڵقێنەرانە بۆ مامۆستایان و سەرپشک نەبوونیان لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان هەر لە ساڵەکانی دوای کوشتنی ئەمیرکەبیرەوە دەستی پێ کرد و بەردەوام لە سەردەمی پێکهێنانی هەر کابینەیەکی وەزیراندا هۆکاری سەرنەکەوتنی کابینەی پێشتر لە چاوی سیستەمی پەروەردە و هەڵبژاردنی مامۆستایاندا بینراوە. بۆ وێنە لە ڕەزبەری ١٣٢٦ی هەتاوی بۆ یەکەم‌جار وانەی ڕێنوێنییە ئایینییەکان لە بەرنامەی دەرسی قۆناغی دواناوەندی و بە شێوەی زۆرەملی پەسەند کرا و زانستی شەرع لە قۆناغی ناوەندی قوتابخانەکانی ئێراندا گونجێندرا، ئەم دەستێوەردانە پێوەندی بە گۆڕانی ڕێژێمەوە نەبووە و بەردەوام هاتۆتە پێش و لە قۆناغە جوراوجۆرەکاندا تەنها نێوی ئەم دەستێوەردانانە گۆڕاوە. بۆ وێنە لە ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیدا بە ئینقلابی فەرهەنگی ١ ،٢ ، ٣و... ناسراوە. ئەگەر باس لە جیاوازییەکانی سیستەمەی وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ وێنە فەنلاند و ژاپون کە زۆرتر سیستەمێکی دیاردەتەوەرە لەگەڵ سیستەمی پەروەردەی ئێستا و ڕابردووی ئێراندا بکرێ باس لە جیاوازیی ئاسمان و زەوییە و دڵساردییەکی لێ دەکەوێتەوە کە تەنانەت مرۆڤی ڕووناکبیری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەخاتە وەهمێکی بێ‌ئەنجامەوە هەربۆیە هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەیەکی خەسارناسانە لە سەر کێشە و گرفتی پێکهاتەی پەروەردە و ئەرکی مامۆستایان دەدەین بۆ باشتر ناسینی هۆکارەکانی ئەو بارگرژیی و ناتەباییەی لە نێوان مامۆستا و سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا هاتۆتە پێش. گەورەترین جیاوازی لەنێوان تایبەتمەندییەکانی بۆ وێنە بزووتنەوەی توێژی مامۆستایان و توێژی خوێندکاران و ڕووناکبیران، مووچەخۆرکردن و بەستنەوەیانە لە هەستیارترین خاڵەوە بە دەوڵەت و هەروەها پەڕاندنەوەیان لە سووزمە و فیلتێری "گوزینش" بە مەبەستی سڕینەوەی ڕەنگاوڕەنگ بوونی کەسایەتییەکان و وەدەست‌هێنانی توێژێکی یەکڕەنگ بۆ پەروەردەی کۆمەڵگەیەکی یەکدەست و لەژێر کۆنترۆڵدا. هەربۆیە چاوەڕوانی لەم توێژە بۆ پێشەنگایەتیی بزووتنەوەکانی کۆمەڵگە کە ملیان بۆ ڕێفورمێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ڕێژێمدا ناوە چاوەڕوانییەکی دوور لە مەنتیقە. لە کۆمەڵگەی مامۆستایانی ئێران لە سەدساڵی ڕابردووە تا ئێستا کەم نین ئەو مامۆستا شۆڕشگێڕانەی لە پەتی سێدارە نەترسان و‌ زیندان‌بەزێن بوون، بەڵام هەموویان لە دەرەوەی ڕیکخراوە سینفی و سەندیکاییەکانی مامۆستایانەوە و لە بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیەکی گەورەتردا خۆیان گونجاندوە. بۆ ئاسانتر وێناکردنی ڕەوتی بزووتنەوەی مامۆستایان لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران و لێکدانەوەی ڕۆڵی نگەتیڤ و هاوکات ناڕاستەوخۆی دەوڵەت لەسەر بزووتنەوەی مامۆستایان ئاماژە بە سێریاڵی "هەیولا" لە بەرهەمەکانی میهران مودیری دەرهێنەری تارانی دەکەین کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر گرفتێکی سەرەکی لە کێشەی بە ئەنجام‌نەگەیشتنی چالاکیی سینفی و سەندیکایی مامۆستایان، ئەوەش ڕخنە و دزەکردنی باندە مافیاییەکانی سەر بە دەوڵەتە لە نێو  مامۆستایان و هێشتنەوەی بزووتنەوەکانی ئەم توێژەی کۆمەڵگەی فەرهەنگیی ئێرانە لە بازنەیەکی بێ‌کۆتایی و بێ‌دەرەتان لە شکست و بە ئەنجام نەگەیشتن. هەروەها ناهومێدکردنیانە لە پێکهێنانی بەرەیەکی سەربەخۆ بۆ گەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانی مامۆستایانی سەرانسەری وڵات، ئامانجێکی دیکەی ئەم باندە مافیایە سووکایەتی‌کردنە بە داخوازییە سینفی و سەندیکاییەکانی مامۆستایان و هێنانە خوارەوەی ئاستی ئەم داخوازییانەیە بۆ داواکاری لەمەڕ ئامرازەکانی ژیانێکی دوور لە کێشەی ماڵی (هەرچەند داخوازییەکانی دابین‌کردنی بژیوی ژیان مافی سەرەکی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە لە هەمبەر ئەو ئیش و کارەی لە ئەستۆی گرتوە). لە وڵاتانی دیکتاتۆر و دوگماتیزمدا توێژی مامۆستایان و بەگشتی فەرمانبەرانی ئەو کۆمەڵگەیە هەموو داخوازییەکانی خۆیان بە ڕێفورمێکی جیاوازەوە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی تایبەت بە کۆمەڵگەی ئەو فەرمانبەرانە ئاشکرا دەکەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ بەهێزکردنەوەی ڕێکخراوەکەیانە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی بتوانن دەنگیان بگاتە گوێی بەرپرسانی دەسەڵات. بەداخەوە ئەو هێزە و ئەو ماتەوزەی کە دەبا بۆ خوڵقاندنی ڕێکارە تازەکانی پەروەردە لە دنیای ململانێی ئەمڕۆدا بەکار ببرێت لە ڕێکخستنی ئەو ڕێکخراوە و بەگشتی بزووتنەوانەی بەفیرۆ دەچێت کە لە وڵاتانی دێموکراتدا بە کەمترین تێچووی وزەی ماڵی و ئینسانییەوە لە ئارادایە. مامۆستایانی ئێران زیاتر لە یەک سەدەیە کێشەی سەربەخۆیی تاکەکەسییان لە پەروەردەی قوتابیاندا لەلا بۆتە خەون و خولیا هەر بۆیە ئاساییترین وێنایەک مامۆستا لە خۆی دروستی دەکات لە نێوکۆمەڵگەدا، سیمای کەسایەتییەکی تووتی‌ئاسایە بۆ دووپاتکردنەوەی بیروبۆچوونە داڕێژراوەکان، هەر ئەم وێناکردنەش وای کردوە مامۆستایان زۆرتر لە کێبەرکێی داڕشتنی شێوەی وانەگوتنەوەکاندا بن لەنێو خۆیاندا، بەڵام بارگرژییەکانی پەروەردە و پەروەردەکاران لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوودا لە گەڵ ساڵەکانی دەیەی٩٠ی هەتاوی بەراورد ناکەێن، چونکە لە پاش تەقینەوەی تەکنۆلۆژیای ڕاگەیەنە گشتییەکان مەودای نێوان نێوەڕۆکی کتێبەکان و شێوەی وانەوتنەوەکان لەگەڵ دونیای دەرەوەی دیواری قوتابخانەکانی ئێران سەری لە هەوران سوا، ئەمەش نەتەنیا باری ئاڵۆزییەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی مامۆستا و وانەکاندا قورستر کرد بەڵکوو هەڵسوکەوتی قوتابیان وەکوو دیاردەیەکی نوێ سەربار بوو لە نیزامی پەروەردەی قوتابخانەکانی ئێراندا. لەلای پەروەردەکارانی ئێرانی ئەرکی پەروەردە بە ئەرک و خزمەتی ئەنبیا وێنا کراوە، بەڵام مامۆستایان لە مێژووی پەروەردەی ئێراندا هیچکات ئەوەندە هەستیان بە بۆشایی و ناوبەتاڵی لە خزمەتکردندا نەکردوە کە دۆخەکە وای لێ بێت لە خۆپێشاندانە سینفییەکاندا لە زمانی خودی مامۆستایانەوە دەیان جار بژنەوین خزمەتی خۆیان بە خەیانەت بشۆپهێنن. ئەم ڕق و ئەم شوپهاندنانە گوزارشت لە داخوازی‌گەلێکی لە سەرووی خواستە سینفییەکانەوە دەکات، چونکوو ڕاستەوخۆ نیزامی فێرکاری و نێوەڕۆکی پەروەردەی ئێران دەداتە بەر پلار و خوازیاری گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانە لە سیستەمی ڕاهێناندا. مامۆستایانی ئێران لەژێر گوشار و سەرکوتی ڕێژێمێکی دیکتاتۆر و بنەماخوازدا ناچار بە هەڵگرتنی لافیتەی نووسراو بە دروشمی داخوازییە سینفییەکانن، بەڵام نێوەڕۆکی خۆپێشاندانەکان باس لە هەڵوێستێکی جیددیتر دەکات بۆ بەرگری لە تەفروتووناکردنی کەسایەتیی مامۆستا لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا، کەسایەتییەک کە پێوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ پەروەردە و ڕاهێنانی قوتابیاندا. بەڵام لە ئێرانی چەند نەتەوەییدا و بە تایبەتمەندییە فەرهەنگییە جیاوازەکانی ئەم نەتەوانەوە، باس لە مامۆستایەتی و پەروەردەی مندڵان ناتەباییەک لە دابەشکردنی ئەرکی پەروەردەکاران لە جوغرافیای مرۆیی نەتەوەکان و لە ئەنجامدا زمانی پەروەردە و ڕاهێناندا دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ئامرازی فێرکاریی و مافی ڕاهێنان بە زمانی زگماکی قوتابیانەوە هەیە، لە ئێرانی چەندنەتەوەییدا سیستمێکی پەروەردە و بارهێنان ئەگەر چەمکی زمان بە هەند وەرنەگرێت دووبەرەکییەکان هەر لە بنەڕەتەوە درز و کەلێنی هەتاهەتاییان تێ‌دەکەوێت و بزووتنەوەی مامۆستایان وەکوو زۆربەی بزووتنەوەکانی مێژووی سەدەی بیستەمی ئێران لە پاڵپشتی هەمەڕەنگی خۆی دوور دەکەوێتەوە و پەیڕەوی لە ئامانجی یەکدەست‌خوازی و یەکڕەنگ‌خوازانەی دەسەڵاتەوە دەکات. هۆکاری بەشداری هەمەلایەنە و بەرچاوی مامۆستایانی کورد لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی مامۆستایان لە ئێران خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستای کورد هەست بە بۆشایی و بەتاڵاییەکی زیاتر دەکا لە کەسایەتیی خۆیدا، بۆ نموونە بە هۆی خۆبواردن لە پەروەردە کردن و ڕاهێنانی منداڵانی کورد بەزمانی زگماکیی خۆیان کە مافێکی بنەڕەتی و ئینسانی هەر منداڵێکە لە جیهانی ئەمڕۆدا.